رووداو دیجیتاڵ
تاوەکو سەرەتای ئەم مانگە کیلۆیەک مریشکی زیندوو لە نێوان 2 هەزار و 250 دینار بۆ 2 هەزار و 400 دینار بوو، ئێستا بەرزبووتەوە بۆ زیاتر لە سێ هەزار دینار و پێشبینی دەکرێ بۆ جەژن زیاتریش بەرزببێتەوە. بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵ دەڵێت، هەناردەکردنی مریشک بەردەوامە بۆ پارێزگاکانی دیکەی عێراق و هۆکارێکی سەرەکی بەرزبوونەوەی نرخیش وەرزی گەرمایە.
یوسف سەردار، فرۆشیاری مریشک لە شاری سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، بەراورد بە 15 رۆژ پێش ئێستا نرخی مریشکی زیندوو بەرزبووەتەوە؛ گوتیشی کیلۆی نزیکەی 2 هەزار و 300 دینار بوو، بەڵام ئێستا بووەتە سێ هەزار دینار.
یوسف محەممەد گوتی، ساڵانە لەکاتی جەژنەکاندا نرخی مریشک بەرز دەبێیتەوە و پێشبینی دەکات ئەمساڵیش نرخەکە لەمەی ئێستا بەرزتر بێتەوە؛ گوتیشی، "نرخی مریشک بەرزدەبێتەوە".
نرخی کیلۆیەک مریشکی زیندوو لە هەولێر گرانترە لە سلێمانی و کیلۆی 3 هەزار و 200 دینارە.
هاوکات، فیراس سدیق، بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، بەرزبوونەوەی نرخی مریشکی زیندوو پەیوەندی بە خستنەڕوو و خواستەوە هەیە و وەزارەتی کشتوکاڵ هیچ بڕیارێکی نەداوە ببێتە هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی مریشک.
فیراس سیدق گوتی، بەرهەمی مریشکی نێوخۆ زیاتر لە ئاستی خۆبژێوی و هەناردەکردنی بۆ پارێزگاکانی دیکەی عێراق بەردەوامە؛ گوتیشی، "هۆکارێکی بەرزبوونەوەی نرخ وەرزی گەرمایە؛ بەشێک لە کێڵگەکان بەهۆی قورسی بەخێوکردنی جووجکەوە لەبەر گەرما مریشک بەرهەم ناهێنن؛ لە پارێزگاکانی دیکەی عێراقیش تێچووی گەورەکردنی جووجک بە گەرما زیاترە و زۆری مردار دەبێت و بەرهەمیان کەمبووەتەوە و زیاتر لە هەرێمی کوردستانەوە دەیبەن، ئەوەش هۆکارێکی دیکەی بەرزبوونەوەی نرخە".
بەگوێرەی ئاماری سامانی ئاژەڵ بۆ رووداو، هەرێمی کوردستان ساڵانە پێویستی بە 146 هەزار تۆن گۆشتی مریشكە، بەڵام زیاتر لە 250 هەزار تۆن گۆشتی مریشک بەرهەم دەهێندرێت و زیاتر لە 100 هەزار تۆنی هەناردەی پارێزگاکانی عێراق دەکرێت.
لە هەرێمی کوردستان 33 پڕۆژەی بەرهەمهێنانی هێلکە هەن، 15 پرۆژەیان لە سنووری پارێزگای هەولێرن، 11 پڕۆژە لە سلێمانی، پێنج پڕۆژە لە دهۆک و دوو پڕۆژەش لە گەرمیانن.
ژمارەی پەلەوەرخانەکانیش لە هەرێمی کوردستان هەزار و 840 پەلەوەرخانەن؛ هەولێر 576، لە سلێمانی 727، لە دهۆک 344، لە هەڵەبجە 35 و لە گەرمیان 158 پەلەوەرخانە هەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ