کوردستان
کۆبوونەوەی قوباد تاڵەبانی لەگەڵ کێڤن لێیهی، فەرماندەی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق و سووریا
رووداو دیجیتاڵ
جێگری سەرۆکوەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پارتی و یەکێتی "ئەرێنی" بووە و "هەنگاوێکی دیکە" لە پێکهێنانی کابینەی نوێ نزیکتر بوونەتەوە.
بەگوێرەی نووسینگەی راگەیاندنی جێگری سەرۆکوەزیران، قوباد تاڵەبانی رۆژی 21-5-2025 لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ ژەنەراڵ کێڤن لێیهی، فەرماندەی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق و سووریا، جگە لە پرسی پێکهێنانی حکومەت باسی چەند تەوەرێکی دیکەیان کردووە.
نووسینگەی راگەیاندنی قوباد تاڵەبانی بڵاویکردووەتەوە، لە کۆبوونەوەکەدا لەگەڵ لێیهی، باس لە دوایین هەوڵەکان بۆ پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی هەرێمی کوردستان کرا و قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی هەردوو شاندی دانوستاندنکاری پارتی و یەکێتی کرد و گوتی: "کۆبوونەوەکە بە گشتی ئەرێنی بووە و هەنگاوێکی دیکە لە پێکهێنانی کابینەی نوێ نزیکتر بووینەتەوە."
شاندی دانوستاندنکاری پارتی و یەکێتی ئەمڕۆ چوارشەممە دەستیان بە کۆبوونەوەکانیان بۆ پێکهێنانی حکومەت کردەوە. کۆبوونەوەکە لە هۆڵی سەعد عەبدوڵڵا لە شاری هەولێر بەڕێوەچوو.
دوایین کۆبوونەوەی شاندەکانی هەردوولا لەکۆتایی مانگی نیسان بوو، تەوەری سەرەکیی کۆبوونەوەکانیش پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستانە.
هۆشیار زێباری، سەرۆکی شاندی پارتی لە نێوەڕاستی ئەم هەفتەیە لە کۆڕبەندی دێلفی لە سلێمانی رایگەیاند کە پارتی و یەکێتی لە پێکهێنانی حکومەت نزیکن.
نووسینگەی راگەیاندی قوباد تاڵەبانی رایگەیاند، لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باس لە پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا کرا، هەردوولا هاوڕابوون سەرکەوتنی پرۆسەی ئاشتی لە بەرژەوەندی هەردوو گەلی کورد و تورک و هەموو ناوچەکەدایە و بە پێویستیشیان زانی هەردوولایەنی کێشە بەپێی نەخشەرێگایەک هەنگاوی پێویست بنێن بۆ سەرخستنی پرۆسەکە.
سەبارەت بە دۆخی سوریاش، هەردوولا گەشیبینی خۆیان دەربڕی کە لە سووریای نوێدا هەموو پێکهاتەکان مافەکانیان پارێزراو بێت، بە پێویستیشیان زانی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی زیاتر هاوکاربێت تاوەکو سریای نوێ بتوانێت بەرەو سەقامگیری و جێگیرکردنی سیستمێک هەنگاوبنێت، کە لە ئاستی چاوەڕوانی هەموو پێکهاتە جیاوازەکانی وڵاتەکەدابێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ