رووداو دیجیتاڵ
کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم و ئەپلیکەیشنی ستارزپلەی هاوبەشیی نێوانیان راگەیاند، بەوەش بەکارهێنەرانی کۆڕەک تیلیکۆم دەتوانن بێبەرامبەر لە کەناڵەکانی ئەپلیکەیشنەکە بەشداربن.
ستارزپلەی "گەورەترین خزمەتگوزاریی بەشداربوونی ڤیدیۆیی داواکراوە." سەرەتای ئەم مانگە، کۆڕەک تیلیکۆم هاوبەشیکردنەکەی لەگەڵ ئەپلیکەیشنی ستارزپلەی راگەیاند. کۆڕەک دەڵێت، "وەک بەشێک لە هاوبەشیکردنەکە، بەکارهێنەرانی هێڵەکە ئێستا دەتوانن چێژ وەربگرن لە پرۆگرامە هەمەجۆرەکانی ستارزپلەی لە هەر کات و شوێنێک بێت و لەسەر هەر ئامێرێک بێت."
ئەو بەکارهێنەرانەی کۆڕەک تیلیکۆم کە هێڵی پۆستپەیدی پرستیج بەکاردەهێنن، دەتوانن بەشداربوونێکی بێبەرامبەر لە ستارزپلەی وەربگرن لەگەڵ دەرفەتی بینینی کەناڵەکانی پێگەکە کە بریتین لە Discovery+ و BluTV. کەناڵی BluTV چەندین پرۆگرامی "بەرفراوانی سەرنجڕاکێش" پێشکێش دەکات کە تایبەتە بە هەوادارانی بەسەربردنی کاتێکی خۆش و ئەو چیرۆکانەن لە سەرنجی خێزان رادەکێشن. لەگەڵ Discovery+یش، دەتوانن دراما بەنێوبانگە تورکییەکان سەیر بکەن.
مازن سیروان بارزانی، بەڕێوەبەری پەیوەندی و بەدیجیتاڵکردن لە کۆڕەک تیلیکۆم ئاماژە بەوە دەکات، "رەزامەندیی بەکارهێنەران ئامانجی سەرەکیی کۆڕەک تیلیکۆمە کە لە قوڵایی دڵمانەوە سەرچاوەی گرتووە، بۆیە هەمیشە لە گەڕانداین بەدوای رێگەی نوێ تاوەکو ئەزموونی بەکارهێنەرانمان باشتر بکەین. ئێمە بەپەرۆشین تاوەکو هاوئاهەنگی بکەین لەگەڵ پێگەی سەیرکردنی پێشەنگی ناوچەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باکووری ئەفریقا بۆ ئەوەی سوودی زیاتر ببەخشین بە بەکارهێنەرانمان. خەڵک تینووی هەڵبژاردەی زیاترن بۆ بەسەربردنی کاتێکی خۆش، ئێمەش خۆشحاڵین بە هێنانی ستارزپلەی کە پرۆگرامی سەرسامکەری بەرفراوان لەخۆ دەگرێت بۆ بەکارهێنەرانمان."
ستارزپلەی هاوبەشیکردنێکی ستراتیژی هەیە کە لە 21 کۆمپانیای بواری پەیوەندی لەوانە، گرووپی ئیتیساڵات، ئێس تی سی، مۆبایلی، گرووپی ئۆرانج، گرووپی ڤیڤا، گرووپی ئۆریدۆ، مارۆک تیلیکۆم، زەین و کۆمەڵێکی دیکە کە خزمەتگوزاریی مۆبایلی پریپەید و پۆستپەید پێشکەش بە بە بەشداربووانیان دەکەن.
راغیدە ئەبو فازڵ، جێگری سەرۆکی کڕین و گەشەپێدانی بازرگانی لە ستارزپلەی، سەبارەت بەو هاوئاهەنگییە رایگەیاندووە، "بەهێزکردنی ژمارەی هاوئاهەنگییەکانمان لەگەڵ کۆمپانیاکانی گەیاندن تیشکۆیەکی بەهێزبووە بۆ ئێمە هەر لە سەرەتاوە. ئێمە دەمانەوێت چێژ وەرگرن لە بەرهەمەکانمان ئاسان بکەین بۆ بەشداربووانمان لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و هاوکاریکردن لەگەڵ هێڵی گەیاندنی ناوخۆیی دەرفەتێکی مەزنمان پێدەدات کە بگەین بە خەڵکانێکی نوێ لە کاتێک دا کۆمەڵێک فیلم و زنجیرەی ناوازەیان پێشکەش دەکەین. بەپەرۆشین کە لەگەڵ کۆڕەک تیلیکۆم کار بکەین و دڵنیاین کە ئەم پاکێجە نوێیە بەرز رادەگیرێت لەلایەن بەکارهێنەرانیانەوە."
ستارزپلەی ئەمڕۆ "پێگەیەکی پلە یەکە" لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باکووری ئەفریقا. خزمەنگوزارییەکانی لە 20 وڵات بەردەستن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ