رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە لە ماوەی 48 کاژێری داهاتوودا، زیاتر لە 189 کۆچبەری کورد کە لە لیبیا گیریانخواردبوو، لە رێگەی دوو فڕۆکەی سەربازییەوە بگەڕێندرێنەوە هەرێمی کوردستان. پرۆسەکە بە هاوئاهەنگیی هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق دەکرێت.
ئەمڕۆ سێشەممە 20-01-2026 سروە رەسووڵ، بەڕێوەبەری گشتیی ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگیی قەیرانەکان (JCC) لە وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لەم دوو رۆژەدا نزیکەی 200 کۆچبەر لە لیبیاوە دەگەڕێندرێنەوە هەرێمی کوردستان. حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام لەسەر هێڵ بووە بۆ ئەوەی ئەم کۆچبەرانە و ئەوانەی دیکەش کە ماون، بگەڕێنێتەوە."
بەڕێوەبەری گشتیی (JCC) ئاماژەی بەوەش کرد، تێچووی گەڕانەوەی ئەم کۆچبەرانە لەسەر ئەستۆی حکومەت دەبێت و گوتیشی، "مانگی رابردووش 102 کۆچبەری دیکەمان گەڕاندەوە هەرێمی کوردستان."
لای خۆیەوە ئەحمەد سەحاف، کاربەڕێکەری باڵیۆزخانەی عێراق لە لیبیا بە رووداوی راگەیاند، ژمارەی ئەو کۆچبەرانەی ناویان تۆمار کردووە گەیشتووەتە 189 کەس و ژمارەکەش روو لە زیادبوونە.
سەبارەت بە کاتی گەڕانەوەیان، ئەحمەد سەحاف گوتی، "سبەی چوارشەممە وەک کاروانی یەکەم 100 کۆچبەر بە فڕۆکەی سەربازیی عێراقی دەگەڕێندرێنەوە و رۆژی پێنجشەممەش کاروانی دووەم بەڕێ دەکەون."
لەبارەی لایەنی هونەریی گەشتەکان، د. موسەننا ئەمین، پەرلەمانتاری عێراق بە رووداوی راگەیاند، بەهۆی ئەوەی فڕۆکە سەربازییە بارهەڵگرەکان جێگەی نزیکەی 130 سەرنشینیان تێدا دەبێتەوە، بۆیە یەک فڕۆکە بەشی هەموویان ناکات و دوو فڕۆکە بۆ گواستنەوەیان تەرخان کراوە.
ئەو پەرلەمانتارە تیشکی خستە سەر رەوشی کۆچبەرەکان لە دەستی قاچاخچییەکان و گوتی، "قاچاخچییەکان لە بەرانبەر ئازادکردنی هەر کۆچبەرێکدا داوای سێ بۆ چوار هەزار دۆلار دەکەن."
گەڕانەوەی ئەم کۆچبەرانە دوای ئەوە دێت، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق رەزامەندیی لەسەر تەرخانکردنی فڕۆکەی تایبەت بۆ گەڕاندنەوەی ئارەزوومەندانەی ئەو کۆچبەرانە دەربڕیبوو، کە زۆربەیان لە کاتی هەوڵدان بۆ گەیشتن بە ئەورووپا لە دەریای ناوەڕاست و سنوورەکانی لیبیا و توونس دەستگیر کرابوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ