رووداو دیجیتاڵ
زیاتر لە دوو هەفتەیە هەڵمەتی رووبەڕووبوونەوەی تووندوتیژی دژی ژنان لە سلێمانی دەستیپێکردووە. بەڕێوەبەری بەشی هۆشیاری لە بەرێوەبەرایەتیی رووبەڕووبوونەوەی تووندوتیژی دژی ژنان و خێزان دەڵێ، تووندوتیژیی ئەلیکترۆنی زیادیکردووە.
راز فریا، بەڕێوەبەری بەشی هۆشیاری لە بەڕێوەبەرایەتیی رووبەڕووبوونەوەی تووندوتیژی دژی ژنان لە سلێمانی، ئەمڕۆ چوارشەممە 20ی ئایاری 2026 بە رووداوی گوت، "هەڵمەتەکەمان یەکەمجار لەنێو فەرمانگە حکومییەکان بوو، بەڵام ئێستا هێناومانەتە نێو مۆڵەکان تاوەکو زۆرترین خەڵک سوودی لێ ببینێت."
سەبارەت بە ئامانجی هەڵمەتەکە، راز فریا گوتی، "دەمانەوێ ژمارەی هێڵی گەرمی بەڕێوەبەرایەتییەکەمان کە ژمارە 119یە زیاتر خەڵك بیزانێت و پەیوەندی بکەن، لەو کاتانەی کە پێویستیانە."
ئەو ژمارەیە بۆ پیاو و ژن جیاوازیی نییە، لە هەر کاتێکدا کێشەی تووندوتیژیی خێزانییان هەبوو دەتوانن پەیوەندیی پێوە بکەن و لەو رێگەیەوە دەتوانن سکاڵا یان راوێژ وەربگرن لە بەرێوەبەرایەتییەکە.
لەبارەی ئاماری پەیوەندییەکانیش بە هێڵی گەرمەوە، بەرێوەبەری بەشی هۆشیاری بەرێوەبەرایەتییەکە دەڵێ، ساڵی رابردوو زیاتر لە سێ هەزار پەیوەندییان پێوەکراوە.
راز فریا دەڵێ، سێ جۆر تووندوتیژی هەیە؛ سێکسی، دەروونی و جەستەیی؛ ئاماژەی بەوەش کرد، لە ساڵی 2014ەوە تووندوتیژی ئابووری زیادیکردووە و هۆکارەکەشی دۆخی داراییە، بەڵام ئێستا "تووندوتیژی ئەلیکترۆنی لە هەموو تاوانەکان زیاترە."
سەبارەت بەو کەسانەی دەتوانن سکاڵا تۆمار بکەن لە رێگەی ئەو ژمارەیەوە، راز فریا دەڵێ، ئەندامانی ماڵبات تاوەکو پلە چوار دەتوانن سكاڵا تۆمار بکەن، بۆ نموونە پورزا، خاڵۆزا و ئامۆزا، ئەگەر زانییان تووندوتیژی بەرامبەر تاکێکی ماڵباتیان دەکرێ.
بەڕێوەبەرایەتییەکە بە یاسای ژمارە 8ی ساڵی 2011ی بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژی دژی خێزان کارەکانی دەکات. رائید راز دەڵێ، "ئێمە تەنیا سکاڵا لە ژنان وەرناگرین، بەڵکو پیاوانیش دەتوانن سکاڵا تۆمار بکەن، بەڵام رێژەی تۆمارکردنی سکاڵای پیاوان دژی ژنان کەمترە و زۆربەی لەو جۆرانەیە کە باوکێک سکاڵای لەسەر کوڕەکەی تۆمار کردووە یان پورزایەک لە خاڵۆزایەکی و دۆخی هاوشێوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ