رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن دەڵێت، "لە سبەینێوە دووبارە رۆژانە نزیکەی دوو کاژێر هێڵی ئینتەرنێت نامێنێت."
رۆژی شەممە 21ی حوزەیرانی 2025 دیلان رەشاد، گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بەهۆی دەستپێکردنی تاقیکردنەوەکانی پۆلی 12ی ئامادەیی، لە سبەینێوە رۆژانە لە کاژێر 06:00ی بەیانییەوە تاوەکو 07:45 هێڵی ئینتەرنێت لە هەرێمی کوردستان دەپچڕێت، ئەمەش تاوەکو 6ی تەممووز بەردەوام دەبێت."
بە گوتەی دیلان رەشاد، جگە لە چەند شوێنێکی دیاریکراو هێڵی ئینتەرنێت لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان دەپچڕێت. لەبارەی شوێنەکان گوتی، "هەریەکە لە سەنتەری زانیاریی هەژماری من لە گەڕەکی 32ـی پارک، سەرجەم ئامێرەکانی راکێشانی پارە (ATM)، سەرجەم بانکەکان، فڕۆکەخانەکان، داتا سەنتەری پڕۆژەی رووناکی و پێوەری زیرەک، بەدەرن لە بڕیاری بڕینی ئینتەرنێت."
هاوکات نوورەدین عوسمان، بەڕێوەبەری گشتیی ئەزموونەکان لە وەزارەتی پەروەردە بە رووداوی گوت، "ئەمڕۆ تاقیکردنەوەی پۆلە ناکۆتاکان و پۆلی نۆیەمی بنەڕەتی دەستیپێکردووە، سبەینێش تاقیکردنەوەکانی پۆلی 12ی ئامادەیی دەستپێدەکاتەوە، کە هەردوو بەشی وێژەیی و زانستی تاقیکردنەوەی بیرکارییان هەیە."
بە گوتەی بەڕێوەبەری گشتیی ئەزموونەکان، دواکەوتنی تاقیکردنەوەکان بۆ ماوەی هەفتەیەک هیچ کاریگەریی لەسەر تاقیکردنەوەکانی خولی دووەم نابێت. باسی لەوەش کرد، "23ی ئابی 2025، تاقیکردنەوەکانی خولی دووەم بەڕێوەدەچن."
تاقیکردنەوەکانی پۆلی 12ی زانستی و وێژەیی لە 22ی حوزەیران دەستپێدەکەنەوە و تاوەکو 6ی تەممووز بەردەوام دەبن.
هەروەها تاقیکردنەوەی نیشتمانیی پۆلی نۆیەمی بنەڕەتی (خولی دووەم) لە 21ی حوزەیران دەستپێدەکات و 3ی تەممووز تەواو دەبێت.
رۆژی هەینی 13ی حوزەیرانی 2025، لەگەڵ دەستپێکردنی هێرشی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، سەرجەم تاقیکردنەوەکان بۆ یەک هەفتە دوادەخرێن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ