عەلی تەتەر: سەرۆک بارزانی سەردانی هەموو قەزاکانی پارێزگای دهۆک دەکات

19-08-2023
نیشانەکردن سەرۆک بارزانی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆک مەسعود بارزانی، ئێوارەی ئەمڕۆ لە هۆڵی کۆنفرانسەکانی دهۆک، لەگەڵ ئەندام و کادرانی پارتی دیموکراتی کوردستان لەو پارێزگایە کۆبووەوە، پارێزگاری دهۆک دەڵێت؛ ئەوە تاکە کۆبوونەوەی سەرۆک بارزانی بوو لەگەڵ کادرانی پارتی و، لە هەموو قەزاکانی دهۆک لەگەڵ هەموو چین و توێژەکاندا کۆدەبێتەوە و لە نزیکەوە گوێ لە گلەیی و داواکارییەکانیان دەگرێت.
 
رۆژی شەممە 19ـی ئابی 2023 سەرۆک مەسعود بارزانی، دوای دیدارەکەی لەگەڵ خەڵکی ئامێدی، لە هۆڵی کۆنفرانسەکانی دهۆک، لەگەڵ کادرەکانی پارتی کۆبوونەوەیەکی دوو کاژێر و نیویی ئەنجامدا و ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی ئەو حیزبەش دەڵێت، سەرۆک بارزانی لە سەرجەم قەزاکانی پارێزگای دهۆک لەگەڵ خەڵک کۆدەبێتەوە و گوێ لە داخوازییەکانیان دەگرێت.
 
ئامینە زکری، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان بە حەیدەر دۆسکی، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە دهۆکی راگەیاند "کۆبوونەوەکانی سەرۆک بارزانی هەمەلایەنەیە و لە هەموو قەزاکانی پارێزگای دهۆک ئەو کۆبوونەوانە ئەنجامدەدات، ئامانجیش گوێگرتنە لە هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگە، کۆبوونەوەکەی دهۆکیش تایبەت بوو بە کادر و ئەندامانی پارتی بۆ ئەوەی هەڵسەنگاندنی دۆخی خۆمان بکەین."
 
ئامینە زکری دەڵێت "سەرۆک بارزانی لە کۆنگرەی 14ـەدا کەناڵێکی راستەوخۆی بۆ وەرگرتنی سکاڵا و ناڕەزایەتییەکان دامەزراند کە دەستەی چاودێری و بەدواداچوونە و من بەرپرسی ئەو دەستەیەم، کەناڵەکە بۆ ئەوەیە هەر کادرێکی پارتی یان هەر هاووڵاتییەک گلەیی لە بەرپرسێکی پارتی هەبێت، گلەییەکانی وەربگرێت."
 
لەبارەی کۆبوونەوەکەی سەرۆک بارزانی لەگەڵ کادرانی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی پارتی گوتی "کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ لەسەر ئاستی رێکخستنەکان بوو و پرسێکی ناوخۆیی پارتی بوو، بەڵام کۆبوونەوە جەماوەرییەکانی دیکەی سەرۆک بارزانی بۆ وەرگرتنی راو پێشنیازی خەڵک بوو و خۆشبەختانە ئەوەی بینیمان، لە هیچ کامیاندا خەڵک داواکاریی تایبەتیان پێشکێش نەکرد، هەموو داواکارییەکان گشتی و بۆ ناوچەکانیان بوون."

 

 
هاوکات، عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک بە رووداوی راگەیاند "خەڵک دەنگی داوە بە پارتی و پارتیش حکومەتی پێکهێناوە، بۆیە مافی خۆیانە گلەیی و گازندەکانیان بگەیەننە مەرجەع کە سەرۆک مەسعود بارزانییە، لەبەرئەوەش سەرۆک بارزانی لە نزیکەوە گوێی لە گلەیی و پێشنیاز و پرسیارەکانی خەڵک گرت."
 
لەبارەی کۆبوونەوە لەگەڵ کادرانی پارتیش عەلی تەتەر گوتی، "دوای تێپەڕبوونی چەند مانگێک لە بەستنی کۆنگرەی 14، سەرۆک بارزانی دەیەوێت بزانێت چ گۆڕانکاری و بەرەوپێشچوونێک لەنێو ریزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستاندا روویداوە، ئەوە تەنیا کۆبوونەوەی سەرۆک بارزانی بوو لەگەڵ کادران و سەرجەم کۆبوونەوەکانی دیکەی لەگەڵ جەماوەر و چین و توێژەکانی ناوچەکە بووە و، بڕیاریشە لە ئاکرێ و سێمێل و دهۆکیش لەگەڵ خەڵک کۆببێتەوە و لە نزیکەوە و راستەوخۆ گوێ لە بۆچوونەکانیان بگرێت."

 

 
پارێزگاری دهۆک دەڵێت، "لە کۆبوونەوەکاندا رەخنە گیرا و خەڵک مافی خۆشیانە رەخنە لە حکومەت و خزمەتگوزارییەکانی بگرن، بەڵام من یەک داوام لە خەڵکی خۆمان هەیە، ئەو خزمەتانەی کراون، با ئەوانیش باس بکرێن و رەخنەش لەوانە بگرن کە هێشتا نەکراون."
 
بەر لە کۆبوونەوەکەی سەرۆک بارزانی لەگەڵ کادرانی پارتی لە دهۆک، پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ لە ئامێدی دیدارێکی لەگەڵ خەڵکی ئەو قەزایە ئەنجامدا و بەرەڤان حەمدی، بەرپرسی لقی 18ـی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئامێدی، لەبارەی دیدارەکە بە رووداوی راگەیاند "سەرۆک بارزانی لە دیدارەکەدا زیاتر لەوەی کە قسە بکات، گوێبیستی داخوازییەکانی خەڵک بوو."
 
کۆبوونەوەکانی سەرۆک مەسعود بارزانی لەگەڵ هاووڵاتییانی پارێزگای دهۆک، دوێنێ هەینی لە قەزای ئاکرێ-وە دەستیپێکرد و لە هۆڵی کۆنفرانسەکانی ئاکرێ لەگەڵ چین و توێژەکانی سنووری هەردوو قەزای ئاکرێ و بەردەڕەش کۆبووەوە و لە نزیکەوە گوێی لە داخوازییەکانیان گرت.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی کەنەکە

کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان: دەبێت زمانی کوردی لە دەستووری سووریادا جێگیر بکرێت

لیژنەی زمان، کولتوور و پەروەردەی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (KNK) بە بۆنەی رۆژی جیهانیی زمانی دایک کە هاوکاتە لەگەڵ 21ـی شوبات، راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا دەڵێ، پاراستنی زمانی کوردی بە هەموو زاراوەکانییەوە تەنیا پرسێکی ئەکادیمی نییە، بەڵکو پرسێکی نیشتمانی و مان و نەمانە