رووداو دیجیتاڵ
لە دوو رۆژی رابردوودا ژنێکی تەمەن 21 ساڵ "لەلایەن هاوژینەکەیەوە سووتێنراوە" و پۆلیسش دەڵێت، ژنەکە گوتەی لێوەرگیراوە و گوتوویەتی کە مێردەکەی نەوتی پێداکردووە و سووتاندوویەتی. باوکی شنیاریش دەڵێت "پێموایە لە کاتی رووداوەکەدا هاوژینی شنیار سەرخۆش بووە."
کچەکە ناوی شنیار هونەرە و دوو منداڵی هەن، منداڵە گەورەکەی 4 ساڵە و بچووکەکەی دوو ساڵە و هاوژینەکەیشی 25 ساڵە. پۆلیسی سلێمانی رایگەیاند کە هاوژینەکەی ویستوویەتی بچێتە دەرەوەی وڵات بەڵام دەستگیرکراوە.
لە بەرپرسیار دایکی شنیار هونەر قسەی بۆ رووداو کرد و گوتی هیچ کەس هیچی بە من نەگوتبوو و هەتا هاتمە نەخۆشخانە و شنیار پێی گوتم کە خۆی نەسووتاندووە و ئەو سووتاندوومی [هاوژینەکەی]."
بە گوتەی دایکی، شنیار و هاوژینەکەی لە ماڵەکەی خۆیدا شەڕیان بووە و دواتر شنیار بە دایکی گوتووە کە "سەری داوە بە ئەرزدا و دواتر نەوتی پێداکردووە و سووتاندوویەتی."
هونەر رەفیق، باوکی شنیار لە بەرنامەی بەرپرسیار کە شەهیان تەحسین پێشكێشی دەکات گوتی "تەندروستی کچەکەم ناجێگیرە، شەوی رابردوو مێردەکەی لێی داوە و دواتر نەوتی زۆپاکەی هێناوە و کردوویەتی بە کچەکەمدا و دواتر سووتاندوویەتی."
باوکی شنیار لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژە بەوە دەدات، شنیار قسە دەکات و هیچ کێشەیەک لە قسەکانیدا نییە و هەر کەسێک دەچێتە لای دەڵێ "بەڵێ لەلایەن هاوژینەکەمەوە سووتێنراوم."
دەشڵێت "ئەم پیاوە نزیکەی 5 ساڵە کچەکەی ئێمە هاوژینی بووە و هیچ کێشەیەکیان نەبووە، پیاوەکە ماددە کحولییەکان دەخواتەوە و کچێکی ناسیوە و لەگەڵیدابووە ماڵی باوکی کوڕەکەش سکاڵایان لەسەر ژنەکە تۆمارکردووە بەتۆمەتی ئەوەی ماڵی ئەوانی وێران کردووە و ماڵی ئێمەشی تێکداوە، شنیار پێیگوتووە کە بچێ ژن بهێنێت و من لەگەڵ منداڵەکانی خۆم دەژیم. کاتێکیش کچەکەمی سووتاندووە پێموایە سەرخۆش بووبێت."
هەر لە درێژەی قسەکانیدا باوکی شنیار رایگەیاند، پێشتر ئەو کوڕە لە ماڵەوە بووە و بە ماڵی باوکیشی گوتووە کە شەو نایەتەوە بۆ ماڵەوە. خەسوویشی گوتوویەتی کە دەرگە دابخات، دواتر هاتووەتە ماڵەوە و لێی داوە و ئەم کارەی کردووە.
کچەکە لەگەڵ ماڵی باوکی کوڕەکە و برایەکی لە خانوویەکی سێ قاتدا دەژین، باوکی دەشڵێت "لە ماوەی ئەم 4 مانگەدا خۆم جارێک لەڕێگەی کوڕەکەمەوە هێناومەتەوە بۆ ماڵەوە، چونکە ئەو پیاوە هەر بە سەرخۆشی هاتووەتە ماڵەوە و لە کچەکەمی داوە. پێشتر هیچ کێشەیەک لەنێوان شنیار و پیاوەکەدا نەبووە، بەڵام ئەم ماوەیە چەند جارێک شەڕیان کردووە."
بە گوتەی باوکی شنیار "چەند جارێک براکەی بەو پیاوەیان گوتووە کە قسەی ئەوانی شکاندووە و ئێستا بۆ وا لەو کچە دەکەی، ئەمیش رقی براکەی بە کچەکەم رشتووە و لێی داوە. لە ماوەی ئەم دوو سێ مانگەی رابردووشدا کە فێری خواردنەوەی ئەم ماددە کحولییانە بووە لە کچەکەمی داوە. شتەکەش ئەوەندە گەورە نەبووە کە بگیێنرێتە لای پۆلیس."
ئامۆزای هاوژینی شنیار: باوەڕ ناکەم کە هاوسەری شنیار ئەو کارەی کردبێت
جەلال رەسوول، ئامۆزای هاوژینی شنیار بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "پێشتر هیچ کێشەیان نەبووە و زۆر رێک بوون، تاوەکو ئەم خولەکەش کە هونەرم ناسیوە کێشەی نەبووە، بەڵام ئەم ماوەیە گوتویان کە گۆڕاوە و تۆزێک جیاوازە لە چاو جاران. هونەر و شنیار زۆر یەکدیان خۆشدەویست و هەردوو بنەماڵەش کێشەیان نەبووە، بەڵام ئەوەی زۆر سەرگەردانە ئەم کوڕەیە کە سەری لێتێکچووە."
ئامۆزای هونەر، هاوژینی شنیار لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەدا کە "هونەر قسەی خۆی دەبێت و خۆمان داومانەتە یاسا، ئێمەش لەگەڵ کەسوکاری شنیار یەک خێزانین. باوەڕیش ناکەم کە هاوسەری شنیار ئەو کارەی کردبێت."
پۆلیسی سلێمانی: شنیار گوتوویەتی کە لەلایەن هاوژینەکەیەوە سووتێنراوە
سەرکەوت ئەحمەد، گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونی ورد پێویستە بۆ ئەوەی لە رووداوەکە زیاتر دڵنیابین، دیارە ژنەکە لە دەرەوە لەلایەن هاووڵاتییانەوە کوژێنراوەتەوە. ئەوەی لەبەردەستمانایە ژنەکەیە و وتەی وەرگیراوە و دەڵێ مێردەکەم سووتاندوومی و پێشتر لێی داوم. هاوژینی شنیاریش سلێمانی جێهێشتبوو و هەڵاتبوو، دواتر باوک و براکانی وتیان کە نازانن لە کوێیە. هێزەکانی پۆلیسی سلێمانیش لەسەر سنوور دەستگیریان کردووە."
گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی ئاماژە بەوە دەدات کە زووە قسەکانی هاوژینی شنیار بڵاوبکەینەوە. دەشڵێت "دادوەری لێکۆڵینەوە لەگەڵ هاوژینی شنیار قسە دەکات و گوتەی وەردەگرێت، دواتر دەدرێتە دادگە. تاوەکو ئێستاش کەسوکاری شنیار سکاڵایان لەسەر هاوژینی شنیار تۆمارکردووە."
سەرکەوت ئەحمەد، گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی گوتیشی، سبەی گوتەی هاوژینی شنیار وەردەگیرێت و ئەوەی تاوانباربێت سزای یاسایی خۆی وەردەگرێت."
هەر لە بەرنامەکەدا هونەر تۆفیق، باوکی شنیار رایگەیاند "داوامان لە حکومەت ئەوەیە لەڕێگەی یاساوە مافی کچەکەمان بسێنن و حەقی نەخورێت." جەلال محەممەد، ئامۆزای هاوژینی شنیار گوتی "ئێمەش بە هەمان شێوە دەمانەوێت یاسا سەروەریی بێت."
هەر لە قسەکانیدا باوکی شنیار گوتی "داوا لە مامۆستایانی ئایینی دەکەم کە لە گوتاری هەینی باسی ئەو رووداوە بکەن تاوەکو بە هیچ شێوەیەک ئەو وەحشیگەرییە دووبارە نەبێتەوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ