رووداو دیجیتاڵ
حەپسە عەبدوڵڵا لەگەڵ خێزانە هەشت کەسییەکەی لە خانوویەکی تاپۆنەکراوی گەڕەکی قەندیل لە قەزای کۆیە دەژین و دەڵێت، بەهۆی کۆنی خانووەکە و رێگری کردنیان لە نۆژەنکردنەوەی، خەریکە خانووەکەیان بەسەردا دەڕووخێت.
حەپسە عەبدوڵڵا دەڵێت: بەخوا ئەمشەو تاوەکو کاژێر 06:00ی بەیانی دانیشتووین، قەمسەڵە و پێڵاومان داناوە چاوەڕێ بووین خانووەکە بلەرزێ و راکەین. راکەین بۆ کوێ؟
بەشێک لە دانیشتووانی گەڕەکەکە، داواکاری تاپۆکردنی خانووەکانیان ئەوانی کۆکردووەتەوە و دەڵێن، لە دەرگای هەموو فەرمانگە حکومییەکانی قەزاکەیان داوە و کەس نییە وەڵامیان بداتەوە.
سەلام نادر، کاسبکارێکە لە کۆیە و دەڵێت: شارەوانی دەڵێت، خانووەکان موڵکی ئەو رێکخراوەن کە دروستیکردوون، بەڵام زەویەکە هی شارەوانییە.
هەڤاڵ حامید، فەرمانبەرێکە لە کۆیە و گوتی: خانووەکەم دوو ژوور و تەوالێت و حەمامە، جێگامان نابێتەوە، بەکەڵکی ژیانکردن نایە چۆڵم کردووە، چاوەڕێم هەتا رێگەم بدەن تێکی بدەم و دروستی بکەمەوە.
نزیکەی 23 ساڵە 120 خانوو لە گەڕەکی قەندیل لە قەزای کۆیە بۆ کەسوکاری شەهیدان دروستکراون، بەڵام تاوەکو ئێستا بۆیان تاپۆنەکراوە.
بەهۆی کۆنی و بچووکی خانووەکانیان بەشێک لە دانیشتووانی گەڕەکەکە خانووەکانیان چۆڵکردووە و لە گەڕەکەکانی دیکەی کۆیە بوونەتە کرێنشین.
تارق حەیدەری، قایمقامی قەزای کۆیە بە رووداوی گوت: "چەندجار لەگەڵ سەرۆکی شارەوانیی کۆیە چووینە لای وەزیری شارەوانی بۆ ئەوەی کێشەکە چارەسەر بکەین، چارەسەر ئەوەیە شارەوانی تەنازول بکات لەو موڵکانە."
خانووەکانی گەڕەکەکە ساڵی 2000 لەسەر رووبەری 100 مەتر لەلایەن رێکخراوی قەندیل، بۆ کەسوکاری شەهیدان دروستکراون، بەشێکیان وەک قەرەبوو دراوە بەو هاونیشتمانییانەی بەهۆی تەواوکردنی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانی قەزاکە زەرەرمەندبوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ