رووداو دیجیتاڵ
زیندانێکی سیاسیی دەڵێت، بۆ هاوتاکردنی مووچەکانیان دۆسیەکانیان ئامادەکراوە و رەزامەندی حکومەتی هەرێمی کوردستانی بۆ وەرگیراوە، بەڵام نەنێردراوە بۆ بەغدا. بەرپرسێکی وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان دەڵێت، "ناوەکان نێردراون و دەبێ بودجەیان بۆ تەرخان بکرێت".
ئەردەلان ئەحمەد، زیندانییەکی سیاسی کە ساڵانێکی تەمەنی لە زیندانەکانی ئەبو غرێب و ئەمنی سلێمانی بەسەر بردووە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بۆ گواستنەوەی میلاکاتیان بۆ سەر بەغدا، تاوەکو ئەمڕۆ لە هەرێمی کوردستانەوە ناوەکانیان رەوانەی بەغدا نەکراوە".
بەڵام ئەحمەد مام رەسووڵ، بەڕێوەبەری گشتیی خزمەتگوزاری شەهیدان و ئەنفالکراوان لە وەزارەتی شەهیدان کە ئاگاداری دۆسییەکەیە، رۆژی پێنجشەممە، 21ـی ئایاری 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بۆ ئەوەی میلاکانی زیندانە سیاسییەکان بخرێتە سەر حکومەتی عێراق، پێشتر ناوی هەموویان دراوەتە بەغدا، بەڵام دەبێ لە یاسای بودجەدا بودجەی بۆ تەرخان بکرێ".
ئەو بەڕێوەبەرەی وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراون گوتی: "ئەو زیندانە سیاسییانەی ناوەکانیان نێردراوە ژمارەیان 25 هەزار و 868 کەسە، ناوی هەموویان بەشێوەی یاسایی رادەستی لایەنی بەغدا کراوە".
لەبارەی ئەوەی چیکراوە بۆ گواستنەوەی زیندانیانی سیاسی بۆ سەر میلاکی حکومەتی عێراق، ئەحمەد مام رەسووڵ گوتی: "لیژنەیەک پێکهێندراوە و بەردەوامە لە کارە یاسایی و کارگێڕییەکان بۆ گواستنەوەی دۆسیەکە".
ئەحمەد مام رەسووڵ دڵنیایی دایە زیندانیانی سیاسییە کە "لە وەجبەی یەکەوە تاوەکو وەجبەی 15 هەموویان نێردراون بۆ بەغدا".
هەروەها د. موسەنا ئەمین، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "هەر داهاتێک زیادبکرێ لەسەر حکومەت دەبێ لە یاسای بودجە پارەی بۆ تەرخانبکرێ، بەڵام یاسای زیندانیانی سیاسی ئێمە لە خولی پێشوو هەموارمان کردەوە، دەبوو بڕە پارەیەک بۆ زیندانیانی سیاسیی هەرێمی کوردستان خەرج بکەن تاوەکو یاسای بودجە پەسەند دەکرێ، بەڵام ئەوە نەکراوە".
لەبارەی هۆکارەکەیەوە ئەو پەرلەمانتارە کوردەی پەرلەمانی عێراق گوتی: "حکومەت گۆڕاوە و هەڵبژاردن کراوە، هەندێک رێککەوتنی وردیش لەنێوان بەغدا و هەولێر مابوون و ئێستا کاریان تێدا دەکرێ، بۆیە تاوەکو ئەمڕۆ هاوتاکردنەکە جێبەجێ نەکراوە".
ئێستا مووچەی زیندانیانی سیاسی لە هەرێمی کوردستان 500 هەزار دینارە، بەگوێرەی وەزارەتی شەهیدان، ئەگەر رێککەوتنەکە بکرێ مووچەکەیان دەبێتە ملیۆنێک و 200 هەزار دینار.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ