رووداو دیجیتاڵ
دوران کاڵکان، ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەری پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکە رەتیکردەوە دواکەوتنی بڵاوکردنەوەی پەیامەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان پەیوەندی بە ئەوانەوە هەبێت و گوتی: "ئێمە بۆ رێنماییەکانی رێبەر ئاپۆ بە بڕیارین."
دوران کاڵکان، لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ میدیای پەکەکە رایگەیاند، وا بڵاوکرایەوە کە رێبەر ئاپۆ لە 15ی شوبات پەیامێک بڵاودەکاتەوە، بەڵام ئەو رۆژە تێپەڕی و پەیامەکە بڵاونەکرایەوە.
ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەری پەکەکە گوتی: "بە دڵنیاییەوە ئەم دۆخە هیچ پەیوەندییەکی بە ئێمەوە نییە. واتە هیچ بەربەست و دواخستنێک لەلایەن بزووتنەوەکەمانەوە نەبووە. لە داهاتوودا لە هۆکاری ئەم دواکەوتنە تێدەگەین."
دوران کاڵکان پشڕاستیکردەوە کە نامەیەکیان لە عەبدوڵڵا ئۆجەلانەوە پێگەیشتووە و گوتی: "ئەوەی ئێمە تێگەیشتین ئەوەیە رێبەر ئاپۆ زۆر بە روونی و بە ئیرادەوە لە هەوڵی چارەسەرکردنی پرسی کورد و دیموکراتیزەکردنی تورکیایە لەسەر بنەمای ئازادی، گۆڕان و گۆڕانکاری دەوڵەت و کۆمەڵگای تورکیا لە بواری سیاسیدا."
سەبارەت بە تێڕوانینی ئەوان بۆ ئەو پرۆسە بێ ناوەی لە بارەی پرسی کورد لە تورکیا لە ئارادایە، گوتی: "ئێمە هەمیشە دەڵێین تائێستا بەگوێرەی بڕیارەکانی رێبەر ئاپۆ نزیکی دۆخەکە بووینەتەوە و بە دڵنیاییەوە لەمەودوا ئەم هەڵوێستەمان بەردەوام دەبێت."
بەگوتەی دوران کاڵکان، هەندێک کەس هەن ئاستەنگ بۆ پرۆسەکە دروست دەکەن و نایانەوێت پرۆسەکە سەربگرێت، بەڵام دەڵێت: "ئەوانە هەوڵ دەدەن ناکۆکی و شەڕ له نێوان گەلی کورد و تورک دروست بکەن و بەمشێوەیە قازانج دەکەن، بەڵام شکست دەهێنن."
سەبارەت بە سەردانی شاندی دەم پارتی بۆ باشووری کوردستان، دوران کاڵکان گوتی: "ئێمە ئەو کۆبوونەوانە بە گرنگ دەزانین، بە وردی بەدواداچوونیان بۆ دەکەین. پێمانوایە سەردانەکان ئەرێنی دەبن." گوتیشی: "رەنگە لە رابردوودا ململانێ و ناکۆکی لە نێوان لایەنەکان هەبوو بێت، بەڵام ئێستا دۆخێکی مەترسیدار لە کوردستان و رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا هاتووەتە ئاراوە. لە داهاتوودا ئەم دۆخە قووڵتر دەبێتەوە و بەردەوام دەبێت."
گفتوگۆکان لەبارەی پرسی کورد لە 1ـی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردوو دەستیانپێکرد، کاتێک دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی نەتەوەپەرسی تورکیا - مەهەپە، داوای لە دەم پارتی کرد دیدار لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە ساز بکات.
دەم پارتی رۆژی 26ـی کانوونی یەکەمی 2024، بە مەبەستی سازکردنی دیدار لەگەڵ ئۆجەلان، داواکاریی پێشکێشی وەزارەتی دادی تورکیا کرد و داواکە پەسندکرا.
رۆژی شەممە، 28ی کانوونی یەکەمی 2024، شاندی دەم پارتی کە پێکهاتبوون لە پەروین بوڵدان، پەرلەمانتاری دەم پارتی لە بازنەی وان و سری سورەیا ئۆندەر، بریکاری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا، سەردانی ئۆجەلانیان لە گرتووخانەی ئیمراڵی کرد.
رۆژی دووشەممە، 20ی کانوونی دووەمی 2025 بوو. دەم پارتی بۆ جاری دووەم داوای مۆڵەتی لە وەزارەتی دادی تورکیا کرد شاندەکەی سەردانی ئیمراڵی بکاتەوە، داواکارییەکەی پەسندکرا.
شاندی دەم پارتی، کە ئەم هەفتەیە سەردانی هەرێمی کوردستانیان کرد و نێوەڕۆکی پەیامەکانی ئۆجەلانیان لەگەڵ سەرکردایەتیی کورد تاوتوێکرد، بڕیارە بۆ جاری سێیەم سەردانی ئیمراڵی بکەنەوە.
رۆژی پێنجشەممە، 20ـی شوباتی 2025، یڵماز تونچ، وەزیری دادی تورکیا، رایگەیاند، تاوەکو ئێستا شاندی دەم پارتی داواکاری فەرمییان پێشکێش نەکردوون. ئەگەر پێشکێشی بکەن، هەڵسەنگاندنی بۆ دەکەن. گوتیشی: "بە دڵنیاییەوە بۆ بەرژەوەندیی گشتیی وەڵامی ئەرێنیشمان دەبێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ