رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای بەرژەوەندییەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەبارەی رووداوی تەقینەوەکەی سلێمانی و گیانلەدەستدانی 15 کەس و برینداربوونی 12 کەسی دیکە دەڵێت، "بەم کارەساتەکە جەرگبڕ و گەورەیە، لە دڵەوە خەمبار و نیگەرانین." بە کەسوکارەکەشی گوت، "خۆمان بە بەشێک لە ئێوە دەزانین و هەڵگری ئەم خەمە قووڵەین."
شەوی پێنجشەممەی رابردوو، 17-11-2022، تەقینەوەیەکی بەهێز لە ماڵێکدا لە گەڕەکی کازیوەی شاری سلێمانی روویدا، بەرگریی شارستانی سلێمانی رایگەیاند، بەهۆی لێچوونی غازەوە تەقینەوەکە روویداوە و بەهۆیەوە 15 هاونیشتمانی گیانیان لەدەستدا و 12 هاونیشتمانیی دیکەیش بریندار بوون کە زۆرینەی قوربانییەکان ژن و منداڵ بوون.
کۆسرەت رەسووڵ عەلی، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای بەرژەوەندییەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەوبارەوە لە راگەیێندراوێکدا کە ئاراستەی بنەماڵەی بابەشێخی سیرێ -ی کردووە رایگەیاند، "بەداخێکی زۆرەوە هەواڵی ئەم کارەساتە دڵتەزێن و جەرگبڕەی گەڕەکی کازیوەی شاری سلێمانیم بیست، کە تێیدا 15 ھاووڵاتی بوونە قوربانی و ژمارەیەکیش بریندار بوون، دڵگران و خەمبارم، هاوبەشی خەمتانم."
سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی کەسوکاری قوربانییەکان و بەرپرسانی حکومی و حیزبی، تەرمی 14 کەس لەوانەی کە لە تەقینەوەکەدا گیانیان لەدەستدا، بە 14 ئامبوڵانس لە دادپزیشکیی سلێمانییەوە بەرەو مزگەوتی بابەشێخی سیرێ بەڕێکران و دوای نوێژکردن لەسەر تەرمەکانیان، لە گۆڕستانی کەڵەکنی سلێمانی بە خاک سپێردران.
لە بەشێکی راگەیێندراوەکەیدا، کۆسرەت رەسووڵ وێڕای دەربڕینی "هاوخەمیی قوڵی" خۆی، بە کەسوکاری قوربانییەکانیش دەڵێت، "بە هەموو شێوەیەک پاڵپشتی و پشتیوانی خۆمتان بۆ دووپات دەکەمەوە و هەرچی پێویست بێت لە چارەسەرکردنی بریندارەکان و کەمکردنەوەی ئەو ئازارە قووڵەمان ئامادەین و خۆمان بە بەشێک لەئێوە دەزانین و هەڵگری ئەم خەمە قووڵەین."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ