ئاوی ژێرزەویی گەرمیان: ئاوی سنوورەکە لە ئاستی مەترسیداردا نییە

20-09-2025
پەیمان محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

بەڕێوەبەری ئاوی ژێرزەویی گەرمیان دۆخی ئاوی سنوورەکە بە ''ئاسایی'' ناودەبات و دەڵێت، ئەگەر ریسایکلین بۆ ئاوی بەکارهاتووی ماڵان بکرێ و بۆ کشتوکاڵ بەکاربهێندرێتەوە، ئاوی ژێرزەوی زیاتر دەپارێزرێ.
 
ئەمڕۆ شەممە 20-09-2025، حامید جومعە، بەڕێوەبەری ئاوی ژێرزەویی گەرمیان لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژیر 14:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە رێبوار عەلی پێشکێشیکرد، لەبارەی دۆخی ئاوی سنوورەکە رایگەیاند، تاوەکو ئێستا ئاستی ئاوی ژێرزەوی لە گەرمیان ئاساییە و نەگەیشتووەتە رێژەیەک کە مەترسیدار بێت.
 
حامید جومعە ئاماژەی بەوە کرد، پێویستە گرنگیی زیاتر بە شێوەی ئیدارەدانی ئاو بدرێت، ''چونکە ئەو ئاوەی بەفیڕۆ دەچێت، زۆر زیاترە لەو ئاوەی بەکاردەهێنرێت.''
 
بەگوتەی بەڕێوەبەری ئاوی ژێرزەویی گەرمیان، ساڵانە ئاستی ئاوی ژێرزەوی لە مانگەکانی پێنج تاوەکو 10 دادەبەزێ و رایگەیاند: ''ئەوە لە سنووری ئێمە ئاساییە و لەکاتی بارانبارینیشدا، ئاو دەگەڕێتەوە ئاستی ئاسایی خۆی.''
 
کەمیی باران بووەتە هۆی زیانگەیاندن بە کشتوکاڵی دێمی کە بەشێکی گەورەی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان پێکدەهێنێت. حامید جومعە دەڵێت: ''کاتێک ئاوی سەرزەوی کەم دەبێتەوە، کاریگەری دەخاتە سەر کەرتی کشتوکاڵ و پەنا دەبرێتە بەر لێدانی بیر. ئەوەش بەکارهێنانی ئاوی ژێرزەوی زیاتر دەکات.''
 
حامید جومعە وەک رێکارێک بۆ ئیدارەدانی باشتری ئاو باس لە ''ریسایکلین''ـی ئاوی بەکارهاتووی ماڵان دەکات و دەڵێت: ''ئەگەر ریسایکلین بۆ ئاوی بەکارهاتوو بکرێ، دواتر بۆ کشتوکاڵ بەکاردەهێنرێتەوە. ئەوکات ئاوی ژێرزەویش تەنیا بۆ خواردنەوە دەبێت و وەک خۆی دەمێنێت.''
 
بەڕێوەبەری ئاوی ژێرزەویی گەرمیان ئەوەشی خستەڕوو، لە هەندێک ناوچەی ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان، ئاستی ئاوی ژێرزەوی نزیکەی 45 مەتر دابەزیوە، ''بەڵام رێژەی دابەزینەکە ئاساییە و بەراورد بە هەولێر، سلێمانی و دهۆک زۆر کەمترە.''
 
باران دۆخی ئاوی ژێرزەوی و سەرزەوی باشتر دەکات. سەرەتای وەرزی بارنبارین لە دۆخی ئاساییدا، ساڵانە لە مانگی ئەیلوول دەستپێدەکات و تاوەکو مانگی کۆتایی بەهار بەردەوام دەبێت.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە