رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکایەتیی بەڕێوەبردنی کارەسات و فریاکەوتنی تورکیا رایگەیاند، کاژێر 09:00ی بەیانیی ئەمڕۆ، بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 5.6 پلە بە پێوەری رێختەر، لە پارێزگای مەڵەتیی باکووری کوردستان روویداوە و لە ناوچەکانی دیکەی باکووری کوردستانیش هەستی پێکراوە.
پەیمانگای کاندێلی: چەقی بوومەلەرزەکە ناوچەی گولوموشاغی بووە
پەیمانگەی توێژینەوەی بوومەلەرزەی کاندێلی لە زانکۆی بۆغازیچیی ئیستەنبووڵ، یەکەمین زانیارییەکانی لەبارەی بوومەلەرزەکەی مەڵەتی بڵاوکردەوە.
بەپێی کاندێلی، گوڕی بوومەلەرزەکە 5.6 پلە بووە و چەقەکەشی ناوچەی گولوموشاغی بووە لە پارێزگاکەی باکووری کوردستان.
بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، بوومەلەرزەکە لە پارێزگاکانی خارپێت، سەمسوور، مەرەش، ئامەد، رووها و دێرسم و چەند پارێزگایەکی دیکەش هەستی پێکراوە.
سەرۆکایەتی بەڕێوەبردنی کارەسات و فریاکەوتنی تورکیا رایگەیاند، تا ئێشتا هیچ پەیوەندییەکیان بۆ هێڵی گەرمی فریاکەوتن 112 پێنەگەشتووە.
سێدار یاڤوز، پارێزگاری مەڵەتییش بە میدیاکانی راگەیاند، هیچ زیانێکی گیانی یان مادی تۆمارنەکراوە.
وەزیرانی تورکیا: هیچ زیانێک لە بوومەلەرزەکەی مەڵەتی تۆمار نەکراوە
عەبدولقادر ئوراڵئۆغڵو، وەزیری گواستنەوە و ژێرخانی تورکیا لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، هیچ گرفت و زیانێک لە رێگەوبانەکان و ژێرخانی پەیوەندییەکاندا دروست نەبووە.
هاوکات مستەفا چیفتچی، وەزیری ناوخۆی تورکیا رایگەیاند، هیچ دۆخێکی نەخوازراو و نەرێنی تۆمارنەکراوە و تیمەکان لەسەر کارەکانیان لە مەیداندا بەردەوامن.
مورات کوروم، وەزیری ژینگە، شارسازی و گۆڕانی کەشوهەوای تورکیا ئاماژەی بەوە کرد،هیچ راپۆرتێکی نەرێنی لەبارەی زیانەکانەوە بەدەست نەگەیشتووە، بەڵام تیمەکان بەردەوامن لە هەوڵ و گەڕانەکانیان.
لە بوومەلەرزەکانی پێشتری مەڵەتیدا زیاتر لە 1200 کەس گیانیان لەدەستدابوو
بەپێی ئامارە فەرمییەکان، لەو دوو بوومەلەرزە بەهێزانەی لە 6ی شوباتی 2023دا روویاندا و چەقەکەیان پارێزگای مەرەش بوو و زیانیان بە 11 پارێزگا گەیاند، لە پارێزگای مەڵەتی 1237 کەس گیانیان لەدەستدا و 6444 کەسی دیکەش بریندار بوون.
هەروەها لە 27ی شوباتی 2023دا بوومەلەرزەیەکی دیکە بە گوڕی 5.6 پلە لە ناوچەی یەشیلیورت لە مەڵەتیی باکووری کوردستان روویدا، کە بەهۆیەوە کەسێک گیانی لەدەستدا و 69 کەسی دیکەش بریندار بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ