کوردستان
بەڕێوەبەری راگەیاندنی هاتووچۆی دهۆک: رێوشوێنی تووند گیراوەتەبەر بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکانی حکومەت
رووداو - هەولێر
لە دهۆک رێوشوێنی ئەمنیی تووند بۆ قەدەخەی هاتووچۆ لە سەیرانگە و ناوچە گەشتیارییەکان گیراوەتەبەر، بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی دهۆکیش دەڵێ، سەیرانگەکان چۆڵن و هیچ گەشتیارێکیان تێدا نییە.
ئازاد تەها، بەڕێوەبەری راگەیاندنی هاتووچۆی پارێزگای دهۆك بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "تیمەکانمان لە بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی دهۆک و هێزە ئەمنییەکان رێوشوێنی تووندیان بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکانی حکومەت و رێنماییە تەندروستییەکان گرتووەتەبەر، ئێستا لە هەر 500 مەترێک مەفرەزەیەکی هێزە ئەمنییەکان دانراوە".
بەڕێوەبەری راگەیاندنی هاتووچۆی پارێزگای دهۆك گوتیشی "تیمەکانمان لە سەیرانگەکان، شوێنە گەشتیارییەکان و مەزرەعەکان بڵاوکردووەتەوە بۆ رێگریکردن لە گەشتیاران، هەموو سەیرانگەکانی سنووری پارێزگای دهۆک چۆڵن، هەر کەسێکیش سەرپێچی بکات، بەپێی رێنماییەکانی وەزارەتی ناوخۆ سزا دەدرێت".
ئازاد تەها داوای لە هاونیشتمانیان کردووە کە لە ماڵەکانیان بمێننەوە و بۆ گەشت و سەیران نەچنە دەرەوە.
لە پارێزگای دهۆک تاوەکو ئێستا یەک تووشبووی ڤایرۆسی کۆرۆنا تۆمارکراوە کە لە ئەڵمانیا گەڕاوەتەوە. لە هەرێمی کوردستانیش تاوەکو ئێستا 47 کەس تووشی ڤایرۆسەکە بوون، 13 کەس چاکبوونەتەوە و یەک کەسیش گیانی لەدەستداوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ