رووداو دیجیتاڵ
قایمقامی شاری سنە رایگەیاند، هێشتا لە 105 گوندی سەر بە شارەکە، کێشەی ئاوی خواردنەوەیان هەیە و بۆ ئەمساڵ بەنیازن پڕۆژەی دابینکردنی ئاوی 21 گوند جێبەجێ بکەن.
ئەمڕۆ سێشەممە، 20ی ئایاری 2025، غەریب سەجادی رایگەیاند، دابینکردنی ئاوی خواردنەوەی پاک بۆ گوندەکان، یەکێک لە گەورەترین ئاڵنگارییەکانە کە رووبەڕوویان بووەتەوە و لە کۆی 198 گوندی شارەکە، لە 105 گوند کێشەی ئاو هەیە.
غەریب سەجادی گوتی، بۆ ئەم ساڵ بەنیازین بە جێبەجێکردنی چەندین پرۆژە، ئاوی خواردنەوە بۆ 21 گوند دابین بکەین و لە حەوت گوندی دیکەش پرۆژەمان بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کەمئاوی هەیە.
بە گوتەی قایمقامی سنە، پار بڕی 500 ملیار تمەن (زیاتر لە 6 ملیۆن دۆلار) بۆ بودجەی ئاوەدانکردنەوەی شارەکە تەرخانکرابوو، کە 25٪ی بۆ کەرتی ئاو بوو، بەڵام سەڕەرای ئەوەش هێشتا کێشەی ئاوی خواردنەوە بەردەوامە.
قایمقامی سنە هەروەها دەڵێت، "بارودۆخی بەنداوی ئازاد کە سەرچاوەی سەرەکیی ئاوی خواردنەوەی شاری سنەیە، جێگەی نیگەرانییە. ئاوەڕۆ و پاشماوەی 57 گوندی دەوروبەری ئەم بەنداوە لە سنووری شاری مەریوان، بەهۆی نەبوونی وێستگەی پاڵاوتن، مەترسی لەسەر سەرچاوە ئاوییەکانمان دروست دەکات. دامەزراندنی وێستگەیەکی پاڵاوتن و پێشکەشکردنی پەروەردەی تەندروستی و چاودێریکردنی ئەو گوندانە زۆر گرنگە."
شاری سنە، ناوەندی پارێزگای سنەیە لە رۆژهەڵاتی کوردستان و بەپێی دوایین ئامارە فەرمییەکان، ژمارەی دانیشتووانی زیاتر لە 600 هەزار کەسە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ