رووداو دیجیتاڵ
گۆڕانکاری لە کاژێرەکانی کاری فەرمانگە و دامەزراوە حکومییەکانی پارێزگای کرماشاندا کرا، جێگری پارێزگار دەڵێت، "بڕیارەکە بۆ بەڕێوەبردنی باشتری وزەیە و دەوام لە کاژێر 06:00 بۆ 11:00ی پێشنیوەڕۆ دەبێت."
بڕیارەکە لە ئەمڕۆ دووشەممە 21-07-2025ـەوە لە پارێزگای کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستان خرایە واری جێبەجێکردنەوە. جەلیل باڵایی، جێگری پارێزگاری کرماشان رایگەیاند، "بڕیارەکە پێشنیازی لیژنەی بەڕێوەبردن و باشترکردنی وزەی ئەنجوومەنی پارێزگا بووە و لەلایەن پارێزگاریشەوە رەزامەندیی لەسەر دراوە."
بەگوێرەی ئەو بڕیارە، کاژێرەکانی دەوامی دامەزراوە حکومییەکان، تاوەکو رۆژی پێنجشەممە 31ی تەممووز، لە کاژێر 6:00 (05:30 بەکاتی هەولێر) تاوەکو 11:00ی (10:30 بەکاتی هەولێر) پێشنیوەڕۆ دەبێت.
وەکو باڵایی دەڵێت، بڕیارەکە هەموو دامەزراوە حکومییەکان دەگرێتەوە جیا لە بەڕێوەبەرایەتییە ئەمنییەکان، فریاکەوتن و کەرتی تەندروستی.
هەر بەپێی بڕیارەکە، "رێگەپێدان بە دواکەوتنی ئەو کارمەندانەش دەدرێ کە دایکن و منداڵی بچووکیان هەیە."
بەر لە دەرچوونی بڕیارەکانی تایبەت بە رێگریکردن لە کەمبوونەوەی کارەبا و باشتر بەکارهێنانی وزە، بە شێوەی فەرمی کاژێرەکانی کار لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان، 08:00 بۆ 14:00 بوو.
ئێران لە هاوینی پارەوە تووشی کێشەی کورتهێنانی کارەبا بووەتەوە و حکومەتی ئەو وڵاتە بەمەبەستی چارەسەرکردنی کێشەکە، چەندین رێکاری وەکو بڕینی کارەبای ماڵان و کارگەکان، داخستنی قوتابخانە و فەرمانگە حکومییەکان و کەمکردنەوەی کاژێرەکانی کاری گرتووەتەبەر، بەڵام تاوەکو ئێستا نەیتوانیوە کێشەکە بنبڕ بکات.
هاوکات لە 07-05-2025ـوە تاوەکو 21-09-2025، رۆژانی پێنجشەممە لە سەرانسەری ئێران کراوەتە پشوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ