مەسرور بارزانی: حکومەت پابەندە بە یەکخستنی پێشمەرگە و دوورخستنەوەی لە دەستوەردانی حیزبی

21-09-2023
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

مەسرور بارزانی دەڵێت، کابینەی نۆیەم پابەندە بە رێکخستن و یەکخستنی پێشمەرگە و "پێویستە دەستوەردانی شەخسی و حیزبی لە وەزارەتی پێشمەرگە دوور بخرێتەوە و رێگری لە هەوڵەکانی سەرۆکوەزیران نەکرێت لە دانانی وەزیرێک." 
 
ئه‌مڕۆ پێنجشەممە، 21ـی ئەیلوولی 2023، مەسرور بارزانى، سه‌رۆكى حکومەتی هه‌رێمى كوردستان پێشوازیی لە ژەنەراڵ جۆول ڤاوڵ، فەرماندەی گشتیی هێزەكانی هاوپەیمانان لە عێراق و سووریا و شاندێکی یاوەری کرد.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، تەوەرێکی سەرەکیی کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە گفتوگۆکردن لەبارەی پرۆسه‌ی چاکسازی له‌ وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ و هەنگاوەکانی یه‌کخستنه‌وه‌ی هێزەکانی پێشمه‌رگه‌ و رێکخستنەوەی پێکهاتەکانی. له‌مباره‌یه‌وه، "سەرۆکی حکومەت جەختی لە گرنگیی بەردەوامبوون و خێراکردنی پرۆسەکە و پابەندبوون بە جێبەجێکردنی کارنامەی کابینەی نۆیەم لە بواری رێکخستن و یەکخستنی پێشمەرگە و دوورخستنەوەی وەزارەت لە هەر دەستوەردانێکی حیزبی و بەرژەوەندییەکی کەسیی کردەوە."
 
مەسرور بارزانی، هەروەها ئاماژەی "بەو دەنگۆیانە دا کە گوایە کێشە لە چاکسازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگەدا هەیە و گوتی پێویستە دەستوەردانی شەخسی و حزبی لە وەزارەت دوور بخرێتەوە و رێگری لە هەوڵەکانی سەرۆک وەزیران نەکرێت لە دانانی وەزیرێک کە توانای جێبەجێکردنی کارنامەی حکومەتی هەبێت." 
 
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، وەکو لە راگەیێندراوی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا هاتووە؛ "بیروڕا دەربارەی بارودۆخی سووریا و بە تایبەتی ئاڵۆزییەکانی دەڤەری دێرەزۆر و رۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە ئاڵوگۆڕ کرا. هەردوولا هاوڕابوون لەسەر گرنگیی پاراستنی ئاسایش و ئاشتی کۆمەڵایەتی و تەبایی نێوان کورد و عەرەب و پێکهاتەکانی ناوچەکە." 
 
له کۆبوونەوەکەدا کە مارک سترۆ، کۆنسوڵی گشتیی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان ئامادەی بوو، دوایین پێشهات و گۆڕانکارییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق و سووریا تاوتوێ کران.
 
لە هەرێمی کوردستان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان خاوەن هێزی خۆیانن کە ئەوانیش یەکەکانی 70 و 80ن. وەزارەتی پێشمەرگەش خاوەنی 22 لیوایە کە ژمارەیان بە فەرمی 44 هەزار پێشمەرگە دەبێت. دوو لەو لیوایانە لە چوارچێوەی دوو لیوای هاوبەش بۆ پاراستنی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان دەچنە سەر وەزارەتی بەرگریی عێراق. 
 
لە ساڵی 2010 تاوەکو ساڵی 2013 نزیکەی 42 هەزار پێشمەرگەی یەکەکانی 70 و 80 یەکخران و 14 لیوای هاوبەش دروستکراون، بەڵام دواتر شەڕی داعش، رووداوەکانی ئۆکتۆبەری 2017 پرۆسەکەیان پەکخست.
 
لە ساڵی 2018 جارێکی دیکە بە هاوئاهەنگیی هاوپەیمانان، پرۆژەیەکی 35 خاڵی بۆ یەکخستنەوەی پێشمەرگە راگەیێندرا.
دۆخى ناوچه‌كه‌ به ‌گشتى و چه‌ند پرسێكى ديكه‌ى جێى بايه‌خى هاوبه‌ش، ته‌وه‌رێكى ‏ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوون كه‌ كۆنسوڵى گشتيى ئه‌مه‌ريكا له‌ هه‌رێمى ‏كوردستان ئاماده‌ى بوو.‏
 
دۆخى ناوچه‌كه‌ به ‌گشتى و چه‌ند پرسێكى ديكه‌ى جێى بايه‌خى هاوبه‌ش، ته‌وه‌رێكى ‏ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و فەرماندەی گشتیی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق و سووریا بوون كه‌ كۆنسوڵى گشتيى ئه‌مه‌ريكا له‌ هه‌رێمى ‏كوردستان ئاماده‌ى بوو.‏
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە