وەزیری سامانە سرووشتییەکان: گرێبەستەکانی واشنتن ژێرخانی کارەبا بەهێزتر دەکات

20-05-2025
دیار کوردە @diyarkurda
وەزیری سامانە سرووشتییەکان: گرێبەستەکانی واشنتن ژێرخانی کارەبا بەهێزتر دەکات
وەزیری سامانە سرووشتییەکان: گرێبەستەکانی واشنتن ژێرخانی کارەبا بەهێزتر دەکات
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

لە ڕێوڕەسمێکی تایبەتدا لە واشنتن، بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، حکومەتی هەرێمی کوردستان دوو گرێبەستی گرنگی لە بواری وزەدا لەگەڵ دوو کۆمپانیای ناسراوی ئەمریکی، وێسترن زاگرۆس و HKN Energy، واژۆ کرد.
 
گرێبەستەکان یەکێکیان تایبەتە بە کەرتی گاز و ئەوی دیکەیان تایبەتە بە کەرتی نەوت، کە چاوەڕوان دەکرێت "هەنگاوێکی گەورە" بن بۆ پەرەپێدانی کەرتی وزە و ژێرخانی ئابووری لە هەرێمی کوردستان.
 
کەمال محەممەد، وەزیری سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان، لە لێدوانێکدا ئاماژەی بەوەدا کە ئەو دوو گرێبەستە، بەتایبەتی گرێبەستی تایبەت بە کەرتی گاز، دەبنە هۆی زیادکردنی بەرچاوی ئاستی بەرهەمهێنانی گاز. وەزیری سامانە سرووشتییەکان جەختیشی کردەوە کە "بەهۆی زیادبوونی بەرهەمی گازەوە، بەرهەمی کارەباش زیاد دەکات،" ئەمەش وادەکات ژێرخانی کارەبای هەرێمی کوردستان و عێراقیش بەهێزتر بکرێت.
 
رێوڕەسمی واژۆکردنەکە لە ژووری بازرگانیی ئەمریکا لە واشنتن بەڕێوەچوو کە تێیدا نوێنەرانی هەردوو کۆمپانیا، شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان، نوێنەری وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا و ژمارەیەک دیپلۆماتکاری پێشوو و ئێستا ئامادەبوون.
 
هەردوو کۆمپانیای وێسترن زاگرۆس و HKN Energy پێشینەی کاریان لە هەرێمی کوردستان هەیە و خاوەنی وەبەرهێنانن. سەبارەت بە گرێبەستە نوێیەکان، بەرپرسانی هەردوو کۆمپانیا لێدوانیان بۆ رووداو دا.
 
ئێرک ستۆر، بەڕێوەبەری وەبەرهێنانی نەوت و گاز لە کۆمپانیای وێستێرن زاگرۆس، بە رووداوی راگەیاند: "پێمان وایە ئەمە کێڵگەیەکە کە پێویستە پەرەی پێبدرێت، دەتوانێت ئاستێکی بەرچاوی گازی سروشتی و نەوت بەرهەمبهێنێت. ئەو گازە سرووشتییەش لە ناوچەکە دەبێت بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا، دەتوانێت کارەبا بەشێوەی 24 کاژێری لە رۆژێکدا دابین بکات. پێمان وایە سوودی زۆری دەبێت بۆ کۆمەڵگاکە و ناوچەکەش."
 
لەلای خۆیەوە، راسمس ئینجێڵ، جێگری سەرۆکی ئۆپەرەیشن لە  کۆمپانیای HKN Energy، جەختی لەسەر گرنگی ستراتیژیی ئەم گرێبەستە کردەوە و گوتی: "ئێستا سەرنجمان لەسەر ئەو رێککەوتنە نوێیەیە، کە گازی سرووشتییە. ئامانجی ئێمە ئەوەیە وەبەرهێنان لە گازی هەرێمی کوردستان بکەین و کارەبا دابین بکەین بۆ کورد. ئامانجەکەش ئەوەیە کارەبای 24 کاژێری بێت لە رۆژێکدا لە کوردستان. ئەم کێڵگە گەورەیەی گازیش، بەشێکە لە گەیشتن بەو ئامانجە. بۆیەش ئەمە زۆر ستراتیژییە بۆ کورد و تیمی ئێمەش لە کوردستان. گەشبینین کە ئەمە خۆشگوزەرانی بۆ کوردستان و بۆ عێراقیش دەهێنێت."
 
بەپێی زانیارییەکان، گرێبەستەکانی ئەو دوو کۆمپانیایە دەستبەجێ دەچنە بواری جێبەجێکردنەوە. بەهای گرێبەستەکەی کۆمپانیای HKN Energy لە بواری گازدا دەگاتە نزیکەی 40 ملیار دۆلار، لەکاتێکدا گرێبەستی کۆمپانیای وێستێرن زاگرۆس لە بواری نەوت بەهاکەی دەگاتە 70 ملیار دۆلار. ئەمەش نیشاندەری قەبارەی گەورەی پڕۆژەکان و ئەو کاریگەرییە ئابوورییەیە کە چاوەڕوان دەکرێت لەسەر هەرێمی کوردستان و ناوچەکە بە گشتی دروستی بکەن.
 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بەرگی گۆڤارەکە

دەستنیشانکردنی "ئەندازیارانی ژیریی دەستکرد" لەلایەن گۆڤاری تایمەوە گڕ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەردەدات

ژماریەکی زۆری بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە ئەمریکا و وڵاتانی دیکەی رۆژئاوا، رەخنە لە گۆڤاری تایمی ئەمریکی دەگرن کە "ئەندازیارانی ژیریی دەستکرد"ی وەک کەسایەتیی ساڵ دەستنیشان کرد و، تیشکی خستە سەر ئەو کەسایەتییە دیارانەی بواری تەکنەلۆجیای ئەمریکا کە کارەکانیان لەسەر ئەم تەکنەلۆجیا پێشکەوتووە، ژیانی مرۆڤایەتی دەگۆڕێت