رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی بەدواداچوونی تۆڕی میدیایی رووداو، لە دەستپێکی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیلەوە لەگەڵ ئێران، هەرێمی کوردستان بە زیاتر لە 410 درۆن و مووشەک هێرشی کراوەتەسەر.
بەگوێرەی ئامارە کۆکراوەکە، زۆرینەی هێرشەکان بۆسەر هەولێر و دەوروبەری بوون کە 320 درۆن و مووشەک بوون، دواتر سلێمانی بە 85 درۆن و مووشەک، پاشان دهۆک بە شەش درۆن و پارێزگای هەڵەبجەش لە یەک هێرشدا دوو درۆن بۆسەری بەکارهێندرا.
نوێترین هێرشەکان
لە 48 کاژێری رابردوودا بە زیاتر لە 20 درۆن و مووشەک هێرش سەر هەرێمی کوردستان کراوە، لەوانە بە پێنج مووشەک و پێنج درۆن گوندی زرگوێزەڵەی سلێمانی بۆردوومان کرا، کە بەشێکی حیزبە کوردییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانی تێدان.
هەروەها سێ هێرش بۆسەر هەولێر ئەنجام دراون، کە بە گوێرەی زانیارییەکانی رووداو کە لە هێزە ئەمنییەکان وەریگرتوون، یەکێک لە هێرشەکان مووشەکی بووە نزیک کاژێر 12:00ـی نیوەڕۆی دوێنێ لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر کەوتووەتە خوارەوە و زیانی گیانی نەبووە.
هەروەها شەوی رابردوو درۆنێک پێش ئەوەی بگاتە ئامانج لە ئاسمانی هەولێر تێکشکێندرا.
یەکێکی دیکە لەو هێرشانەی ئەنجام دراوە، هێرش سەر چیای بەنی هەریر بووە لە پارێزگای هەولێر، کە بە گوێرەی زانیارییەکانی رووداو، بە شەش درۆن و مووشەک هێرشەکە کراوە.
کۆی ئامارەکان
بەگوێرەی بەدواداچوونی تۆڕی میدیایی رووداو، لە 28ـی شوباتەوە تاوەکو ئەمڕۆ شەممە بە 413 درۆن و مووشەک هێرش کراوەتە سەر هەر چوار پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان.
بەگوێرەی بەدواداچوونەکەی رووداو، لە ماوەیەدا 320 درۆن و مووشەک ئاراستەی پارێزگای هەولێر کراون؛ 85 درۆن و مووشەک ئاراستەی پارێزگای سلێمانی کراون؛ هەروەها شەش درۆن ئاراستەی پارێزگای دهۆک و دوو درۆنیش لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە کەوتوونەتە خوارەوە. نوێترین هێرش بۆسەر دهۆک، کەوتنە خوارەوەی درۆنێک بوو لە قەزای بەردەڕەش لە سنووری پارێزگاکە لە 17ـی ئاداردا.
بەگوێرەی ئامارەکان، بەهۆی هێرشەکانەوە لە 28ی شوباتەوە هەشت کەس گیانیان لەدەستداوە و 55 کەسیش بریندار بوون.
ئەوانەی گیانیان لەدەستداوە یەکێکیان کارمەندێکی ئاسایش بوو لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، شەشیان پێشمەرگەی سێ حیزبی رۆژهەڵاتی کوردستان بوون کە دووانیان لە هەولێر و دووانیان لە سنووری پارێزگای سلێمانی و دووانەکەی دیکەش لە سنووری باشیک لە دەشتی نەینەوا بوون؛ هەروەها 12ـی ئادار سەربازێکی فەرەنسا لە هەولێر گیانی لەدەستدا.
بەگوێرەی ئاماری کۆکراوەی رووداو، بەشێکی بریندارەکان بریتین لە سێ کارمەندی ئاسایش لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، هەروەها سێ پێشمەرگە، دوو پاسەوانی تایبەت لە بارەگای پێشووی نەتەوە یەکگرتووەکان لە سلێمانی، پاسەوانێکی هۆتێل تایتانیک لە سلێمانی، هەروەها دوو کارمەندی بەرگری شارستانی خەلیفان و دوو پێشمەرگە لە هێزەکانی 70ـی پێشمەرگە.
هەر لەنێو بریندارەکان 13 سڤیل هەن. یەکێکیان ماتۆڕسواری دیلیڤەری بوو لە هەولێر، یەک بریندار لە کەمپی باجد کەنداڵ لە زاخۆ، پەرستارێک لە کەمپی ئازادی لە کۆیە، سێ سڤیلی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان لە کەمپی زەوی سپی لە کۆیە و یەک منداڵیش لە گەڕەکی قالاوە لە سلێمانی، هەروەها دوو هاونیشتمانی لە کەمپی جەژنیکانی سنووری هەولێر و چوار هاونیشتمانی لە گەڕەکێکی هەولێر بریندار بوون.
بریندارەکانی دیکە پێشمەرگەی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و پێنج سەربازی فەڕەنسی بوون لە هەولێر.
ئەو ناوچانەی بۆردوومان کراون
پارێزگای هەولێر
درۆن و مووشەک لەم ناوچە و گەڕەکانە کەوتوونەتە خوارەوە: مەلا قەرە، کارێزان، کەمپی زەوی سپی، کەمپی جەژنیکان، کانی قرژاڵە، دریم سیتی، کەسنەزان، پیرزین، فەرمانبەران، سێبیران، رۆشنبیری، ژیان، کوردستان، نەورۆز، گوندی کۆری، گەزنە، بەحرکە، عەنکاوە، خەلیفان، فڕۆکەخانەی هەولێر و دەوروبەری، دێگەڵە، کەمپی ئازادی، چۆمان، سۆران و بارەگای یەکەکانی پێشمەرگە.
پارێزگای سلێمانی
سلێمانی، مێرگەپان، قالاوە، گەڕەکی بەرانان، شەقامی 60 مەتری، گوندی زڕگوێز، گوندی زڕگوێزەڵە، ناحیەی سوورداش، قەزای كفری، هێزەکانی 70ـی پێشمەرگە، گەڕەکی تاسڵوجە، چیای زمناکۆ و بارگەی یەکەکانی پێشمەرگە.
پارێزگای دهۆک
کێڵگەی نەوتی سەرسنگ، کەمپی باجد کەنداڵ و سنووری ئاکرێ و سنووری بەردەڕەش.
هەروەها پارێزگای هەڵەبجە و چیای شنروێ لەو شوێنانە بوون کە بۆردوومان کراون
جەنگی ئیسرائیل و ئەمریکا لەگەڵ ئێران 28ـی شوبات دەستیپێکرد، لە یەکەم رۆژی شەڕەکەوە هێرشەکان بۆ سەر هەرێمی کوردستان دەستیانپێکردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ