رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان جیا لە دروشمەکانی "کەرکووک دڵی کوردستانە" و "کەرکووک قودسی کوردستانە"، کە یەکەمیان پارتی و دووەمیان یەکێتی بەکاریدەهێنێت، دەڵێت: "هیچ هێزێک ناتوانێت ناسنامەی شاری کەرکووک بگۆڕێت و کەرکووک سەری کوردستانە و شاری پێکەوەژیان و برایەتییە."
رۆژی دووشەممە 20-3-2023، کۆسرەت رەسووڵ عەلی، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەبۆنەی نەورۆز و سەری ساڵی نوێی 2723 و رزگارکردنی شاری کەرکووک لە 21ـی ئاداری ساڵی 1991، پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێیدا داوا لە هێز و لایەنە سیاسییەکان دەکات هەنگاو بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان بنێن.
کۆسرەت رەسووڵ، جیا لە هەردوو درووشمی "کەرکووک دڵی کوردستانە" کە مستەفا بارزانی، دامەزرێنەری پارتی دیموکراتی کوردستان و "کەرکووک دڵی کوردستانە"ـی جەلال تاڵەبانی، سکرتێری کۆچکردووی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ناوێکی نوێ بۆ جەختکردنەوە لە کوردستانیبوونی کەرکووک دادەهێنێت و دەڵێت: "کەرکووک سەری کوردستانە."
دەقی پەیامەکەی کۆسرەت رەسووڵ عەلی:
بەبۆنەی هاتنەوەی سەری ساڵی تازەی کوردی و جەژنی نەورۆز و رزگارکردنی کەرکووک پیرۆزبایی گەرمی خۆم ئاراستەی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان، پێشمەرگە قارەمانەکان و کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان دەکەم.
دوای 32 ساڵ ئەوپەڕی شانازیمە و یەکێک لە رۆژە خۆشەکانی ژیانمان بوو کە لەگەڵ هەڤاڵان بەشداری راستەقینە بووین لە رزگارکردنی کەرکووک و وەدەرنانی رژێمی بەعس لە شارەکە، ئەو رۆژە هەموومان پێکەوە کوردستانیەتی کەرکووکمان دووپات کردەوە و بە دڕندەترین رژێمی دونیامان گوت کەرکووک کوردستانییە، هیچ هێزێک ناتوانێ ناسنامەی شارەکە بگۆڕێت و کەرکووک (سەر)ی کوردستانە و شاری پێکەوەژیان و برایەتییە.
ئەمڕۆ کە 32 ساڵ تێپەڕ دەبێت بەسەر راپەڕین و رزگارکردنی شاری کەرکووک، هاوکات جەژنی نەورۆز و سەری ساڵی تازەی کوردییە، داوا لە سەرجەم هێزو لایەنە سیاسییەکان دەکەم هەنگاو بنێن بە ئاراستەی چارەسەری کێشەکان، بۆ گەیشتن بە ئاوات و ئامانجە لەمێژینەکانمان، ئەو ئاواتەی ساڵەهایە خەباتی بۆ دەکەین و هێشتا پێی نەگەیشتووین.
دووبارە ئەم یادە پیرۆزەتان لێ پیرۆز دەکەم، درود و سڵاو دەنێرین بۆ گیانی شەهیدانی رزگارکردنی کەرکووک و سەرجەم شەهیدانی کوردستان.
کۆسرەت رەسووڵ عەلی، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ