رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی چاودێریی بازرگانیی هەولێر دەڵێ، لە مانگی رەمەزاندا زیاتر لە 100 سەرپێچی تۆمارکراون و دەست بەسەر بڕێکی زۆر کاڵای ماوەبەسەرچوودا گیراوە؛ ئاماژە بەوەش دەکات "14 شوێن بەهۆی گرانکردنی نرخی کاڵاکانیانەوە داخراون."
رۆژی شەممە، 21ی ئاداری 2026، هۆگر عەلی، بەڕێوەبەری چاودێریی بازرگانیی هەولێر، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بەدرێژایی مانگی رەمەزان لیژنەکانمان هەڵمەتەکانیان چڕکردەوە و چوونە سەتان شوێن. لەو چوارچێوەیەدا 100 شوێن سزای دارایی دران و 14 شوێنی دیکەش بەهۆی سەرپێچی و گرانکردنی پێداویستییەکانەوە داخران."
لەبارەی ئەو کاڵا و شمەکانەی لە بازاڕەکاندا دەستیان بەسەردا گیراوە، هۆگر عەلی ئاماژەی بەوە کرد: "لەو ماوەیەدا دەست بەسەر 23 تۆن کەلوپەلی ماوەبەسەرچوودا گیراوە و سەرجەمیان لەنێو براون."
لە 28ی مانگی رابردووەوە شەڕ لەنێوان ئیسرائیل و ئەمریکا لەگەڵ ئێران هەڵگیرساوە. بەڕێوەبەری چاودێریی بازرگانیی هەولێر دڵنیایی دەداتە هاونیشتمانییان و دەڵێت: "خۆراک بۆ شەش مانگ لە کۆگاکاندا هەیە و هیچ گرفتێکی کەمبوونەوەمان نییە و پێویست بە دوودڵی ناکات."
بەڕێوەبەرایەتیی چاودێریی بازرگانیی هەولێر باسی لەوەکرد، لیژنەکانیان لە پشکنینی کواڵیتی و کۆنترۆڵکردنی نرخ بەردەوام دەبن، بەتایبەت بۆ ئەو کاڵایانەی خواستی زۆریان لەسەرە؛ هەروەها رایگەیاند کە لە رۆژانی پشووی جەژنی رەمەزان و نەورۆزیشدا لیژنەکانیان لەنێو بازاڕدا دەبن بۆ رێگریکردن لە هەر جۆرە قۆرخکاری و گرانفرۆشییەک.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ