رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ دووەم کۆنفرانسی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان لە سلێمانی دەستیپێکرد و گوتەبێژی بزووتنەوەکەش دەڵێت؛ هەر شەش لیژنە پەیوەندیدارەکە لە کۆبوونەوە و گفتوگۆکردندان بۆ باشترکردنی ئەدای سیاسی بزووتنەوەی گۆڕان لە هاوکێشە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان، عێراق و ناوچەکە و سبەی کۆنفرانسی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان کۆتایی بە کارەکانی دەهێنێت.
رۆژی شەممە، 20ـی کانوونی دووەمی 2024، دلێر عەبدولخالق، گوتەبێژی بزووتنەوەی گۆڕان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند؛ "لە کۆنفرانسی ئەمجارەمان نوێنەرایەتیی دامەزراوەکانی بزووتنەوەی گۆڕان لە هەموو قەزا و ناحیەکانی هەرێمی کوردستان، ناوچە دابراوەکان، رەوەندی کوردی و بەشێک لەو فراکیسیۆنانەی لە ئەنجوومەنی پارێزگاکان هەمانبووە و نوێنەرایەتیی تیمی گۆڕان لە حکومەت بەیەکەوە گفتوگۆ دەکەن بۆ باشترکردنی کاروبارەکانمان".
گوتەبێژی بزووتنەوەی گۆڕان ئامانجی کۆنفرانسی دووەمی بزووتنەوەکەیان دەخاتەروو و دەڵێت، "بە هەڵە و کەموکوڕییەکانماندا دەچینەوە و رەخنە و سەرنجی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان لەسەر بزووتنەوەی گۆڕان، لەو پرسانەن کە بوونەتە تەوەری سەرەکی گفتوگۆ و گەنگەشەی ئەندامانی کۆنفرانس."
بە گوتەی دلێر عەبدولخالق، سبەی لە کۆنفرانسی بزووتنەوەی گۆڕاندا دەستووری نێوخۆی بزووتنەوە پەسند دەکەن و دەڵێت، ئەو دەستوورە نێوخۆییە پەیوەندیدار دەبێت بە بیروڕا و هەڵوێستی بزووتنەوەی گۆڕان و"هەڵسەنگاندنی پەیوەندییەکانمان لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان و بڕیارە سبەی کۆنفرانسی دووەمی بزووتنەوەی گۆڕان کۆتایی بە کارەکانی بهێنێت.
گوتەبێژی بزووتنەوەی گۆڕان بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بە پێویستییەکی گرنگ بۆ بەهێزکردنەوەی دامەزراوە شەرعییەکانی هەرێمی کوردستان وەسفدەکات و دەشڵێت؛ "بزووتنەوەی گۆڕان بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن ئامادەیە".
دلێر عەبدولخالق لەبارەی هەڵبژاردنی رێکخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان و ئەندامانی خانە راپەڕاندنی بزووتنەوەکەیان رایگەیاند؛ "لەدوای پەسندکردنی دەستووری نێوخۆیی دەردەکەوێت هەڵبژاردنی رێکخەری گشتی، خانەی راپەڕاندن و هەڵبژاردنی ئۆرگان و باژێرڤانەکان و رێکخەری ژوورەکان بە چ شێوەیەک دەبێت".
گوتەبێژی بزووتنەوەی گۆڕان پەراوێزخستنی سەرۆکی تیمی بزووتنەوەی گۆڕان لە حکومەت و جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەو کۆنفرانسەدا گوتی؛ "لە بەیانییەوە هەندێک دەنگۆمان لەسەر ئەو بابەتە لە میدیاکان بینیوە، بەڵام مستەفا سەید قادر سەرۆکی لیژنەی پێداچوونەوەی دەستووری نێوخۆیی بزووتنەوەی گۆڕانە. داوای لێکرا ببێت بە یەکێک لە ئەندامانی دەستە پێنج کەسییەکە بۆ ئیدارەدانی کۆنفرانسی نیشتمانی، بەڵام خۆی ئەو داوایەی رەتکردەوە، لەبەرئەوەی سەرۆکی یەکێک لە لیژنە گرنگەکانە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ