رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان رایدەگەیێنێت، پشتیوانیی هەر هەوڵێک دەکەین بۆ ئاشتەوایی نێو ماڵی کورد و کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان و دەڵێت، نابنە بەشێک لە "پەرتەوازەیی و تێکچوونی دۆخی هەرێمی کوردستان."
جوانڕۆ محەممەد، سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان رۆژی چوارشەممە 20ی ئایاری 2026، لە کاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 12:00ی تۆڕی میدیایی رووداودا رایگەیاند، پێویستە پەرلەمانێکی کارا هەبێت کە نوێنەرایەتییەکی راستەقینەی خەڵکی کوردستان بکات و وەڵامدەرەوەی ئەو ناڕەزایەتییانە بێت کە لە شەقامی کوردیدا هەن. جوانڕۆ محەممەد گوتی، "پێویستە پەرلەمانێک هەبێت گرفتەکانی چارەسەر بکرێت."
فراکسیۆنی گۆڕان کە خاوەنی یەک کورسییە لە پەرلەمانی کوردستان، رەتیدەکاتەوە ببێتە تەواوکەری رێژەی یاسایی بۆ کۆبوونەوەی پەرلەمان لە بەرژەوەندیی لایەنێک دژی لایەنێکی دیکە. جوانڕۆ محەممەد لەمبارەیەوە گوتی، "ئێمە نامانەوێت ببین بەشێک لە پەرتەوازەیی و تێکچوونی دۆخی هەرێمی کوردستان. هەرێمی کوردستان بەرگەی قۆڵبادان و یەکترشکاندنی زیاتر ناگرێت."
سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان ئاماژەی بەوەدا، دۆخی ئێستای هەرێمی کوردستان بەهۆی ناکۆکیی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوەیە و گوتی، "راستییەک هەیە بەداخەوە ئەو دابەشبوونەی هەرێمی کوردستانە و لەسەر بنەمای ئەو دابەشبوونەش، دابەشبوونی ژمارەی کورسییەکانە کە هیچ کام لەم دوو هێزە بەبێ یەکتری ناتوانن پەرلەمان کارا بکەنەوە و ناتوانن حکومەت پێکبهێنن."
سەبارەت بە مەترسییەکانی سەر هەرێمی کوردستان، جوانڕۆ محەممەد هۆشداریی دا و رایگەیاند، "ئەوەی لە عێراق و لە چواردەوری هەرێمی کوردستان دەگوزەرێت، بابەتێکی ئاسایی نییە و پێویستمان بە یەکدەنگی، یەکڕیزی و پەرلەمانێکی کارایە."
سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان باسی لەوەش کرد، پەرلەمانێکی کارا بۆ لێپرسینەوە لە حکومەت پێویستە، بەتایبەت لەبارەی داهاتی نەوت و خزمەتگوزارییەکانەوە و گوتی، "دڵمان بە پەرلەمانتاربوون خۆشە کە بتوانین شەڕی راستەقینە لەسەر مافەکانی خەڵک بکەین و لێپرسینەوە لە حکومەت بکەین."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ