رووداو دیجیتاڵ
جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا لەبارەی هێرشەکان بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان رایگەیاند، هێرش بۆ سەر رۆژئاوا "هێرشە بۆ سەر شکۆ و کەرامەتی کورد لە هەموو جیهان". هەروەها دەڵێت: "ئێمە ناپاڕێینەوە، ئێوە پەشیمان دەبنەوە."
قوباد تاڵەبانی لە پەیامەکەیدا ئاراستەی "هێزە دەستڕۆیشتووەکانی جیهان"ـی کرد و گوتی: "ئێمەی کورد لە جیهان و دەستڕۆیشتووەکان ناپاڕێینەوە بمانپارێزن، بەڵکو بیریان دەخەینەوە ئەمە یەکەمجار نییە لە دژی کورد پشتی نەیارانی کورد دەگرن و هەموو جارێکیش دوای ساڵانێک بۆیان دەرکەوتووە کە زیانیان کردووە."
جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بە مێژووی پەیوەندیی دەوڵەتانی جیهان و دۆزی کورد کرد و وەک نموونە هێنایەوە کە "سەردەمێک پشتی رژێمی بەعسیان گرت لە دژی کورد؛ کورد ما و بەعس بە دنیایەک کارەسات و تاوانەوە رۆیشت."
سەبارەت بە رۆڵی رۆژئاوای کوردستان لە شەڕی دژی تیرۆردا، قوباد تاڵەبانی جەختی کردەوە کە هێرش دەکرێتە سەر هێز و گەلێک کە زیاتر لە 12 ساڵە "لەبری هەموو دونیا" شەڕی تیرۆری کردووە و پارێزگاریی لە هەموو پێکهاتەکانی سووریا کردووە بەبێ جیاوازی.
قوباد تاڵەبانی "شانازیی خۆی" بۆ هەستی هاوسۆزی و یەکڕیزیی کورد لەم کاتەدا دەربڕی و بە "تەنیا گەرەنتیی مانەوە" وەسفی کرد. هەروەها رایگەیاند: "بە ئەرکی خۆمان دەزانین هەموو هەوڵێک بدەین بۆ یارمەتیدانی کوڕ و کچە ئازاکانمان لە رۆژئاوا و راگرتنی ئەو دۆخە دژوارە."
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان جەختی لە پێویستیی ئاساییبوونەوەی دۆخەکە و "گەرەنتیکردنی مافەکانی کورد لەناو دەستووری هەمیشەیی سووریا" کردەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ