رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق دەڵێت، دوای داخستنی کەمپی تازە دێ، ئێستا لە هەرێمی کوردستان 23 کەمپی ئاوارەکان ماون.
عەلی عەباس، گوتەبێژی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق و بەرپرسی لقەکان لە وەزارەتەکە، رۆژی چوارشەممە 20ی ئاداری 2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، دوێنێ کەمپی تازە دێ لە سنووری ئیدارەی گەرمیان داخرا، ئێستا 23 کەمپ لە هەرێمی کوردستان ماون، کە نزیکەی 30 هەزار خێزانیان تێدایە.
گوتەبێژی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق دەڵێت، "ترسمان هەیە لایەنەکانی دیکە بەپێی پێویست ئەرکی خۆیان جێبەجێ نەکەن بۆ خێزانە گەڕاوەکان کە پێویستیان بە خزمەتگوزاریی سەرەکی هەیە، وەک خوێندن، کارەبا، ئاو و تەندروستی."
ئیڤان فایەق، وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق، رۆژی سێشەممە، 19ی ئاداری 2024، بڵاویکردەوە، لەسەر رێنمایی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کۆتاییهێنان بە دۆسیەی ئاوارەکان و لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی پلانی نیشتمانی بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان و تێکەڵکردنەوەیان بە کۆمەڵگە، کەمپی تازەدێ لە سنووری پارێزگای سلێمانی داخرا، دوای ئەوەی دوایین کاروانی ئاوارەکان لەو کەمپە گەڕانەوەی زێدی خۆیان لە پارێزگاکانی دیالە و سەلاحەدین.
کەمپی تازە دێ دەکەوێتە سنووری ئیدارەی گەرمیان لە کەلار، ساڵی 2019 نزیکەی 300 خێزانی ئاوارەی لێبووە، کە خەڵکی جرف سەخر لە بابل و دیالە و سەلاحەدین بوون.
لە گەرمیان دوو کەمپی ئاوارە هەبوون، کەمپی قۆرەتوو و تازەدێ. کەمپی قۆرەتوو کە پێشتر 650 خێزانی ئاوارەی تێدابوو، رۆژی 26ی تشرینی دووەمی 2023 داخرا.
بە گوتەی وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق، سەرجەم ئاوارە گەڕاوەکان، راستەوخۆ چوار ملیۆن دیناریان وەرگرت، هاوکاریی خۆراکیش دەیانگرێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ