رووداو دیجیتاڵ
ساڵانە لە ئامەد لە باکووری کوردستان، گەورەترین کەرنەڤاڵی نەورۆز بەڕێوەدەچێ. ئاگر دەکرێتەوە، ئاهەنگ دەگێڕدرێ و پەیامی سیاسیی پێشکێش دەکرێ. رێکخەرێکی رێوڕەسمەکە دەڵێ: "هەموو ئامادەکارییەک کراوە".
نەورۆز لە ئامەد ساڵانە بە (نەورۆزی ملیۆنی) دەناسرێ و تێیدا چەندین پەیامی سیاسیی پێشکێش دەکرێن. بەگوێرەی زانیارییەکان، ئەمڕۆ جگە لە پەیامی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری پەکەکە و هاوسەرۆک و بەرپرسانی دەم پارتی، گوتاری نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەلایەن دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانەوە پێشکێش دەکرێ.
"هەموو ئامادەکارییەک کراوە"
هەر لە کاژێرەکانی بەیانیی ئەمڕۆ 21ـی ئادارەوە، هاونیشتمانیان بە جلوبەرگی کوردی و بە جۆشەوە لە هەموو شارەکانی دیکەی باکووری کوردستانەوە روویان لە گۆڕەپانی ئاهەنگگێڕانی نەورۆزی ئامەد کرد.
تۆڕی میدیایی رووداو هاوشێوەی ساڵانی رابردوو، ئەم ساڵیش رووماڵێکی فراوانی نەورۆزی ئامەد دەکات و تیمی زیاتری ناردووەتە باکووری کوردستان، لەنێویاندا پێشکێشکار هێڤیدار زانا.
دەمەت جەیلان، ئەندامی کۆمیتەی ئامادەکاری نەورزۆی ئامەد، لە گۆڕەپانی ئاهەنگەوە میوانی رووداو بوو و گوتی: "چەند هەفتەیەکە ئامادەکاری تەکنیکی دەکرێ، تاوتوێی پەیامەکان و بەشداربوونی خەڵک دەکرێ و هەموو ئامادەکارییەک کراوە".
لەنێو پەیام و پۆستەرەکانی گۆڕەپانی ئاهەنگگێڕانەکەدا گوتەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری پەکەکە دەبیندرێن. جەیلان دەڵێ: "هەندێک ئاستەنگ بۆ پۆستەر و ئاڵاکان هەبوو، بەڵام دواتر چارەسەر کران".
ئەو ئەندامەی کۆمیتەی ئامادەکاریی ئاهەنگەکە گوتی، ئەمڕۆ پەیامی عەبدوڵڵا ئۆجەلان و پەیامی دەم پارتی دەبێ و هەموو پەیامەکان تایبەت دەبن بە ئاشتییەکی هەمیشەیی.
پەیامی هاونیشتمانیان لە ئامەد: ئاشتییمان دەوێ
ئەم ساڵ بەهۆی پڕۆسەی ئاشتییەوە، هاونیشتمانییانی باکووری کوردستان بە جۆشێکی زیاترەوە دەچنە گۆڕەپانی نەورۆزی ئامەد، زۆرینەیان لە قسەکانیاندا بۆ رووداو، داوای ئاشتی و نەهێشتنی یەکجاریی شەڕ دەکەن.
گەنج، پیر، منداڵ، ژن و پیاو و بە گرووپ و تاک تاک روو لە گۆڕەپانی نەورۆزی ئامەد دەکەن. گەنجێک گوتی: "لە کاژێر 04ـی بەیانییەوە لە شاری سێرتەوە بەڕێکەوتووم، هەموو کارێکی ماڵم جێهێشت بۆ ئەوەی لە نەورۆزی ئامەد بەشداری بکەم".
خەلیل دەمیر، هاونیشتمانییەکی بەتەمەنی پیرسوس لە ئامەدەوە بە رووداوی گوت: "گەلەکەمان، تورک و عەرەبیش لەنێودەچن.ئیدی بەسە و ئاشتیمان دەوێ".
ژنێکی بەتەمەن لەکاتی چوونی بۆ گۆڕەپانی ئاهەنگی نەورۆز بە رووداوی گوت: "ئەمڕۆ نەورۆزی کورد پیرۆز دەکەین؛ دەچین ئاهەنگ دەگێڕین و هەڵپەڕکێ دەکەین".
هاونیشتمانییەک لە شاری مێردینەوە بۆ نەورۆز خۆی گەیاندووەتە ئامەد و دەڵێ: "نەورۆز جەژنە، جەژنی هەزاران ساڵەی کوردە؛ هیوادارین ببێتە ئازادیی و ئاشتیی بۆ کورد و گەلانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست".
هاونیشتمانییەکی دیکە گوتی: "دەرگای ماڵەکەمان کلیل داوە و بە ماڵ و منداڵەوە هاتووین نەورزۆی ئامەد پیرۆز بکەین".
هەرچەندە شەوی رابردوو باران لە ئامەد و دەوروبەری باری، بەڵام بەیانی ئەمڕۆ بارانبارین وەستا و کەشی بەڕێوەچوونی ئاهەنگ لەبارتر بوو.
"نەورۆزی ئازادیی و یەکێتی دیموکراسی" درووشمی نەورۆزی ئامەد
گوڵجان کاچماز، پەرلەمانتاری دەم پارتی لە پەرلەمانی تورکیا بۆ رووداو قسەی کرد و گوتی: "درووشمی ئەم ساڵمان (نەورۆزی ئازادیی و یەکێتی دیموکراسییە). ئێمە دەبینین ئیدی گەلی کورد ئازادیی و یەکسانی دەوێ".
ناوبەناو کەمێک باران دەبارێ لە گۆڕەپانی ئاهەنگگێڕانەکە. ئەو پەرلەمانتارەی دەم پارتی دەڵێ: "باران دەبارێ، بەڵام تاوەکو ئەمڕۆ ئێمە باران و گەردەلوول و بەفری زۆرمان تێپەڕاند، بۆیە ئەمڕۆش بۆ گەلی ئامەد ئاستەنگی دروست ناکات".
27ـی شوباتی 2025 عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری پەکەکە بە بڵاوکردنەوەی پەیامێک دەرگای زیاتری بۆ پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا و باکووری کوردستان کردەوە. پەرلەمانتارەکەی دەم پارتی دەڵێ: "لەلایەن دەوڵەتەوە هەنگاو دەنرێ، بەڵام ئەوە بۆ گەلی کورد بەس نییە".
گوڵجان کاچماز گوتی: "دەمانەوێ زمانی کوردی ببێتە زمانێکی فەرمی و زمانی پەروەردە، مافی و ستاتۆی گەلی کورد مسۆگەر بکرێ، دەمانەوێ هەزاران زیندانیکراومان ئازاد بکرێن".
پەرلەمانتارەکەی دەم پارتی دەڵێ: "هیچ روون نییە، بەڵام هیوادارین دوای جەژن لەنێو پەرلەماندا هەندێک هەنگاوی یاسایی بنرێ، هیوامان هەیە و چاوەڕوانی هەنگاوەکانی دوای جەژنین".
هاوسەرۆکانی شارەوانی ئامەد: ئەمڕۆ نەورۆزی ئازادییە
سارا بوجاک و دۆغان خاتوون، هاوسەرۆکانی شارەوانیی گەورەی ئامەد، لەسەر سەکۆی رێوڕەسمەکە بە پیرۆزباییکردنی جەژنی نەورۆز لە ئامادەبووان، دەستپێکردنی رێوڕەسمەکانی جەژنی نەورۆزیان بە فەرمی راگەیاند.
دؤغان خاتوون لە پەیامەکەیدا گوتی: "ئامەدییەکان، ئێوە ئەمڕۆ تەنیا نوێنەرایەتی ئامەد ناکەن، ئێوە هەولێرن، ئێوە سلێمانین، مهاباد و عەفرینن. ئەمڕۆ لە ئێوەوە دەنگی عەفرین بەرز دەبێتەوە، نەورۆزی عەفرین، هەولێر و مهاباد پیرۆز بێ؛ ئەمڕۆ نەورۆزی ئازادییە".
هاوسەرکی دەم پارتی: دەبێ تورکیا هەنگاوی یاسایی بنێت
لە گۆڕەپانی نەورۆزی ئامەدەوە تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی دەم پارتی میوانی رووداو بوو؛ وێڕای پیرۆزبایی جەژنی نەورۆز، گوتی: "زۆر خۆشحاڵم کە ئێوە لێرەن و ئێمە لە مەیدانی ئامەد دا میوانداریی رووداو دەکەین".
باکرهان گوتی: "بڕوام وایە ئەم نەورۆزە دەبێتە مایەی ئاشتی و ئازادی بۆ کورد. گەلی کورد 100 ساڵە لە خەباتێکی زۆر گەورەدایە. ئێمە ئێستا لە ساڵی 2026داین، ساڵێکە چ گەلی کورد و چ رێکخراوە کوردییەکان و چ بەڕێز ئۆجەلان پەیامی گرنگیان داوە. پێویستە تورکیا هەنگاوی دیموکراسی و یاسایی بنێت؛ کاتی ئەوە هاتووە ئیدی ئیرادەی گەل و ئیرادەی دیموکراسی سەربکەوێت".
هاوسەرۆکی دەم پارتی گوتی: "ئێمە تێدەکۆشین بۆ ئازادیی کورد و دیموکراسی لە تورکیا. دەبینن، لێرە لە ئامەد هەزاران کەس کۆبوونەتەوە، سەرەڕای باران و سەرما، هاتوون بۆ ئەوەی خاوەندارێتی لە مافەکانی خۆیان بکەن. ویستی گەلی کورد لێرە بە روونی دیارە".
تونجەر باکرهان دەڵێ، ئەوان دەیانەوێ پرسی کورد لە تورکیا و باکووری کوردستان بە سیاسی چارەسەر بکرێت نەوەکو شەڕ؛ ئاماژەی بەوەشکرد: "هەندێک هەنگاو هەن کە دەبێت بنرێن، بۆ نموونە پرسی زیندانییە سیاسییەکان، هەزاران هاوڕێمان ئێستا لە زیندانەکاندان، دەبێت رێگەیان بۆ بکرێتەوە تا بگەڕێنەوە نێو ماڵ و خێزانیان؛ دەبێت سیستمی قەییوم نەمێنێت، ئیرادەی گەل لە شارەوانییەکان دەبێت بگەڕێتەوە".
باکرهان گوتی: "دەبێ زمانی کوردی و مافی کولتووری کورد بە فەرمی بناسرێت لە دەستووردا جێگیر بکرێت".
هاوسەرۆکی دەم پارتی لە بارەی رۆڵی میدیا و رووماڵی نەورزۆی ئامەد لەلایەن تۆڕی میدیایی رووداوەوە گوتی: "لێرە لە ئامەد رەنگە هەزاران کەس هەبن، بەڵام لە رێگەی ئێوەوە ملیۆنان کەس لە هەولێر و شوێنەکانی دیکە دەمانبینن. میدیای کوردی دەبێت راستگۆ بێت و دەنگی راستەقینەی گەل بگەیەنێت. من دەستخۆشی لە رووداو و هەموو میدیاکارە کوردەکان دەکەم کە ئەرکی خۆیان جێبەجێ دەکەن".
پەرلەمانتارێکی دەم پارتی: کێشەی کورد تەنیا بە چەکدادان چارەسەر نابێ
مێهمیت روشتوو، پەرلەمانتاری دەم پارتی، لە گۆڕەپانی ئاهەنگی نەورۆز میوانی رووداو بوو، وێڕای پیرۆزبایی جەژن، باسی لە دۆخی سیاسیی کوردستان و پڕۆسەی ئاشتی کرد و گوتی: "لە هەر چوار پارچەی کوردستان کورد رۆژ بە رۆژ نزیکترە لە ئازادیی".
لەبارەی هەنگاوەکانی پڕۆسەی ئاشتییەوە روشتوو گوتی: "ئەو کۆمیسیۆنەی بۆ پڕۆسەی ئاشتی لەلایەن دەسەڵاتەوە پێکهێندراوە، دەیانەوێ کاری کۆمیسیۆنەکە تەنیا چەکدادان بێ، بۆ ئەوە هەندێک یاسا تێپەڕێنن. دۆخی شەڕڤانانی پەکەکە چۆن دەبێ؟ دۆخی ئەوانەی لەژێر ناوی پەکەکە سزادراون و لە زیندانن، یان ئەوانەی بەهۆی ئەوەی داوای سزادانیان کراوە تورکیا و کوردستانیان جێهێشتووە، چییان بەسەر دێ؟ دەکرێ یاسایەک بۆ ئەوەش دەربکەن، ناڵیم ئەم مانگە، بەڵام لە مانگەکانی داهاتوودا هەنگاوی بۆ دەنرێ، بەڵام بابەتی کورد تەنیا چەکداری نییە و زیاترە لەوە".
ئەو پەرلەمانتارە کوردەی پەرلەمانی تورکیا گوتی: "ئێمە دەڵێین دەبێ زمانی دایک بۆ پەروەردە و فێرکردن هەنگاوی بۆ بنرێ؛ هەبوونی کورد لە تورکیا دەبێ لە دەستووردا پەسند بکرێ، بۆ ئەوەش دەبێ هەنگاو بنرێ، خەباتی پارتەکەشمان لە پەرلەمان لەسەر ئەو نەمایە دەبێت".
لە رێوڕەسمەکەدا دەیان ئاڵای کوردستان، ئاڵاکانی دەم پارتی و وێنەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان بەرزکراونەتەوە و بە گوتنی گۆرانی شاد لەلایەن ئەلەند حازم، گۆرانیبێژ کە لە هەرێمی کوردستانەوە چووەتە ئامەد، هەڵپەڕکێ و ئاهەنگگێڕان لە گۆڕەپانی نەورۆز بەردەوامە..
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ