رووداو دیجیتاڵ
سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ دەڵێت، لەماوەی ساڵێکدا 115 پڕۆژەیان لە زاخۆ خستووەتە واری جێبەجێکردنەوە و دەشڵێت، بە درێژایی 108 کیلۆمەتر قیرتاوکردنی شەقام و کۆڵانەکانی شارەکە دەستیپێکردووە و بەر لە وەرزی سەرما تەواو دەبن. ئاماژە بەوەش دەکات کە لە دوای ئەم زستانە، تەواوی گەڕەک و کۆڵانەکانی شارەکە قیرتاودەکەن.
رۆژی سێشەممە، 20-9-2022، گوهدار شێخۆ، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ میوانی بوولتەنی نیڤڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو بوو کە شەهیان تەحسین پێشکێشی دەکات و رایگەیاند: "ساڵێکە زاخۆ بووەتە ئیدارەی سەربەخۆ و لەو ماوەیەدا بەشێکی تواناکانمان بۆ دانانی بەڕێوەبەرایەتییەکان بووە. پێش بوونە ئیدارەی سەربەخۆ خزمەتگوزاریی ئەوتۆی بۆ نەکرابوو، بەڵام ئێستا بە پاڵپشتیی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان خزمەتگوزاری لە هەموو سێکتەرەکاندا پێشکێش دەکەین و تاوەکو ئێستا 115 پڕۆژەمان دەستپێکردووە".
گوهدار شێخۆ دەڵێت، هەرچەندە چەند ساڵێکە دامەزراندن لە هەرێمی کوردستان راوەستاوە، بەڵام بۆ کەرتی تەندروستی و پەروەردە لە هەوڵدان بە گرێبەست و وانەبێژ ئەو بۆشاییانەی لەو دوو کەرتەدا هەیە پڕیبکەنەوە. بۆ بەڕێوەبەرایەتییەکانیش پێویستیان بە هەر پسپۆڕییەک بووبێت دەرگەیان بەڕووی هەموواندا واڵا کردووە جا بە گرێبەست بێت یان دامەزراندن.
هەردوو دەروازەی سنووری ئیبراهیم خەلیل و پێشابوور لە سنووری ئیدارەی زاخۆن و سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆش روونیدەکاتەوە: "دەروازە سنوورییەکانی پێشابوور و ئیبراهیم خەلیل هیچیان لەژێر دەسەڵاتی ئێمە و پارێزگای دهۆکیش نین، بەڵکو هەردووکیان راستەوخۆ لەژێر دەسەڵاتی وەزارەتی دارایین، بەڵام وەک بەڕێوەبەری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ هەر کاتێک گرفتێک هەبووبێت و پێویستی بە دەستوەردانی ئێمە بووبێت، بە خۆشحاڵییەوە بەڕێوەبەری هەردوو دەروازە سنوورییەکە لەگەڵمان هەماهەنگ بوونە بۆ چارەسەری کێشەکان".
گوهدار شێخو لەبارەی بودجەی تەرخانکراو بۆ ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ لەماوەی ساڵی رابردوودا گوتی: "حکومەتی هەرێمی کوردستان 25 ملیار دیناری وەک بودجەی پەرەپێدان بۆ ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ تەرخانکردووە کە پڕۆژەکانی پێ خراوەتەکار و بەدەر لەمەش، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بودجەیەکی تایبەتی بۆ رێگەوبان تەرخانکردووە کە لە قۆناخی یەکەمدا 108 کیلۆمەتر شەقام و کۆڵان قیرتاو دەکرێت و پێش هاتنی زستان کۆتاییان دێت. دوای زستانیش قۆناخی دووەم دەستپێدەکەین و سەرجەم شەقام و کۆڵانەکانی زاخۆ قیرتاو دەکرێن".
سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ گوتیشی: "بۆ کەرتی تەندروستی نەخۆشخانەیەکی فریاکەوتنی سەردەمیانەمان دروستکردووە و هەموو ئامێر و پێداویستییەکانی دابینکراوە و بنکەکان نۆژەن کراونەتەوە و بنکەی نوێش دروستکراوە، بەگشتی پاکێجێکی بەرفراوانی تەندروستیمان لە زاخۆ خستووەتە کار".
سەبارەت بە کەرتی پەروەردەش، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ گوتی: "ئەمساڵ 38 قوتابخانەمان نۆژەنکردووەتەوە و بڕیاری دروستکردنی چوار قوتابخانەی نوێ دراوە کە دوو لەوان تەواوبوون و دووەکەی دیکەش لە قۆناخی کۆتاییدان و لە داهاتوویەکی نزیکیشدا بەردی بناخەی چەند قوتابخانەیەکی دیکە دادەنرێت".
پێشتر رەزامەندی لەسەر دابەشکردنی پێنج هەزار پارچە زەوی لە زاخۆ درابوو و ئەو هاووڵاتییانەی لەو دابەشکردنە سوودمەندبوون، تاوەکو ئێستا لە چاوەڕوانی وەرگرتنی زەوییەکەیانن.
گوهدار شێخو لەوبارەوە دەڵێت: "دوای دەستبەکاربوونی من، دۆسیەکەم بە تەواوەتی پێشکێشی وەزارەتی شارەوانی کرد و لەگەڵ ئەنجوومەنی وەزیرانیش لەسەر هێڵین، تەنانەت لە شارەوانی زەوییەکەش دەستنیشانکراوە و بڕوام وایە بەمنزیکانە زەوییەکان دابەش دەکرێن، لەبەر ئەوەی سەرۆکوەزیران رەزامەندیداوە و تەنیا کارە تەکنیکییەکانی ماون".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ