رووداو دیجیتاڵ
نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتیی ئەورووپا لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوەی هۆڵەندا کۆبووەوە. لە کۆبوونەوەکەدا دۆخی سووریا، رۆژئاوای کوردستان و هەنگاوەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان تاوتوێ کران.
رۆژی شەممە، 21ـی شوباتی 2026، د. دلاوەر ئاژگەیی، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتیی ئەورووپا، لەگەڵ گووشێ ئالتێس، بەرپرسی بەشی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باکووری ئەفریقا لە وەزارەتی دەرەوەی هۆڵەندا کۆبووەوە.
لە دیدارەکەدا تیشک خرایە سەر دوایین پێشهاتە سیاسییەکانی ناوچەکە و تێڕوانینی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ رووداوەکان.
نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتیی ئەورووپا بە رووداوی گوت: "تەوەرێکی سەرەکی کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە دۆخی سووریا و رۆژئاوای کوردستان. هەردوولا جەختمان لەسەر چارەسەری ئاشتییانە و دیالۆگ کردەوە و هاوڕابووین لەسەر پێویستیی رێزگرتن لە مافەکانی گەلی کورد و پێکهاتەکانی دیکە لە داهاتووی سووریادا."
د. دلاوەر ئاژگەیی گوتیشی: "هۆڵەندا دەستخۆشی لە هەوڵەکانی سەرکردایەتیی سیاسیی هەرێمی کوردستان و بەتایبەتی سەرۆک مەسعود بارزانی کرد بۆ چەسپاندنی ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەکەدا."
لە کۆبوونەوەکەدا باس لە دوایین هەنگاوەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بارودۆخی سیاسیی عێراق کرا "هەردوولا ئارەزووی خۆمان بۆ پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و شانشینی هۆڵەندا دەربڕی."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ