رووداو دیجیتاڵ
دۆسیەی گوڵستان دۆکو، ئەو کچە خوێندکارەی کە لە ساڵی 2020ـەوە لە دێرسمی باکووری کوردستان بیسەروشوێن بووە، وەرچەرخانێکی تازەی بەخۆیەوە بینی. دوای زیاتر لە شەش ساڵ، ئێستا پارێزگاری پێشوو، چەندین پلەدار و گومانلێکراوی سەرەکی لە پشت شیشەکانی زیندانن.
سەرەتای چیرۆکەکە؛ کانوونی دووەمی 2020
گوڵستان دۆکوی تەمەن 21 ساڵ، خوێندکاری قۆناخی دووەمی زانکۆی مونزور، رۆژی 5ی کانوونی دووەمی 2020 لە بەشی ناوخۆیی زانکۆکەی چووە دەرەوە و چیدی نەگەڕایەوە. خێزانەکەی کە نیشتەجێی ئامەدن، دەستبەجێ گەیشتنە دێرسم و لایەنە ئەمنییەکانیان ئاگادارکردەوە، بەڵام ئەمە تەنیا سەرەتای ململانێیەکی درێژخایەنی یاسایی بوو.
لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان دەریانخست کە مۆبایلەکەی گوڵستان دواجار لەسەر پردی "ساری ساڵتوک" لەسەر بەنداوی ئوزونچایر سیگناڵی داوە و دوای پەیوەندییەکی چوار خولەکی، لە کاژێر 4:26ی ئێوارەی ئەو رۆژەوە مۆبایلەکەی کوژاوەتەوە.
گەڕانە بێ ئەنجامەکان و گومانەکان
تیمە ئەمنییەکان سێ جار لەنێو بەنداوەکە گەڕان، تەنانەت ئاوی بەنداوەکەش بۆ دۆزینەوەی تەرمەکەی بەردرایەوە، بەڵام هیچ سەرەداوێک دەستنەکەوت. کەنعان چەتین، سەرۆکی ئەو کاتەی بارۆی دێرسم بە رووداوی راگەیاندبوو: "مادام تەرمەکەی لەنێو بەنداوەکەدا نییە، دەبێت کار لەسەر ئەگەرەکانی دیکە بکرێت."
گومانە سەرەکییەکان بۆ سەر "زەینەل ئاباراکۆڤ" بوون، کە کوڕە هاوڕێی گوڵستان بوو و رۆژێک پێش ونبوونی، دەمەقاڵێ لەنێوانیاندا دروستببوو. زەینەل کە بە رەچەڵەک رووسییە و زڕباوکەکەی (ئەنگین یوجەر) پۆلیس بوو لە دێرسم، چەندین جار دەستبەسەرکرا و ئازادکرا، ئەمەش ناڕەزایەتییەکی گەورەی جەماوەریی لێکەوتەوە.
تێکۆشانی خێزانی دۆکو
خانەوادەی گوڵستان، بەتایبەت ئایگولی خوشکی، دەستیان بە دانیشتنی ناڕەزایی کرد لە مەیدانی سەید رەزا. ئەوان چەندین جار رووبەڕووی دەستبەسەرکردن و سزای دارایی بوونەوە، بەڵام کۆڵیان نەدا. ئایگول دۆکو حکومەتی تۆمەتبار دەکرد بەوەی لێکۆڵینەوەی ورد لە گومانلێکراوان ناکات و هەوڵی شاردنەوەی بەڵگەکان دەدرێت.
لە حوزەیرانی 2024، بە دەستبەکاربوونی ئەبرو جانسو وەک سەرۆکی نوێی داواکاری گشتی لە دێرسم، دۆسیەکە جارێکی دیکە کرایەوە. تیمێکی تایبەت پێکهێنرا و زانیاریی نوێ لەبارەی "شاردنەوەی بەڵگەکان" لەلایەن بەرپرسانی حکومییەوە ئاشکرا بوون.
لە نیسانی 2026، دۆسیەکە گەیشتە لووتکەی هەستیاریی خۆی. لە حەوت پارێزگای جیاوازدا 13 کەس دەستبەسەرکران، لە نێویاندا مستەفا تورکای سۆنەل، کوڕی پارێزگاری پێشووی دێرسم.
زیندانیکردنی بەرپرسان
رۆژی پێنجشەممە 16 ـی نیسانی 2026 لەنێو ئەو چوار کەسەی لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوە لە دۆسیەی بێسەروشوێنبوونی گولستان دۆکو، لە ئەنقەرە دەستبەسەرکران، گۆکهان ئەرتۆک پۆلیسی پێشوو، بە تۆمەتی "شاردنەوەی بەڵگەکان" و ئەردۆغان ئەلئاڵدی کە لە کاتی رووداوەکەدا لە بەڕێوەبەرایەتیی تایبەتی پارێزگای دێرسم کاری کردووە و دەگوترێت دواکەس بووە بەرکەوتنی لەگەڵ گولستان دۆکو هەبووە، بە تۆمەتی "کوشتنی بە ئەنقەست" خرانە زیندانەوە.
هەریەک لە ساڤاش گولتورک و سلێمان ئۆنال کە هەردووکیان بەرپرس بوون لە کامێراکانی زانکۆی مونزور، بە مەرجی قەدەخەی چوونەدەرەوەیان لە وڵات، ئازاد کران.
گەورەترین پەرەسەندن لە 17ی نیساندا روویدا، کاتێک بە فەرمانی وەزیری ناوخۆی تورکیا، لێکۆڵینەوە لە بەرامبەر "تونجای سۆنەل" پارێزگاری پێشووی دێرسم دەستیپێکرد.
تونجای سۆنەل کە لەنێوان 13ـی حوزەیرانی 2017 تاوەکو 9ـی حوزەیرانی 2020 لە دێرسم کاری کردووە. تۆمەتبار دەکرێت بەوەی لەو کاتەی پارێزگاری دێرسم بووە، هەوڵی "شاردنەوەی راستییەکانی رووداوەکە" یان رێگریکردنی لە رێڕەوی دادپەروەری داوە.
دەم پارتی داوای لێپرسینەوە لە سۆیلۆ دەکات
رۆژی دووشەممە 20-4-2026 گوڵستان کۆچیغیت، بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتی گوتی: "پێمانوانییە بابەتەکە تەنیا پەیوەندیی بە پارێزگارەوە هەبێت. دەبێت لێپرسینەوە لە سولەیمان سۆیڵو، وەزیری ناوخۆی ئەو کاتەش بکرێت کە هاوڕێیەکی نزیکی پارێزگار بوو. دەبێ ئەویش گوتەی لێ وەربگیرێت."
بەرپرسەکەی دەم پارتی هەروەها رەخنەی لە لایەنی پەیوەندیدار گرت بەوەی کەمتەرخەمی لە پاراستنی منداڵان هەیە و گوتی: "ئەو رووداوانە رێکەوت نین، رووداوی تاکەکەسی نین و دەرەنجامی تووڕەییەکی کاتی نین؛ بەڵکو دەرەنجامی کەمتەرخەمیی سیستم، پشتگوێخستنی سیاسەتی هەڵە و ناسەقامگیریی کەرتی پەروەردەن."
دوایین زانیاری
بە دەستگیرکردنی پارێزگاری پێشوو، ژمارەی دەستبەسەرکراوانی ئەم دۆسیەیە گەیشتە 15 کەس، کە 11یان بە بڕیاری دادگە خراونەتە زیندانەوە. ئەمڕۆ سێشەممە، 21-04-2026، تونجای سۆنەل دوای تەواوبوونی رێکارە یاساییەکانی لە ئاسایشی ئەرزەڕۆم، رەوانەی دادگە کرا بۆ ئەوەی رووبەڕووی تۆمەتەکانی بێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ