زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی دهۆک قەرەبوو دەکرێنەوە

20-03-2024
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

لە کۆبوونەوەیەکدا بە سەرپەرشتیی عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک ئەمڕۆ قایمقامی دهۆک راسپێردرا بۆ سەرپەرشتیکردنی تیمێک تاوەکو خەمڵاندن بۆ زیانەکانی لافاو بکەن، بۆ قەرەبووکردنەوەی خێزانە زیانلێکەوتووەکان.
 
پارێزگای دهۆک لە راگەیێندراوەکدا ئەمڕۆ (چوارشەممە، 20-3-2024) بڵاویکردەوە، کۆبوونەوەیەک بە سەرپەرشتیی پارێزگاری دهۆک لە بەڕێوەبەرایەتیی کۆچ و کۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەکان کرا سەبارەت بە لافاو.
 
لە کۆبوونەوەکەدا وەک لە راگەیێندراوەکەی پارێزگادا هاتووە؛ قایمقامی دهۆک، بەڕێوەبەرانی گشتیی وەزارەتەکانی سامانە سرووشتییەکان، وەزارەتی کارەبا، بەڕێوەبەرایەتییەکانی میریی پەیوەندیدار لە پارێزگای دهۆک، دەزگای خێرخوازیی بارزانی، رێکخراوی خەڵسا ئەید و رێکخراوی بێتەر وۆرڵد، لە کۆبوونەوەکەدا بەشدار بوون.
 
لە بەشێکی کۆبوونەوەکەدا پارێزگاری دهۆک سوپاسی هەموو دامودەزگە، حیزب و رێکخراوە ناوخۆییەکانی کرد کە "کە راستەوخۆ ئەرکی نیشتمانیی خۆیان بەجێهێنا. هەروەها سوپاسی سەرۆک بارزانی، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و فەرماندە، مەنسور بارزانی کرد، کە سەردانی خەڵکی کرد و هاریکاریی بەپەلەی گەیاندە خەڵک."

 

 
 
قایمقامی دهۆک لە کۆبوونەوەکەدا راسپێردرا "سەرپەرشیی تیمێک بکات بۆ خەمڵاندنی زیانەکانی زیانلێکەوتووەکان بۆ ئەوەی ئەو خێزانانە قەرەبوو بکرێنەوە."
 
دوایین ئامار لەبارەی زیانەکانی لافاوەکەی دهۆک، ئەمڕۆ لەلایەن ژوورى ئۆپەراسیۆن و بەڕێوەبردنى قەیران و کارەساتی هەرێمی کوردستانەوە بڵاوکرایەوە، تێیدا ئاماژە بەوە کرا، سێ کەس گیانیان لەدەستدا، 11 کەس برینداربوون و 120 کەسیش لە لافاوەکە رزگار کران.
 
بەپێی ئامارەکە، کە ئاماری 36 کاژێری رابردوو بوو "627 کەس لە هۆتێل و مۆتێلەکان نیشتەجێکراون و 160 خانووش زیانیان پێگەیشتووە. هاوکات 50 ئۆتۆمبێل لە دهۆک زیانیان بەرکەوتووە."
 
لافاوەکە لەکاتێکدایە؛ دوو رۆژە شەپۆلێکی بارانبارین هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە. بەگوێرەی راگەیێندراوێکی دیکەی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، لەم شەپۆلەدا کە 48 کاژێرە بەردەوامە، زۆرترین بڕی بارانبارین لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان لە دهۆک تۆمارکراوە کە 200 ملیمەتر بووە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە