قوتەیبە ئیدلبی: مەزڵووم عەبدی پارێزگاری حەسەکە و یاریدەدەری وەزیری بەرگری دیاری دەکات

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
مالیک محەممەد
دلبخوین دارا و  قوتەیبە ئیدلبی
دلبخوین دارا و قوتەیبە ئیدلبی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری کاروباری ئەمریکا لە وەزارەتی دەرەوەی سووریا لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ رووداو دەڵێ، دانوستان لەگەڵ مەزڵووم عەبدی بەردەوامە و رێککەوتن کراوە کە فەرماندەی هەسەدە پارێزگاری حەسەکە و یاریدەدەری وەزیری بەرگری بۆ ناوچەی رۆژهەڵات دەستنیشان بکات؛ هاوکات جەخت دەکاتەوە کە سوپا ناچێتە نێو شارە کوردنشینەکانەوە.
 
رۆژی سێشەممە، 20ی کانوونی دووەمی 2026،  قوتەیبە ئیدلبی، بەڕێوەبەری کاروباری ئەمریکا لە وەزارەتی دەرەوەی سووریا لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 07:00ی تۆڕی میدیایی رووداو کە دلبخوین دارا پێشکێشی دەکات رایگەیاند، پەیوەندییەکان لەگەڵ مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات بەردەوامن و مۆڵەتی چوار رۆژ دانراوە بۆ گەیشتن بە وردەکارییەکانی میکانیزمی تێکەڵکردنی هێزەکانی هەسەدە بە سوپای سووریا.
 
بە گوێرەی ئیدلبی، لە چوارچێوەی لێکتێگەیشتنەکاندا مەزڵووم عەبدی کەسێک بەربژێر دەکات بۆ ئەوەی وەک پارێزگاری حەسەکە دەستبەکاربێت، هەروەها کەسایەتییەکی دیکەش وەک یاریدەدەری وەزیری بەرگری بۆ کاروباری ناوچەی رۆژهەڵات دیاری دەکات.
 
سەبارەت بە ئەگەری چوونی سوپا بۆ نێو کۆبانێ و شارە کوردنشینەکانی دیکە، ئیدلبی گوتی: "هیچ هێزێکی سەر بە وەزارەتی بەرگری یان سوپا ناچێتە نێو کۆبانێ یان هیچ شار و گوندێکی کوردییەوە." روونیشیکردەوە کە بڵاوبوونەوەی سوپا تەنیا لەسەر رێگە سەرەکییەکان و دەوروبەری شارەکان دەبێت.
 
لەبارەی چارەنووسی هەسەدە، بەرپرسەکەی دیمەشق ئاماژەی بەوە کرد کە پێشنیازی پێشوو بۆ دروستکردنی "سێ فیرقە" رەتکراوەتەوە و ئێستا کار لەسەر "تێکەڵکردنی تاکەکەسی" دەکەن بۆ نێو سوپا، تاوەکو دۆخێکی یەکگرتوویی و "برایەتیی چەک" لەنێوان پێکهاتەکان دروست ببێت؛ گوتیشی: "لە پەیوەندییەکەی ترەمپ و ئەحمەد شەرع جەختی لەسەر پێویستیی تێکەڵکردنی هەسەدە لەنێو دامەزراوەکانی دەوڵەت کراوەتەوە."
 
دەقی پرسیارەکانی رووداو و وەڵامەکانی قوتەیبە ئیدلبی:
 
رووداو: دوای پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی نێوان ئەحمەد شەرع و دۆناڵد ترەمپ، بۆچی هێرشکردنە سەر ناوچە کوردنشینەکان نەوەستا؟
 
قوتەیبە ئیدلبی: زۆر سوپاس، بێگومان پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی سەرۆک ترەمپ لەگەڵ سەرۆک شەرع، جەختی لەسەر دیدگەی هاوبەشی ویلایەتە یەکگرتووەکان و سووریا کردەوە، کە چڕبووەتەوە لەسەر پێویستیی تێکەڵکردنی هێزەکانی سووریای دیموکرات و ئەوەی لێیان ماوەتەوە لەنێو پێکهاتەکانی دەوڵەتی سووریادا. بێگومان حکومەتی سووریا هیچ هێرشێک ناکاتە سەر ناوچە کوردنشینەکان. ئەوەی هێزەکانی وەزارەتی بەرگریی سووریا دەیکەن، بریتییە لە بڵاوبوونەوەی جوگرافی لەسەر رێگە سەرەکییەکان و پاراستنی دەروازەی شار و ناوچەکان بۆ رێگریکردن لە هەر پێکدادانێک، بەتایبەتی دوای ئەو بانگەشانەی فەرماندەیی یەپەگە بۆ بەئامانجگرتنی ناوچە عەرەبییەکان، یان هەندێک بانگەواز کە ئامانجیان دروستکردنی ململانێی نەژادییە لە ناوچەکەدا. هەڵوێستی حکومەتی سووریا بەرامبەر کۆمەڵگەی کوردی و گەلی کورد لە سووریا زۆر روونە و بەشێوەیەکی سەرەکی لە مەرسوومی ژمارە 13ـدا رەنگدەداتەوە کە سەرۆک شەرع دەریکردووە، کە تێیدا بە روونی دیدگا و رەگ و ریشە و ناسنامەی کوردی لە چوارچێوەی دەوڵەتی سووریادا دیاری دەکات.
 
رووداو: دوای ئەوەی بەنداوی تشرین کەوتە دەست سوپای عەرەبیی سووریا، کارەبا و ئاو لەسەر کۆبانێ بڕا. هۆکاری ئەوە چییە؟
 
قوتەیبە ئیدلبی: راپۆرتمان پێگەیشتووە سەبارەت بە بڕینی خزمەتگوزارییەکان لە هەندێک ناوچە، لەوانەش ناوچەکانی دەوروبەری عەینلعەرەب (کۆبانێ). بێگومان بەهۆی شەڕ و هەندێک پێکدادان لە دەوروبەری بنکە خزمەتگوزارییەکان، پچڕانی خزمەتگوزاری لەوێ هەیە. حکومەتی سووریا لە رێگەی ئەو دامەزراوانەی چوونەتە ناوچەکانی پارێزگای رەققە و باکووری رۆژهەڵاتی پارێزگای حەلەب، کار لەسەر چاککردنەوەی ئەم خزمەتگوزارییانە دەکات. سەبارەت بە رێگەوبانەکان، بێگومان وەزارەتی بەرگری و وەزارەتی ناوخۆ کار دەکەن بۆ دابینکردنی ئاسایشی هەموو رێگەکان و دەستەبەرکردنی هاتن و چوون بۆ هەر ناوچەیەک بۆ ئەوانەی دەیانەوێ ناوچەکە جێبهێڵن یان جووڵە بکەن. هەروەها بێگومان لە چوارچێوەی ئەو گفتوگۆیانەی ئەمڕۆ لەگەڵ بەڕێز مەزڵووم عەبدی ئەنجامدران، رێککەوتن کرا لەسەر جەختکردنەوە لە ئاگربەست بە جۆرێک رێگە بە ئازادیی جووڵەی هەمووان بدات، جا لە ناوچەکانی کۆبانێ بێت یان ناوچەکانی باکووری حەسەکە.
 
رووداو: رێککەوتنی ئادار ئێستا کاری پێدەکرێت یان نا؟ ئەو رێککەوتنە ماوە؟
 
قوتەیبە ئیدلبی: نەخێر، هەرگیز. واتە، ببورن، پێم وانییە رێککەوتنی 10ـی ئادار کۆتایی هاتبێت. ئەو رێککەوتنە تەواوکەرییەی چەند رۆژێک لەمەوبەر کرا، لە راستیدا هەمان ئەو پێشنیازەیە کە حکومەتی سووریا دوای رێککەوتنی 10ـی ئادار خستبوویە بەردەم هێزەکانی سووریای دیموکرات. سەرەڕای هەموو ئەوانەی روویانداوە، حکومەتی سووریا هێشتا پابەندە بەو چوارچێوەیەی لە 10ـی ئاداری ساڵی رابردوودا لەسەری رێککەوتین. پێمان وایە ئەم چوارچێوەیە زۆر گرنگە بۆ ئەوەی ئەزموونێکی باش هەبێت بۆ پەیوەستبوونی هێزەکانی سووریای دیموکرات و یەپەگە بە دامەزراوەی سەربازیی سووریاوە.
 
رووداو: رێککەوتن هەبوو کە هەسەدە بە سێ فیرقە تێکەڵی سوپای سووریا بێت. ئەمە رەتکراوەتەوە لە دیمەشق؟
 
قوتەیبە ئیدلبی: لە گفتوگۆکاندا سەبارەت بە جێبەجێکردنی رێککەوتنی 10ـی ئادار، باس لە پێکهێنانی سێ فیرقە و دوو لیوا لە ناوچە جیاوازەکانی باکووری رۆژهەڵاتی سووریا کرابوو. بێگومان لە چوارچێوەی ئەو پێشنیازەدا، هێزەکانی سووریای دیموکرات لەو کاتەدا رەتیان کردەوە گەمارۆی سەر باکووری رۆژهەڵاتی سووریا هەڵبگیرێ و ناوچەکە بە تەواوی تێکەڵ بکرێتەوە، تەنانەت لەگەڵ پێکهێنانی ئەو فیرقانە و تێکەڵکردنی ئەو ناوچەیە لەگەڵ ناوچەکانی دیکەی سووریا. بۆیە لە گفتوگۆکانی ئەمڕۆدا گەڕاینەوە بۆ ئەو پێشنیازەی پێشتر خرابووە ڕوو کە بریتییە لە جەختکردنەوە لەسەر تێکەڵبوون بە شێوەی تاکەکەسی. ئەمەش لە راستیدا دۆخێکی باشتر لە تەواوکاری لەنێو دامەزراوەی سەربازیدا دروست دەکات و "برایەتیی چەک" لەنێوان پێکهاتە جیاوازەکانی سووریادا دروست دەکات، جا عەرەب بن یان کورد، یان لە پاشخانی ئایینی و نەتەوەیی جیاواز بن.
 
رووداو: ئەمڕۆ لەگەڵ مەزڵووم عەبدی قسەتان کرد؟
 
قوتەیبە ئیدلبی: بەڵێ، پەیوەندییەکان هێشتا بەردەوامن. تەنیا ئەمڕۆ نا، بەڵکو لە رۆژانی رابردووشدا پەیوەندییەکان لەگەڵ بەڕێز مەزڵووم عەبدی بەردەوام بوون.
 
رووداو: ئێوە لەگەڵ مەزڵووم عەبدی لەسەر چی رێککەوتوون؟
 
قوتەیبە ئیدلبی: دوای گفتوگۆکانی ئەمڕۆ، مۆڵەتی چوار رۆژ دەدرێت بۆ گەیشتن بە وردەکارییەکان سەبارەت بە میکانیزمی تێکەڵکردنی سەربازی. وەک چۆن پێشتر حکومەتی سووریا روونی کردووەتەوە، هیچ چوونەژوورەوەیەک بۆ ناوچە نیشتەجێبووەکان نابێت، بەتایبەتی ئەوانەی زۆرینەیان کوردن. لەم چوارچێوەیەدا، هێزەکانی سوپای عەرەبیی سووریا بڵاوبوونەوەیان لە دەوروبەری رێگە سەرەکییەکان تەواو دەکەن بۆ دابینکردنی ئاسایشی دەروازەکانی شارەکان و رێگریکردن لە هەر کردەیەکی تۆڵەسەندنەوە یان هێرشی گرووپە چەکدارە بێسەروبەرەکان لە هەر لایەنێک بن.
بێگومان لەم چوارچێوەیەشدا بەڕێز مەزڵووم عەبدی کەسایەتییەک بەربژێر دەکات بۆ ئەوەی وەک پارێزگاری حەسەکە و هەروەها وەک یاریدەدەری وەزیری بەرگری بۆ کاروباری ناوچەی رۆژهەڵات دابمەزرێن.
 
رووداو: سوپای عەرەبیی سووریا چووەتە نێو کۆبانێ؟
 
قوتەیبە ئیدلبی: هیچ هێزێکی سەر بە وەزارەتی بەرگری یان سوپا ناچێتە نێو کۆبانێ یان هیچ شار و گوندێکی کوردنشینەوە.
 
رووداو: دوای هێرشی ئەو هۆزانەی پشتگیری حکومەت دەکەن، هەندێک زیندان لەژێر کۆنترۆڵ دەرچوون، ئەوانە مەترسی دروست ناکەن؟
 
قوتەیبە ئیدلبی: ئەوەی روویدا لە راستیدا هێرش نەبوو لەلایەن هێزەکانی سەر بە وەزارەتی بەرگری یان هێزە پشتیوانەکانی بۆ سەر ناوەندەکانی دەستبەسەرکردن یان کەمپەکان. هێزەکانی سووریای دیموکرات یان یەپەگە هەوڵیان دا ئیدارەدانی ئەم دۆسیەیە بقۆزنەوە بۆ دروستکردنی گوشارێکی ئەمنی، چ لەسەر دەوڵەتی سووریا یان وڵاتانی دراوسێ، ئەوەش لە رێگەی ئازادکردنی گیراوانی داعش یان کشانەوە بێ مسۆگەرکردنی پرۆسەیەکی گواستنەوەی ئارام بۆ بەڕێوەبردنی کەمپی هۆل. بێگومان هێزەکانی سەر بە وەزارەتی بەرگری و وەزارەتی ناوخۆی سووریا لە ئامادەبایی تەواو دان بۆ تەواوکردنی ئەرکە ئەمنییەکە کە بریتییە لە بەرەنگاربوونەوەی داعش. لەم چوارچێوەیەدا هێزە ئەمنییەکان توانیویانە زیاتر لە 80 زیندانیی داعش دەستگیربکەنەوە کە یەپەگە ئازادی کردبوون، و کار دەکەن بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆخی ئەمنی لە ناوچەکە، بەتایبەتی لە شەدادێ و هۆل، دوای کشانەوەی یەپەگە.
 
رووداو: وەزارەتی دەرەوەی چین داوای 4000 چەکداری ئیگۆری کە لە سووریان رادەستیان بکرێتەوە، حکومەت ئامادەیە رادەستیان بکاتەوە؟
 
قوتەیبە ئیدلبی: هێشتا هیچ پەیوەندییەکی فەرمی لەلایەن حکومەتی چینەوە سەبارەت بەم بابەتە ئەنجام نەدراوە. بێگومان کاتێک داواکارییەکەمان بە فەرمی لە حکومەتی چینەوە پێدەگات، هەڵوێستمان دەبێت.
 
رووداو: ئەگەر بە فەرمی داواتان لێکرا، رادەستیان دەکەنەوە؟
 
قوتەیبە ئیدلبی: هەموو داواکارییەکانی پەیوەست بە دانیشتووانی کەمپەکانی هۆل و رۆژ و گیراوانی ناوەندەکانی دەستبەسەرکردن تاوتوێ دەکرێن، هەر دۆسیەیەک بە جیا و بەپێی ئەو وڵاتانەی ئەو چەکدار یان زیندانییانە هەڵگری وڵاتینامەکەیانن، هەروەها بەپێی دۆسیە تاوانکاری و ئەمنییەکان. کاتێک بە فەرمی داواکارییەکەمان پێگەیشت، بەپێی یاسا و داتا بەردەستەکان کاری لەسەر دەکرێت.
 
رووداو: کەی سوپای عەرەبیی سووریا هێرشەکانی بۆ سەر رۆژئاوا رادەگرێ؟
 
قوتەیبە ئیدلبی: سوپای عەرەبیی سووریا هیچ هێرشێکی بۆ سەر رۆژئاوا نییە. پێم وایە ئەوەی دەبێت ئەمڕۆ باسی بکەم، راگرتنی هێرشی گرووپە بێسەروبەرەکانی سەر بە هەسەدە و میلیشیاکانی (جوانێن شۆڕشگێڕ)ـی سەر بە پەکەکەیە بۆ سەر پێکهاتە جیاوازەکانی باکووری رۆژهەڵاتی سووریا. کاتێک ئەم ئۆپەراسیۆنە سەربازییانە دژی خەڵکی سڤیل دەوەستن، وەک رفاندنی کچانی خوار تەمەنی یاسایی، سەربازیی زۆرەملێ و پاڵنانی گەلی کورد بۆ رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئەو دەوروبەرەی هەزاران ساڵە لەگەڵیدا دەژی، ئەمانە دەبێت قسەیان لەسەر بکرێ. ئەمڕۆ چاوەڕوانی ئەوە لە سەرکردایەتیی سووریای دیموکرات دەکەین کە دەسەڵات و هەژموونی خۆی بەکاربهێنێت بۆ ئەوەی چی دیکە کۆمەڵگەی کوردی تێوەنەگلێنێت لە ململانێ لەگەڵ دراوسێیەکانی لە پێکهاتەکانی دیکە. گەلی کورد ئەزموونێکی دوورودرێژی ژیانی لەم خاکە هەیە کە دەگەڕێتەوە بۆ هەزاران ساڵ، دیارترینیان لە رێگەی کۆچە جیاوازەکانی کۆمەڵگە کوردییەکان لە هەزار ساڵی ڕابردوودا. پێم وایە لەم ئەزموونانەدا زۆر شت هەیە فێری بین، بەبێ پەنابردنە بەر هیچ یەکێک لەو پڕۆژانەی ئەمڕۆ پەکەکە یان میلیشیاکانی سەر بەو لە ناوچەکەدا پێشکەشی دەکەن.
 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

20/01/2026 2

وێنە.. کوردانی چوار پارچەی کوردستان لە هەولێرەوە: کورد یەکە

هێزەکانی سووریای دیموکرات - هەسەدە لە رۆژئاوای کوردستان لەژێر هێرشێکی بەرفراوانی سوپای عەرەبیی سووریادان. لە هەولێر خۆپێشاندانی گەورە لەبەردەم قەڵای هەولێر بۆ پاڵپشتیی کورد لە رۆژئاوای کوردستان بەڕێوەچوو، چەندین درووشمی پاڵپشتییان بەرزکردەوە