رووداو دیجیتاڵ
پزیشکێکی پسپۆڕ لە کاتماندووی پایتەختی نیپاڵ سەردانی ئەو نەخۆشخانەیە دەکات کە رەنج عومەری تێدا خەوێنراوە، ئاماژە بەوە دەدات کە باری تەندروستیی ئەو شاخەوانە کوردە جێگیرە و لە چەند رۆژی داهاتوودا نەخۆشخانە جێدەهێڵێت.
رەنج عومەر، شاخەوانیی کورد ئەو گەنجەی ئاڵای کوردستانی بردە سەر چیای ئێڤێرست، لە میانی گەشتەکەیدا بۆسەر بەرزترین لووتکە چیا لە زنجیرە چیاکانی هیمالایا کە دەکەوێتە نیپاڵ و بەرزییەکەی هەشت هەزار و 848 مەتر دەبێت، دەکەوێتە ژێر رەنووی بەفر و بەهۆیەوە بریندار دەبێت.
دوای هەواڵی برینداربوونەکەی، زانیاری جۆراوجۆر لەبارەی تەندروستی ئەو شاخەوانە کوردەوە دەگوترا، د. ئیبراهیم گەردی، پزیشکێکی پسپۆڕی کوردە و دانیشتووی بەریتانیایە، سەردانی ئەو نەخۆشاخانەیە دەکات کە رەنج عومەری تێدا خەوێندراوە.
د. ئیبراهیم گەردی، میوانی بوولتەنی هەواڵەکانی کاژێر 08:00 بوو کە بێستوون عوسمان لە ستۆدیۆکانی سلێمانی تۆڕی میدیایی رووداوەوە پێشکێشی دەکات، لەبارەی تەندروستی رەنج عومەر گوتی: "کە منیش چوومە لای لەو بڕوایەدا نەبووم، چونکە ئەو هەواڵانەی لەبارەی رەوشی تەندروستییەوە دەگوترا زۆر ناخۆش بوون، هەندێک دەیانگوت بینایی لەدەستداوە، هەندێک دەیانگوت نەماوە و هەندێکیش دەیانگوت بێهۆشە، بەڵام کە چوومە لای هەر لە دوورەوە منی بینی و بە پێکەنینەوە قسەمان کرد، بە باشی لە یەکدی دەگەییشتین، بە یەکەوە زۆر باسی شاخەوانیمان کرد".
د. ئیبراهیم گەردی، کەسێکە خولیای شاخەوانی هەیە و ئەویش چووەتە سەر زنجیرە چیاکانی هیمالایا بە بەرزیی پێنج هەزار و 345 مەتر، باسی گفتوگۆی خۆی و رەنج عومەری کرد و گوتیشی: "پێمگوت خەڵک زۆر چاوەڕێت دەکات، تۆ کەسێکی بلیمەتی و کارێکی زۆر گەورەت کردووە، پشتیوان بە خودا بە خۆشیی دەگەڕێیەوە بۆ کوردستان، ئەویش زۆر خۆشحاڵبوو، نزیکەی نیو کاژێر لای مامەوە".
بەگوتەی خۆی، ئیبراهیم گەردی قسەی لەگەڵ دکتۆرەکەی رەنج عومەر کردووە و دەڵێت: "گوتی پشتیوان بە خودا سێ بۆ چوار رۆژی دیکە لە نەخۆشخانە دەردەچێت، کەمێک ئازاری سەری هەیە، ئەویش باش دەبێت و شتەکان هەمووی بە باشی دەڕوات".
رەنج عومەر گەنجێکی کوردە و لە ساڵی 2017 زیاتر لە 650 کیلۆمەتری بڕی و بەپێ چووە پارێزگاکانی هەولێر، کەرکووک، سلێمانی و دهۆک، هەروەها بەسەر چەندین چیای هەرێمی کوردستان هەڵگەڕاوە لەوانە پیرەمەگروون و هەڵگورد. ئەو گەنجە پێشتر رایگەیاندبوو، لەو گەشتانەدا بیرۆکەی سەرکەوتن بەسەر چیای ئێڤرێستی بۆ دروستبوو تاوەکو ناو و ئاڵای کوردستان بگەیێنێتە سەر لووتکەکەی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ