پارێزگاری هەولێر: گرفتی کەمیی کارەبامان هەیە

20-11-2025
پەیمان محەممەد
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر.
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر.
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

پارێزگاری هەولێر دەڵێت، دوای یەکەم بارینی وەرزی بارانبارینی ئەم ساڵ، گرفتی کەمیی کارەبا بەردەوامە؛ داواش لە وەزارەتی کارەبا دەکات بڕی بەرهەمهێنانی کارەبا زیاتر بکات.
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە 20-11-2025، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، ئامادەکاریی تەواو بۆ کەمکردنەوەی مەترسییەکانی دروستبوونی لافاو کراوە.
 
ئومێد خۆشناو وەک پلانی ستراتیژیی پارێزگا بۆ بەرەنگاربوونەوەی لافاو ئاماژەی بە دروستکردنی بەنداو، گۆم، ئاوەڕۆی سندووقی و لوولەلیی کرد لە ماوەکانی رابردوودا و گوتیشی، ''نزیکەی 700 کیلۆمەتر رێڕۆی سرووشتیی ئاو لە چواردەوری هەولێر خاوێنکراونەتەوە و فراوان کراون و بەشێک لە پڕۆژەکانیش تاوەکو ئێستاش کاریان لەسەر دەکرێ'.'
 
جیا لە پڕۆژە ستراتیژییەکان، وەک پارێزگاری هەولێر دەڵێت، ''پلانی دووەم لە وەرزی بارانباریندایە و ئێمە لە مانگی ئەیلوولەوە ئامادەکارییەکانی وەک کردنەوەی مەنهۆڵەکان دەستیان پێکردووە.''
 
چەند رۆژێکە لە ناحیەی شەمامک و بەشێکی دیکەی پارێزگای هەولێر ماوە ماوە کارەبا دەپچڕێ. ئومێد خۆشناو لەوبارەوە گوتی: ''ئەوەی ناحیەی شەمامک جیاوازە و هۆکارەکەی سووتانی بگۆڕەرە (محاویل) و لەبەر ئەوەی لە دەرەوەی وڵات چارەسەر دەکرێ، کاتی پێویستە.''
 
بەگوتەی پارێزگاری هەولێر، ''لەو چەند رۆژەدا لە دەوروبەری هەولێر، قەزا، ناحیە و گوندەکان گرفتێکی زۆری کارەبامان هەیە، چەند کاژێرێکیش لەنێو سەنتەری شار ئەو گرفتە هەیە. هۆکاریش ئەو لۆدە بوو کە لە یەکەم بارانی وەزری بارانبارینی ئەم ساڵ دروست بوو.''
 
بەرەبەیانی شەممە 15ـی تشرینی دووەم، یەکەم شەپۆلی بارانبارینی ئەم وەرزەی بارین هەرێمی کوردستانی گرتەوە و دوو رۆژ بەردەوام بوو. وەک ئومێد خۆشناو دەڵێت، ''لەکاتی یەکەم باراندا بەشێک لە بڕی کارەبا و بەرهەمهێنان لە شوێنەکانی دیکە بەتایبەتی سلێمانی تووشی گرفت بوو، ئێستا بەشێک لە کارەبا دراوەتە ئەو پارێزگایە و ئەو بڕەی ئێستا بە ئێمە دەدرێت، پێویستی بە زیادکردن هەیە.''
 
پارێزگاری هەولێر داوا لە وەزارەتی کارەبا دەکات بڕی بەرهەمهێنانی کارەبا زیاتر بکات و دەڵێت، ''ئەو لۆدەی لە چەند رۆژی رابردوودا دروست ببوو، هێشتا بەردەوامە. لەگەڵ وەزارەتی کارەبا، جەنابی وەزیر، تیمەکانی وەزارەت و تەنانەت نووسینگەی بەڕێز سەرۆکوەزیرانیش لە گفتوگۆداین و هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکە دەدەین.''
 
لە رۆژانی ئاساییدا لە هەرێمی کوردستان 4200 مێگاوات کارەبا بەرهەم دەهێندرێ. بەپێی ئاماری وەزارەتی کارەبا، ملیۆنێک و 131 هەزار هاوبەشی کارەبا لە هەرێمی کوردستان هەن، زۆرترینیان لە هەولێر و کەمترینیشیان لە سنووری پارێزگای هەڵەبجەن.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە