رووداو دیجیتاڵ
پارێزەرێکی لاهوور شێخ جەنگی رایگەیاند، لاهوور شێخ جەنگی لە دوێنێوە مانی لە خواردن گرتووە، ئەوەش وەک ناڕەزاییەک بەرامبەر بەو "ناحەقییەی" کە دەڵێت بەرامبەری دەکرێت، هەروەها رێگری لە ناردنی دۆسیەکانی بۆ دادگەی پێداچوونەوە دەکرێت.
بوورهان رەشید، پارێزەری لاهوور شێخ جەنگی لە بوولتەنی کاژێر 12:00ی تۆڕی میدیایی رووداو، کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات، رایگەیاند، "لاهوور شێخ جەنگی لە دوێنێ نیوەڕۆوە مانی لە خواردن گرتووە. ئەمە وەکو مافێکی مەدەنی و سیاسی و ناڕەزاییەک دژی ئەو ناحەقییەی بەرامبەری دەکرێت."
سەبارەت بە هۆکاری سەرەکی مانگرتنەکە، پارێزەرەکەی لاهوور شێخ جەنگی دەڵێت، "دادگای سلێمانی ئامادە نییە دۆسیەکانیان بنێرێت بۆ دادگای پێداچوونەوە (تەمیز)، ئەوەش هۆکاری سەرەکی مانگرتنەکەیە."
بوورهان رەشید وردەکاری زیاتری خستەڕوو و گوتی، "تەنیا دۆسیەی مادەی 56 بۆ دادگەی پێداچوونەوە نێردراوە، ئەویش کۆپییەکەی نێردراوە. کاتێک کۆپییەکەیان ناردبوو، دادگەی پێداچوونەوە تووڕە ببوون و ناردبوویانەوە. ئێمە 8 بۆ 9 جار لە دادگەی پێداچوونەوەوە نووسراومان هێناوە بۆ گواستنەوەی دۆسیەکە، بەڵام نانێردرێت."
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، پارێزەرەکە دەڵێت، "ئەمڕۆ 12 کەسی دیکە ئازاد کراون. ئەمانە بە تەواوی ئازادکراون نەک بە کەفالەت، واتە دۆسیەکانیان داخراوە." راشیگەیاند، لە کۆی 40 بۆ 41 کەس، ئێستا نزیکەی 28 بۆ 29 کەسیان لە زیندان ماونەتەوە.
دەربارەی دەنگۆی هەر دیدار و کۆبوونەوەیەک، بورهان رەشید گوتی، "هیچ دیدارێک لە نێوان بافڵ تاڵەبانی و لاهوور شێخ جەنگی رووینەداوە." گوتیشی، "لاهوور شێخ جەنگی بە هیچ شێوەیەک ئامادە نییە وڵات جێبهێڵێت، ئەوە مافی خۆیەتی وەک هاووڵاتییەک لێرە بژی."
پارێزەری لاهوور شێخ جەنگی هۆشداریدا لەوەی ئەگەر دۆسیەکان بەزوویی رەوانەی دادگای پێداچوونەوە نەکرێن، تەندروستی مانگرتووەکان بەرەو خراپی دەچێت.
رووداوەکەی لالەزار
شەوی 22ـی ئابی 2025، هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی، کە پێکهاتبوون لە هێزەکانی دژە تیرۆر، ئاسایش و کۆماندۆ گەمارۆی هۆتێل لالەزاری سلێمانییان دا، کە جێگەی مانەوەی لاهوور شێخ جەنگی و بەشێکی بەرپرسانی حیزبەکەی و پاسەوانەکانی بوون.
دوای رازینەبوونی لاهوور شێخ جەنگی بەوەی خۆی رادەست بکات، هێزە ئەمنییەکان هێرشیان کردە سەر هۆتێل لالەزار. دوای سێ کاژێر رووبەڕووبوونەوە، لاهوور شێخ جەنگی و پۆڵادی برای و ئەندامانی هێزەکەی لاهوور شێخ جەنگی دەستگیرکران.
لە پێکدادانەکەی 22ی ئابی 2025دا، ئەوەی بە فەرمی راگەیێندرا گیانلەدەستدانی پێنج کەس و برینداربوونی زیاتر لە 20 کەس بوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ