رووداو دیجیتاڵ
ئیلۆن مەسک، گەورە ملیاردێری ئەمریکی پێشبینی دەکات، بەهۆی ژیریی دەستکرد و داهێنانە تەکنەلۆژییەکانەوە، لە ماوەی 20 ساڵی داهاتوو، کارکردن دەبێتە شتێکی ئارەزوومەندانە و چیدیکە ناچاری نابێت. مەسک گوتی: "لە داهاتوودا کارکردن وەک یاریکردنی وەرزشی یان یاریی ڤیدیۆیی دەبێت".
رۆژی چوارشەممە 19-11-2025 ئیلۆن مەسک، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری تێسلا و خاوەنی تۆڕی ئێکس، سەبارەت بە کاریگەریی رۆبۆتەکان لەسەر هێزی کار گوتی: "کارکردن وەک یاریکردنی وەرزشی یان یاریی ڤیدیۆیی یان شتێکی لەو جۆرە دەبێت".
مەسک گوتیشی: "هەروەک چۆن دەتوانیت بچیتە دوکان و سەوزە بکڕیت، یان دەتوانیت سەوزە لە باخچەی پشتەوەی ماڵەکەتدا بچێنیت. چاندنی سەوزە لە باخچەکەتدا زۆر قورسترە، بەڵام هەندێک کەس هێشتا دەیکەن، چونکە حەزیان لە چاندنی سەوزەیە".
مەسک روونیکردەوە کە رێگەیەکی دوورودرێژ لەبەردەم کۆمەڵگەدایە بۆ گەیشتن بەو قۆناخە، بەڵام زیاتر وردەکاریی لەبارەی ئەوەی ئەو هەنگاوانە چین و کاری کێ دەتوانرێت بە ئۆتۆماتیکی بکرێت، باس نەکرد.
مەسک ماوەیەکی زۆرە لایەنگری ژیریی دەستکردە. هاودامەزرێنەری کۆمپانیای OpenAI بووە و دوای کڕینی پلاتفۆرمی ئێکس، چاتبۆتی گرۆکی بۆ داناوە.
ئیلۆن مەسک و جێنسن هوانگ، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای ئێن ڤیدیا، لەگەڵ عەبدوڵڵا سەواها، وەزیری پەیوەندی و زانیاریی تەکنەلۆژیی سعودیە، لە ناوەندی کێنێدی لە واشنتن دی سی، باسیان لە ژیریی دەستکرد و داهاتووی تەکنەلۆژیا کرد.
ئەمە رۆژێک دوای ئەوە هات کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا میوانداریی محەممەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیەی کرد بۆ گفتوگۆی وەبەرهێنان و خوانێکی فەرمی، کە مەسک و هوانگیش تێیدا بەشدار بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ