رووداو دیجیتاڵ
کەشناسیی پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان هۆشداری دەداتە هاونیشتمانییان کە نزیک رووبار و رێڕەوە ئاوییەکان نەبنەوە و دەشڵێت، پێشبینی دەکرێت شەپۆلێکی بارانبارین بەشێکی پارێزگاکە بگرێتەوە و ئەگەری دروستبوونی لافاو بەهێزە.
مەهدی سابری، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسیی پارێزگای ورمێ رایگەیاند، ئەگەر هەیە شەپۆلێکی بەهێزی بارانبارین بەشێکی پارێزگاکە بگرێتەوە؛ "بۆیە داوا لە هاووڵاتییان دەکەین لە رووبار و رێڕەوە ئاوییەکان دوور بکەونەوە".
بەڕێوەبەری کەشناسیی ورمێ گوتی، "لە شەوی هەینییەوە بایەکی بەهێز سەرتاسەری پارێزگای ئورمییەی گرتووەتەوە و لە زۆربەی ناوچەکان هەور ئاسمانی داپۆشیوە و لە هەندێک ناوچەش باران و هەورەبرووسکە دەستیپێکردووە".
مەهدی سابری دەڵێت، چاوەڕوان دەکرێت "شەپۆلەکە تاوەکو ئێوارەی رۆژی یەکشەممە بخایێنێت و گەرما لە 40 پلەی سیلیزییەوە بۆ خوار 20 پلەی سیلیزی دابەزێت و لە ناوچە شاخاوییەکانیش تا 12 پلەی سیلیزی دابەزێت".
پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان هەڵکەوتەیەکی شاخاوی هەیە و ساڵانە بڕی بارانبارین لەو پارێزگایە لە نێوان 350 ملیم بۆ 450 ملیمدایە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ