رووداو دیجیتاڵ
سەرۆكی هەرێمی كوردستان و باڵیۆزی هۆڵەندا لە عێراق کۆبوونەوە. هانس سادنی دەڵێت، حكومهتى وڵاتهكهى پابهنده به ئارامى و سهقامگيريى عێراق و ههرێمى كوردستان وەک ههرێمێكى گرنگ و فيدراڵى.
رۆژی چوارشەممە 21-06-2023، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە هانس سادنی، باڵیۆزی هۆڵەندا لە عێراق كرد.
لە راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی كوردستاندا هاتووە، لە كۆبوونەوەیەكدا پتەوكردنی پەیوەندییەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان لەگەڵ هۆڵەندا، دوایین پێشهات و دۆخی ناوخۆی هەرێمی كوردستان و عێراق و ناوچەكە بە گشتی و دۆخی ئاوارەكان لە كەمپەكانی هەرێمی كوردستان خرانە بەر باس و گفتوگۆ.
نێچیرڤان بارزانی پیرۆزبایی دەستبەكاربوونی لە هانس سادنی کرد و هیوای سەركەوتنی بۆ خواست و پشتگيريى هەرێمی كوردستانی بۆ كار و چالاكییەكانی نیشان دا. هەروەها سوپاسی هاوكارییەكانی هۆڵەندای بۆ عێراق و هەرێمی كوردستان كرد بەتایبەتى لە بواری هەمەچەشنكردنی سەرچاوەكانی ئابووری و پێشخستنی كەرتی كشتوكاڵدا.
لاى خۆيهوه، باڵیۆزی هۆڵەندا گوتی، حكومهتى وڵاتهكهى پابهنده به ئارامى و سهقامگيريى عێراق و ههرێمى كوردستان وەک ههرێمێكى گرنگ و فيدراڵى؛ ههروهها بەردەوامیی هاوكارییەكانی بۆ سەقامگیریی عێراق و هەرێمی كوردستان دووپاتكردەوە و هاوكارییەكانی هەرێمی كوردستانی بۆ ئاوارە و پەنابەران بەرز نرخاند.
وەک سەرۆکایەتیی هەرێمی كوردستان دەڵێت، تاوتوێكردنی دۆخی مافی مرۆڤ، كاری رێكخراوە ناحكومییەكان لە عێراق و هەرێمی كوردستان و چەند بابەتێكی دیكەی جێی بایەخی هاوبەش، لایەنێكی دیكەی كۆبوونەوەكە بوو كە كۆنسولی گشتیی هۆڵەندا لە هەرێمی كوردستان ئامادەی بوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ