دادگەی هەولێر بڕیاری بێ تاوانی بۆ ئامادەکاری کتێبی دیداری تەمەنی مام جەلال دەرکرد

20-02-2024
سۆران حوسێن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
پارێزەری ئامادەکاری کتێبی "مام جەلال.. دیداری تەمەن" رایگەیاند، ئەمڕۆ دادگەی هەولێر لە بەرژەوەندی ئامادەکاری کتێبەکە بڕیاریدا و بێتاوانی سەلماند.
 
رۆژی 22ـی ئابی 2022، ئارام رەسووڵ مامەند، پەرلەمانتاری پێشووی پارتی دیموکراتی کوردستان بە تۆمەتی ناوزڕاندنی لە کتێبی دیداری تەمەن، کە باس لە ژیانی مام جەلال دەکات و سەڵاح رەشید ئامادەی کردووە، لە دادگەی هەولێر سکاڵای لەسەر ئامادەکارەکە تۆمار کردبوو.
 
لە کاتی سکاڵاکەدا سەڵاح رەشید لە دادگە ئامادەبوو، داوەر بە کەفالەتی چوار ملیۆن دینار ئازادی کرد. ئەمڕۆ سێشەممە بەشدار حەسەن، پارێزەری سەڵاح رەشید بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەمڕۆ دادگەی کەتنی دوو لە هەولێر لە بەرژەوەندیی ئامادەکاری کتێبی دیداری تەمەن بڕیاریدا و دۆسیەکەی کۆتایی پێهێنا".
 
بەشدار حەسەن گوتی، ئارام رەسووڵ مامەند گوتوویەتی، لەو کتێبەدا سووکایەتی بە باوکی کراوە، بەڵام سەڵاح رەشید بە بەڵگەوە ئەوەی خستووەتەڕوو، کە ئەوەی لە کتێبەکەدا هەیە "تەنیا قسەکانی مام جەلال بووە"، نەک قسەی خۆی.
 
دادگە لە بەرژەوەندیی ئارام رەسووڵ مامەند بڕیاری ئەوەی داوە، کە دەتوانێت داوای قەرەبووی مادی لەو کەسانە بکاتەوە، "بڕیاری بڵاوکردنەوەی کتێبەکەیان داوە".
 
مانگی نیسانی 2017 لەو كاتەی چەند ساڵێك بوو مام جەلال بەهۆی جەڵتەیەكی مێشكەوە لە زمان و جووڵە كەوتبوو، كتێبی (مام جەلال.. دیداری تەمەن، لە لاوێتییەوە بۆ كۆشكی كۆماری) بڵاوكرایەوە.
 
سەڵاح رەشید، نووسەری كتێبەكە لە ئەڵمانیا تاڵەبانیی بینیوە و داوای لێكردووە وەڵامی چەند پرسیارێكی رۆژنامەوانیی بداتەوە، "بیرۆكەكە سەرەتا ئەوە بوو، بەڵام ئیدی پرسیار پرسیاری دیكەی رادەكێشا و بەو شێوەیە درێژ بووەوە و 15 ساڵی خایاند."
 
لە كتێبەكەدا لەسەر زاری مام جەلالەوە رەخنەی تووند لە پارتی و مەلا مستەفا گیراوە، سەڵاح رەشید چاوەڕێی ئەوە بووە ئەوان زیاتر گلەیی بكەن، بەڵام دەڵێت، لەنێو ماڵباتی بارزانی هیچ گلەییەكی پێنەگەیشتووە و سكاڵاش لە دژی تۆمار نەكراوە.
 
داواكاریی خێزانی رەسووڵ مامەند ئەوە بوو، کە بۆیان بسەلمێندرێت‌ ئاخۆ "ئەوانەی بڵاوكراونەتەوە، گوتەی مام جەلالن؟ چونكە بەشێك لەوانەی بڵاوكراونەتەوە، هیچ بەڵگەیەكیان تێدا نییە و تۆمەتی هەڵبەستراون. پاشان داوامان كردووە بزانین سەڵاح رەشید رەزامەندیی خێزان و وارسی نزیكی مام جەلالی وەرگرتووە بۆ بڵاوكردنەوەی ئەو كتێبە یاخود نا."
 
سەڵاح رەشید لە مانگی ئایاری ساڵی 2019 گوتی، بە درێژایی ئەو 15 ساڵەی سەرقاڵی ئەو چاوپێكەوتنە بووە لەگەڵ تاڵەبانی، هەرگیز رووینەداوە مام جەلال داواكارییەكی هەبووبێت لەسەر پرسیارێك یان وەڵامدانەوەیەك، "نە پێی گوتووم ئەوە بپرسە و نە گوتووشیەتی ئەو وەڵامە دەستكاری بكە. پێشموایە كاتێك دەگوترا مام جەلال گوتوویەتی یادەوەرییەكانی خۆم نووسیوەتەوە، هەر مەبەستی ئەو چاوپێكەوتنە بووە، كە من لەگەڵی تۆمارم كردووە."

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی

جێگری پارێزگاری سلێمانی: هاوئاهەنگییەکەی تۆڕی میدیایی رووداو کارەکانی باشتر کرد

جێگری پارێزگاری سلێمانی ستایشی رۆڵی تۆڕی میدیایی رووداو دەکات لە بەهاناوەچوونی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی سنووری چەمچەماڵ و دەڵێ، ئەو هاوئاهەنگییەی رووداو دروستی کرد، کارەکانی گەورەتر و باشتر کرد؛ ئاماژە بەوەش دەکات، قەرەبووەکە ماڵ، کاسبکار، ئۆتۆمبێل و فەرمانگە حکومییەکانیش دەگرێتەوە.