جێهێشتنی لاشەی دوو سەگ لەسەر گۆڕی وەلی دێوانە نیگەرانی لێدەکەوێتەوە

20-01-2024
سۆران حوسێن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
بڵاوبوونەوەی وێنەی دوو سەگی مردوو لەسەر گڵکۆی شاعیری نێوداری کوردستان وەلی دێوانە لە سەیدسادق تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی تەنیوە.
 
بەڕێوەبەری دامەزراوەیەکی ئەدەبی دەڵێت، "رووداوەکە پێدەچێت بە ئەنقەست بووبێت" ئەوان گڵکۆکە نۆژەن دەکەنەوە. وەزارەتی رۆشنبیری و قایمقامی قەزاکەش دەڵێن، بەدواداچوون بۆ بابەتەکە دەکەن.
 
وێنەیەک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبووەتەوە و تێیدا دەبینرێت، دوو سەگی مردوو لەسەر گڵکۆی شاعیر کورد وەلی دێوان لە قەزای سەیدسادق جێهێڵدراون؛ تۆڕی میدیایی رووداو بەدواداچوونی بۆ بابەتەکە کردووە و لایەنە پەیوەندیدارەکان جەخت دەکەنەوە، کە بەدواداچوونی جیدیی بۆ رووداوەکە دەکەن.
 
شاخەوان سدیق، بەڕێوەبەری دامەزراوەی کەریمی ئەلەکە، بۆ ئەدەب و کلتوور و خێرخوازیی، ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لەو گۆڕستانە گەورەیەدا فڕێدانی لاشەی دوو سەگ لەسەر گڵکۆی شاعیرێکی گەورەی وەکو وەلی دێوانە پێدەچێت کارێکی بە ئەنقەست بووبێت؛ ئێمە دژی ئەو دەستە رەشە بڕیارمانداوە لەسەر ئەرکی خۆمان گڵکۆکە بەشێوەیەکی زۆر جوان هەڵبەستین و نۆژەنی بکەینەوە؛ پێشتریش لە سەیدسادق پەیکەرمان بۆ ئەو شاعیرە گەورە دروستکردووە".
 
هەر ئەمڕۆ نامیق هەورامی، گوتەبێژی وەزارەتی رۆشنبیریی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بە دڵنیاییەوە بەدواداچوون بۆ رووداوەکە دەکەین، بۆ ئەوەی بزانین بە ئەنقەست بووە یان نا، بۆ ئەوەش چاوەڕوانی رۆشنبیریی سنوورەکە دەکەین روونکردنەوەمان پێ بدەن".
 
هەروەها رەزا محەممەد، قایمقامی قەزای سەیدسادق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "پێدەچێت بابەتەکە وەکو بێڕێزی و بە ئەنقەست بووبێت؛ ئێمە بەدواداچوون دەکەین و هەوڵ دەدەین لە رێگەی کامێراکانی چاودێرییەوە سەرەداوێکمان دەستبکەوێت".
 
وەلید کوڕی کوێخا محەممەد ناسراو بە وەلی دێوانە، لە سەدەی نۆزدەیەمی زایینی و لە ساڵی 1826دا لە سنووری هەڵەبجە لەدایکبووە و 1881 لە سنووری سلێمانی کۆچی دوایی کردووە. زۆرینەی هۆنراوەکانی وەلی دێوانە شێوەزاری هەورامیی بووە، پیرەمێردی شاعیر گرنگی بە شیعرەکانی ئەو شاعیرە داوە و زۆرینەیانی کردووە بە شێوەزاری سۆرانی.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە