کۆمیسیۆن: رێژەی بەشداری لە دەنگدانی گشتی 72٪ بووە

20-10-2024
مالیک محەممەد
A+ A-
 

رووداو دیجیتاڵ 

کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەڵێت، رێژەی بەشداری لە دەنگدانی گشتی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان 72٪ بووە؛ زۆرترین رێژە لە پارێزگای دهۆک بووە کە 78٪ـە.
 
ئەمڕۆ یەکشەممە، 20ـی تشرینی یەکەمی 2024، ئەیسەر یاسین، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی هاوبەشدا لەگەڵ بەرپرسی دەستەی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رێژەی بەشداریی هاونیشتمانییانی لە هەڵبژاردن راگەیاند.
 
گوتەبێژی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان بۆ خولی شەشەمی پەرلەمان رایگەیاند: "لە کۆی 98٪ـی داتاکانمان؛ لە دهۆک رێژەی بەشداریی 78٪؛ هەولێر 74٪؛ سلێمانی 65٪ و هەڵەبجەش 69٪ بوو، کە بە کۆی گشتیی دەکاتە 72٪ـی بەشداریی کردن لە سەرجەم بازنەکانی هەڵبژاردن."
 
هاوکات نەبەرد عومەر، بەرپرسی دەستەی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنی عێراق، ئاماژەی بەوە کرد، "ئەمڕۆ کاژێر 06:00ـی ئێوارە بە سەرکەوتوویی پڕۆسەی هەڵبژاردن کۆتایی هات، تەنیا چەند کێشەیەکی بچووکی تەکنیکی هەبوون کە سەرجەمیان چارەسەر کران. ئێمە زۆرسوپاسی هێزەئەمنییەکان و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین کە زۆر هاوکار و هاوئاهەنگمان بوون لە ئەنجامدانی پڕۆسەکە بە سەرکەوتوویی."
 
نەبەرد عومەر ئاماژەی بەوەش کرد، "سبەینێ سندووقی سکاڵاکان دەگاتە ئۆفیسی سەرەکیی، کە لەوێدا پێداچوونەوەی تەواویان بۆ دەکرێت و دواتر بڕیار لەسەر یەکلایی کردنەوەیان دەدەین."
 
ئەمڕۆ یەکشەممە، دەنگدانی گشتیی بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەچوو.
 
 

 

 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە