رووداو دیجیتاڵ
سوپای پاسداران لە لوڕستان رایگەیاند، بەهۆی یاریکردن بە چەکێکی نەتەقیوی کاتی جەنگە 12 رۆژییەکەیان لەگەڵ ئیسرائیل، منداڵێک گیانی لەدەستداوە و 7ی دیکەش برینداربوون.
ئەمڕۆ سێشەممە 19ی ئابی 2025، بەشی پەیوەندییەکانی سوپای پاسداران لە پارێزگای لوڕستانی رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، "لە کاتی یاریکردنی 8 منداڵی خەڵکی گوندی رازباشی نزیک بەیرانشاری لوڕستان بە پاشماوەی جەنگ، تەقینەوەیەک روویدا و ئەو منداڵانە بریندار بوون."
بەگوێرەی سوپای پاسداران، دواتر یەکێک لە منداڵەکان بەناوی ئەمیر عەلی فەلاح بەهۆی تەقینەوەکەوە گیانی لەدەستدا.
سوپای پاسداران ئاماژەی بەوەش کرد، "7 منداڵی دیکە بە ناوەکانی سەعید ئاریا مێهر، ئاوینا فەلاح، سەنا فەلاح، عمادڕەزا فەلاح، فادیا فەلاح، حوسێن ئەسل مەرز و محەممەدپارسا روک برینداربوون و بۆ نەخۆشخانە گوێزرانەوە."
13ی حوزەیران، ئیسرائیل هێرشی کردە سەر پێگە سەربازی و بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران. هەمان رۆژ ئێرانیش بە مووشەک و درۆن وەڵامی ئیسرائیلی دایەوە.
22ی حوزەیران، ئەمریکا چووە نێو جەنگەکە و هەرسێ دامەزراوەی ئەتۆمیی فۆردۆ، نەتەنز و ئیسفەهانی بۆردوومان کرد و سێ رۆژ دواتر سەرۆکی ئەمریکا ئاگربەستی راگەیاند.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ