رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی کەمینەی دیموکراتی لە ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا پڕۆژەیاسایەکی پێشکێشی ئەنجوومەنەکەی کردووە بە ئامانجی رێگریکردن لە وەزارەتی بەرگریی کە هەر فڕۆکەیەک بە دیاری قبووڵبکات و بۆ گواستنەوەی سەرۆکی وڵاتەکەیان بەکاریبێنێت.
پڕۆژەیاساکە ناوی "یاسای گواستنەوەی ئاسمانی سەرۆکایەتییە" بۆ رێگرییە لە وەزارەتی بەرگری لەوەی بتوانێت فڕۆکە لە هەر وڵاتێک بە دیاری وەربگرێت و بۆ گواستنەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و کارمەندانی دیکەی سەرۆکایەتی بەکاریبێنێت.
رۆژی 11ی ئەم مانگە، میدیای ئەمریکا لە زاری چەند سەرچاوەیەکەوە بڵاویکردەوە، قەتەر دەیەوێت فڕۆکەیەک بە دیاریی بداتە دۆناڵد ترەمپ و ئەویش گوتوویەتی، "گەمژەییە" ئەگەر ئەو دیارییە رەتبکەنەوە. فڕۆکەکە لە جۆری 747-8 جەمبۆیە و بەهاکەی 400 ملیۆن دۆلارە.
جاک شومەر، ئەندامی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا و سەرۆکی کەمینەی دیموکرات لەو ئەنجوومەنە لە راگەیێندراوێکدا سەبارەت بە پشکێشکردنی پڕۆژەیاساکە رایگەیاند، "دۆناڵد ترەمپ چەند جارێک پیشانیداوە کە هەموو خەڵکی ئەمریکا و پۆستەکەشی دەفرۆشێت ئەگەر ببنە هۆی پڕبوونی گیرفانی". گوتیشی، هیچ گەرەنتیەکیش نییە کە پیشانیبدات تاوەکو چەند بەکارهێنانی فڕۆکەکە سەلامەتە.
بەشێکی کۆمارییەکانیش نیگەرانی خۆیان لە ئەگەری وەرگرتنی دیارییەکەی قەتەر پشانداوە. دیموکراتەکان زۆرینەیان لە ئەنجوومەنی پیران نییە و ناتوانن پڕۆژەکە تێپەڕێنن بەڵام بەنیازن بیکەنە بەشێک لە پڕۆژەیاسای هەموارکردنەوەی خەرجییەکان کە دەیانەوێت کۆمارییەکان تێیپەڕێنن.
جگە لەم پڕۆژەیاسایە، دەستووری ئەمریکاش وەرگرتنی دیاری لەلایەن بەرپرسانی حکومەتەوە قەدەخەکردووە. بەگوێرەی دەستووری وڵاتەکە، نابێت بەرپرسانی ئەمریکا دیاری لە "هیچ پاشا، شازادە و وڵاتێک" وەربگرن.
چەند جارێک دۆناڵد ترەمپ ناڕەزایەتیی خۆی لەو فڕۆکانە پیشانداوە کە ئێستا بۆ گواستنەوەی بەکاردەهێندرێن. ئێستا دوو فڕۆکەی بۆوینگ 747-200بی بۆ گواستنەوەی سەرۆکی ئەمریکا بەکاردەهێندرێن کە لە ساڵی 1990ەوە لە ئەرکدان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ