رووداو دیجیتاڵ
دادگەى باڵاى فیدراڵیى عێراق بڕیاریدا دانیشتنی تایبەت بە سکاڵاى دژ بە یاسای هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان دوابخات. بەرپرسی هۆبەى یاسایی پەرلەمانى کوردستان دەڵێت، کۆمیسیۆنى هەڵبژاردنەکانی عێراق وەک لایەنی سێیەم خراوەتە نێو دۆسیەکە و دوو پرسیارى ئاراستەکراوە تایبەت بە لیستى تۆمارى دەنگدەران و بازنەکانی هەڵبژاردن.
بەگوێرەى خشتەى کۆبوونەوەکانى دادگەى باڵاى فیدراڵیى عێراق، دەبووایە ئەمڕۆ یەکشەمە 19ـى تشرینى دووەمى 2023 دادگەکە بڕیار لەبارەى ئەو سکاڵایەوە بدات کە دژى چەند مادەیەکى یاساى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان تۆمارکراوە، بەڵام بڕیاردانى لەسەر ئەو سکاڵایە دواخست.
شەرمین خدر بەهجەت، بەرپرسى هۆبەى یاسایی پەرلەمانى کوردستان ئەمڕۆ یەکشەممە، 19-11-2023، بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، "دەبوو ئەمڕۆ دادگەى باڵاى فیدراڵیى عێراق بڕیار لەبارەى ئەو سکاڵایە بدات کە دژى یاساى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان تۆمارکراوە، بەڵام بڕیاریدا لایەنى سێیەم بخاتە نێو دۆسیەکە."
سکاڵاکە لەلایەن زیاد جەبار، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان و ئامانج شەمعوون، ئەندامى کریستیانەکان لە ئەنجوومەنى پارێزگاى سلێمانى تۆمارکراون. دادگەکە هەردوو سکاڵاى لەسەر هەمان بابەت یەکخستووە و کردوویەتییە یەک سکاڵا.
سکاڵاکارەکان تانەیان لە پێنج مادەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان داوە کە تایبەتن بە ژمارەى کورسییەکانی پەرلەمان، بازنەی هەڵبژاردن و کورسی کۆتاکان لە پەرلەمانى کوردستان.
بەرپرسی هۆبەى یاسایی پەرلەمانى کوردستان رایگەیاند، نوێنەرى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانی عێراق لە کۆبوونەوەکەدا ئامادە بوو و دادگە دوو پرسیارى ئاراستە کرد و داوایکرد 3ـى کانوونى یەکەم وەڵامى بداتەوە کە تایبەت بوون بەوەى کۆمیسیۆن بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان پشت بە چ لیستێکى تۆمارى دەنگدەران دەبەستێت و ئایا دەکرێت هەرێمى کوردستان بکرێت بە چەند ناوچەیەکی هەڵبژاردن؟
پێش هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان لە ساڵى 2005، یەک هەڵبژاردن کرا کە ساڵى 1992 بوو. لە ساڵى 2004 یاساکە هەموار کرا و مادەى 9ـی لادرا کە باسی لەوە دەکرد، "هەرێمى کوردستان لە چەند ناوچەیەکى هەڵبژاردن پێکدێت بە مەرجێک لە چوار ناوچە تێنەپەڕێت" و کرایە یەک بازنەى هەڵبژاردن. ئەو مادەیە یەکێکە لەو مادانەی تانەیان لێدراوە.
بڕیارە لە 25ـى شوباتى 2024 هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان بکرێت کە لەلایەن کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراقەوە سەرپەرشتی دەکرێت.
ئەو پێنج مادەیەی تانەیان لێدراوە:
مادەی یەکەم: پەرلەمانی کوردستان - عێراق لە 111 ئەندام پێکدێت.
مادەی نۆیەم: هەرێمی کوردستانی عێراق بە یەک ناوچەی دەنگدان دادەنرێت.
مادەی 15: بۆ هەرێمی کوردستان، تۆمار بەناوی دەنگدەران بۆ دەنگدان، بەپێی سەنتەرەکانی هەڵبژاردن ئامادە دەکرێن بەپێی ریزبەندیی پیتە ئەبجەدییەکان.
مادەی 22: هەر کیانێکی سیاسی لە هەرێمی کوردستان مافی هەیە لیستێکی تایبەت بە بەربژێرەکانی خۆی لەسەر ئاستی کوردستانی عێراق پێشکێش بکات، کە رێژەیەک ئافرەتی تێدابێت لە 30% کەمتر نەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ