رووداو دیجیتاڵ
پارێزگاری هەولێر دەڵێت، بۆ رووبەڕووبوونەوەی کەمئاوی، لە پێنج ساڵدا بە گوژمەی 100 ملیار دینار بیری جێگرەوە لە پارێزگاکە لێدراون؛ ئاماژە بەوەش دەکات، 130 ملیار دینار بۆ دروستکردنی ''رێڕەوی سرووشتیی ئاو و ئاوەڕۆکان'' تەرخانکراوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە 20-07-2025، لە رێوڕەسمێکی تایبەتدا، بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان هێڵی یەکەمی پڕۆژەی فریاگوزاریی خێرای ئاوی هەولێر بە فەرمی کرایەوە.
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە رێوڕەسمەکەدا گوتارێکی پێشکێشکرد و پڕۆژەکەی بە ''زۆر گرنگ و مێژوویی'' ناوبرد.
ئومێد خۆشناو رایگەیاند، لە دەستپێکی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە دەستیان بە دانانی پلانی ستراتیژی بۆ بەرەنگاربوونەوەی کەمئاوی و مەترسییەکانی لافاو کردووە.
بەشێک لە ئاوی هەولێر لە رێگەی بیرەکانەوە دابین دەکرێت. بەگوتەی پارێزگاری هەولێر، ''لە پێنج وەرزی هاویندا (ساڵەکانی 2021 - 2025) بە گوژمەی زیاتر لە 100 ملیار دینار بیری جێگرەوە لە گەڕەکەکان لێدراون.''
وەک ئومێد خۆشناو دەڵێت، هەر لەو ماوەیەدا بڕی 130 ملیار دینار بۆ دروستکردنی ''رێڕەوی سرووشتیی ئاوی هەولێر و ئاوەڕۆکان'' تەرخانکراوە.
پارێزگاری هەولێر لە درێژەی پلانە ستراتیژییەکانی حکومەت بۆ ''بەرەنگاربوونەوەی کەمئاوی، پاراستنی ئاوی ژێرزەوی و رێگریکردن لە زیانەکانی لافاو'' گوتی: ''سەرەڕای دروستکردنی چوار بەنداوی گەورە لە سنووری پارێزگاکە، چەندین بەنداوی بچووکی دیکە دروست کراون و ژمارەیەکیشیان هێشتا کاریان تێدا دەکرێت''.
ئومێد خۆشناو ئاماژەی بە پڕۆژەی فریاگوزاریی ئاوی هەولێر کرد و گوتی، سەرەڕای بەرفراوانبوون و ستراتیژیبوونی پڕۆژەکە، بە کەمتر لە ساڵێک لەلایەن کۆمپانیایەکی نێوخۆیی جێبەجێکراوە.
بەشێکی هەولێر ساڵانە لە وەرزی هاویندا کێشەی کەمئاوی بۆ دروست دەبێت. بۆ بنبڕکردنی کێشەکە 08-09-2024 مهسرور بارزانی، سهرۆكی حكومهتی ههرێمی كوردستان بهردی بناخهی پڕۆژهی فریاگوزاریی خێرای ئاوی ههولێری دانا.
گوژمەی تایبەت بە پڕۆژەکە نزیكەی 480 ملیۆن دۆلارە و توانای هەیە لە یەک کاژێردا 20 هەزار مەتر سێجا ئاو بۆ هەولێر دابین بکات کە دەکاتە 60%ی پێویستیی هەولێر بە ئاو و 40%ـەکەی دیکەش لە رێگەی هەرسێ پڕۆژەی ئیفراز (یەک، دوو، سێ) دابین دەکرێت.
پڕۆژەی فریاگوزاریی ئاوی هەولێر لە هێڵە جیاوازەکانییەوە ئاو دەگەیێنێتە چوار حەوزی گەورە و لەوێوە رەوانەی هەولێر دەکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ