لەکاتی لافاودا چۆن خۆمان بپارێزین؟

19-11-2023
سۆران حوسێن
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەگوێرەی "هۆشداری"یەکانی کەشناسیی هەرێمی کوردستان و پێشبینیی کەشناسان، لەدوای نیوەڕۆی ئەمڕۆوە شەپۆلێکی بارانبارین هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و تاوەکو سبەی بە بەهێزی بەردەوام دەبێت، لە چەندین شاریش مەترسیی دروستبوونی لافاو هەیە. لایەنە پەیوەندیدارەکانیش رێنوێنیی هاونیشتمانییان دەکەن بۆ دوورکەوتنەوە لە مەترسییەکانی لافاو.
 
کاروان میراودەلی، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر ئەمڕۆ یەکشەممە 19-11-2023 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ئەوان لە ئامادەباشیدان بۆ رووبەڕوونەوەی مەترسییەکانی لافاو. گوتیشی، "پێش دروستبوونی لافاو و کاتی لافاو، گرنگە هاونیشتمانییان هۆشیار بن و رێنوێنییەکان جێبەجێ بکەن. ئەگەر هۆشداریی لافاوێکی خێرا درا، گرنگە دەستبەجێ سەربکەون بۆ شوێنی سەلامەت و بەرز."
 
هۆشیاری و رێنوێنیی بەرگریی شارستانی بۆ هاونیشتمانییان لەکاتی لافاودا:
 
- لافاوی خێرا ئاستی ئاوەکەی زوو بەرز دەبێتەوە؛ چاوەڕێ مەکە تاوەکو ئاو بەرز دەبێتەوە.
- لە ناوچە نزمەکان دوور بکەونەوە.
- دەبێت شۆفێران بە رێگەی لافاودا شۆفێری نەکەن.
- مادە مەترسیدارەکان (وەک بۆیاخ، رۆن، قڕکەر و پێداویستی پاککردنەوە) بگوازنەوە بۆ شوێنی بەرزتر.
- ئامێرە کارەباییەکان لەکارەبا بکەنەوە. 
- ئەگەر تەڕ بوویت یان لەنێو ئاودا وەستایت، دەست لە هیچ کەرەستەیەکی بارگاوی و کارەبایی مەدە.
- ناچار نەبوون شۆفێری مەکەن.
- ئۆتۆمبێلەکە وەستا، وازی لێ بهێنە. ژیانی خۆت گرنگترە.
- دوور بکەونەوە لەو شوێنانەی کە پێشتر لافاویان تێدا دروستبووە.
- دوور بکەونەوە لە هێڵەکانی کارەبا، وایەری کارەبا و کێبڵە بارگاوییەکان.
- هەرگیز هەوڵ مەدەن بەنێو ئاوی کۆبووەوەدا بڕۆن یان مەلە بکەن؛ لەبەر ئەوە مەترسی زۆری تێدایە.
- ئەگەر ئاوی کۆبووەوە لە سەرووی پاژنەی پێیەکانتەوەیە بووەستە و رێگەیەکی دیکە بگرەبەر.
- رێگە نەدەن منداڵان لە ئاوی کۆبووەوە و مەنهۆڵەکان نزیک بکەونەوە.
- ئەگەر خانوو یان باڵەخانەیەک لافاوی بەرکەوت پێش چوونە ژوورەوە پشکنین بکەن بۆ سەلامەتی خۆتان.
 
رێنوێنییەکانی خۆپاراستن لەکاتێکدان، بەگوێرەی راگەیێندراوی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، "پێشبینی دەکرێت ئەمڕۆ باران لە تەواوی ناوچەکەمان بەشێوەی مامناوەند ببارێت؛ لەکاتەکانی شەوی یەکشەممە لەسەر دووشەممە کاریگەری نزمە پاڵەپەستۆی ئاماژەپێکراو قووڵتر دەبێتەوە و دابارینەکە زیاد دەکات و هەندێکجار هەورە برووسکەی لەگەڵ دەبێت."
 
کەشناسیی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەکردووە، خێرایی با چالاک دەبێت بۆ سەروو 35 کیلۆمەتر لە کاژێرێکدا و سەرەتا لە سنووری پارێزگای دهۆکەوە دەستپێدەکات و دواتر کاریگەرییەکەی درێژ دەبێتەوە بۆ سنووری پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی، هەڵەبجە و تەواوی ناوچەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان.
 
هەر بەگوێرەی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، "لە بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە، لەگەڵ بەهێزبوون و چالاکبوونی کاریگەری ئەم شەپۆلە، باران بەشێوەی لێزمە دەبێت و ئەگەری بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو هەیە لە هەندێ ناوچەی هەرێمی کوردستان وەکو شاری هەولێر، ئامێدی، چەمانکێ، شیلادزێ، بەحرکە، خەبات، هیران، قوشتەپە، چەمچەماڵ، دەربەندیخان و مەیدان."
 
بەگوێرەی لێدوانی بەرپرسانی بەرگریی شارستانی لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بۆ رووداو، هەموویان خراونەتە ئامادەباشییەوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی مەترسییەکانی لافاو.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی

جێگری پارێزگاری سلێمانی: هاوئاهەنگییەکەی تۆڕی میدیایی رووداو کارەکانی باشتر کرد

جێگری پارێزگاری سلێمانی ستایشی رۆڵی تۆڕی میدیایی رووداو دەکات لە بەهاناوەچوونی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی سنووری چەمچەماڵ و دەڵێ، ئەو هاوئاهەنگییەی رووداو دروستی کرد، کارەکانی گەورەتر و باشتر کرد؛ ئاماژە بەوەش دەکات، قەرەبووەکە ماڵ، کاسبکار، ئۆتۆمبێل و فەرمانگە حکومییەکانیش دەگرێتەوە.