لە خورماتوو حەشدی شەعبی بۆردوومان کرا و کوژراو و بریندار هەن

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئەمشەو لە قەزای خورماتوو لە سنووری پارێزگای سەلاحەدین بارەگایەکی حەشدی شەعبی بۆردوومان کرا و کوژراو و بریندار هەن.
 
یاسین محەممەد عەلی داودی، نوێنەری قەزای خوورماتوو لە ئەنجوومەنی پارێزگای سەلاحەدین، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لیوای 52ی حەشدی شەعبی لە فڕۆکەخانەی حلێوە (سدیق) لە قەزای خورماتوو لە رۆژهەڵاتی پارێزگای سەلاحەدین، بۆردوومان کرا."
 
سەبارەت بە زیانەکان، یاسین داودی کە تاکە نوێنەری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە لە ئەنجوومەنە ئاماژەی بەوە کرد، بەگوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکان، یەک چەکداری حەشدی شەعبی کوژراوە کە خەڵکی حەویجەیە و 4 چەکداری دیکەش بریندار بوونە.
 
لیوای 52ی حەشدی شەعبی، هێزێکی تورکمانییە و مەهدی تەقی ئامرلی سەرکردایەتی دەکات. لیواکە سەر بە رێکخراوی بەدرە کە هادی عامری ئەمینداری گشتییەتی.
 
هاوکات، مەهدی تەقی ئامرلی کە هاوکات ئەندامی پەرلەمانی عێراقە، کوژرانی چەکدارێکی حەشدی شەعبی لە هێرشەکەدا بە ناوی قەیس نعێمی راگەیاند.
 

 
هەر لەوبارەوە بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە، 21ی ئازاری 2026، دەستەی حەشدی شەعبی لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، درەنگی شەوی هەینی، لە چوارچێوەی بەردەوامیی دەستدرێژییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر بارەگاکانی حەشدی شەعبی، بارەگای فەوجی چوارەمی لیوای 52 لە فڕۆکەخانەی حلێوە لە قەزای خوورماتوو بۆردوومان کرا.
 
لەبارەی زیانەکانەوە، دەستەی حەشدی شەعبی ئاماژەی بەوە کردووە، چەکدارێکیان کوژراوە و ژمارەیەکی دیکەش برینداربوون.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە