رووداو دیجیتاڵ
دوو رۆژە کەسوکار و گوندنشیانی گوندی قەڵا سنجی سەروو لە سنووری هەولێر بە دوای سلێمان ئەرسەلانی تەمەن 18 ساڵان دەگەڕێن، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ سۆراخێکی نییە، برا گەورەکەی دەڵێت، کاژێر 01:00ـی دوای نیوەڕۆ بووە کە دوایین جار پەیوەندی پێوەکردووە، بەڵام مۆبایلەکەی داخراوە.
براکەی ویستوویەتی پێی بڵێت، بۆ نانخواردن بچێتەوە ماڵەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا نە ئەو پەیوەندییە، نە هیچ پەیوەندییەکی دیکەی وەڵام نەداوەتەوە.
سەلام ئەرسەلان، برا گەورەی سلێمانە، بە رووداوی گوت، ئەو رۆژە ئاژەڵەکان بەبێ شوان گەڕانەوە ماڵ و ئەو دیار نەبوو، لەو رۆژەوە دەستمان بە گەڕان کردووە، بەڵام تاوەکو ئێستا سۆراخی نییە.
شوانەکارەکە رۆژی 19ـی ئەم مانگە کاژێر 08:00ـی بەیانی بۆ لەوەڕاندی مەڕ و بزنەکانی لە ماڵ دەرچووە و نەگەڕاوەتەوە. لە رۆژی ونبوونیەوە تاوەکو ئێستا گەڕانی خەڵک و گوندییەکان لە شاخ و دۆڵی بناری چیای سەفین بەردەوامە، کەسوکارەکەی داوا دەکەن کۆمپانیای کۆڕەک هاوکاریان بن تاوەکو لە رێگەی سیمکارتەکەیەوە شوێنەکەی دەستنیشان بکەن.
ئەری حاجی مامە، مامی شوانەکەیە و دەڵێت، "هەموو لایەکمان لە ونبوونی کوڕەکەمان ئاگادارکردووەتەوە، خەڵکی گوندەکانی دەوروبەریش لەگەڵ ئێمە خەریکی گەڕانن، پەیوەندیمان بە خزمانیش کردووە لە شار، لەوێش نییە، گومانمان لەوەیە ئەگەر مار پێوەیدابێت."
کەسوکارەکە دەڵێن شوانە لاوەکە لە رووی تەندروستییەوە هیچ کێشەیەکی نییە، تەنیا کەسێکی کەمدوو بووە، موختاری 10 گوندی بناری چیای سەفین و هێزە ئەمنییەکانیان لە ونبوونی کوڕەکەیان ئاگادارکردووەتەوە، تاوەکو لە دۆزینەوەی هاوکارییان بکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ