کێشە بۆ ماستەرپلانی نوێی کەرکووک دروستدەبێت؛ 'پێویستمان بە یەکێکی نوێیە'

22-09-2025
هیوا حوسامەدین
هیوا حوسامەدین
کارکردن لەسەر پرۆژەیەکی کەرکووک.
کارکردن لەسەر پرۆژەیەکی کەرکووک.
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

گرفت بۆ ماستەرپلانی نوێی کەرکووک دروستدەبێت. بەرەی تورکمانی دژیەتی و پارێزگاری کەرکووک دەڵێت، پێویستمان بە  ماستەرپلانێکی نوێ هەیە. 
 
کارەکان لە گەورەترین پرۆژەی کەرکووک بەردەوامن. لە گەڕەکی رەحیماوا بە نزیکەی 19 ملیار دینار و ماوەی 300 رۆژ، بڕیارە پردی ئیخوان بەڕووی شۆفێران بکرێتەوە.
 
کامەران عەبدولحەمید ئەندازیارە و دەڵێت: "بتەوێ شار پێشکەوێت دەبێت ماستەرپلان پێشکەوێت، چونکە لە رووی بیناسازییەوە جوانکاری دروست دەبێت و بۆ خەڵک و ئابووری سوودی دەبێت و لە زۆربەی رووەکانەوە دەردەکەوێت کە ئەم شارە زیندووە و جووڵە و بووژاندنەوەی تێدایە."
 
بۆ کەمکردنەوەی قەرەباڵخیی نێو شار، کەرکووک پێویستی بە 8 پرد و بەرزە پردی هاوشێوە دەبێت. رێگریی هەندێک لایەن لە پەسندکردنی ماستەرپلانی کەرکووک، بووەتە بەربەستی سەرەکیی بەردەم پرۆژەکان.
 
رێبوار تەها، پارێزگاری کەرکووک دەڵێت: "کەرکووک ماستەرپلانەکەی هی ساڵی حەفتاکانە، بەداخەوە پێشتر کۆمپانیایەکی بیانی هەموو شتەکانی ئامادە کردووە و ئێستا لەلای جەنابی وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێ بوونە، کاک بەنگین لەم رۆژانە لە کۆبوونەوەیەکمان لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق گوتی، تورکمانەکان قبووڵ ناکەن و منیش دەمەوێت بزانم تورکمانەکان بۆ قبووڵ ناکەن لەسەر ماستەرپلانی شار، کە شارەکە
پێش دەخات و دەیبووژێنینەوە."
 
بەهۆی ناکۆکیی لایەنەکان، لەکۆی 16 ئەندام ئێستا 8 ئەندام ئامادەی دانیشتنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگا نابن و ئەمەش بەربەستی بەردەم پەسندکردنی ماستەرپلان یان هەر پرۆژەیەکی دیکەیە. 
 
دیزاینی ماستەرپلانی کەرکووک / بۆ 13 ساڵ ئامادەکراوە، شەش گەڕەکی نوێ  و 53 پرۆژەی خزمەتگوزاری دەچنە نێو ماستەرپلانەکە و لەبەر بایکۆتی بەرەی تورکمانی عێراق، پەسندکردنی راگیراوە. 
 
سەوسەن جەدووع، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگا (تورکمان) دەڵێت: "هیچ بۆچوون و بەشدارییەکی ئەندامانی بەرەی تورکمانی تێدا نییە لە دانانی ماستەرپلان، پێمان خۆش بوو بۆچوونی هەموو شارەزایانی پێکهاتەکانی کەرکووکی تێدا بووایە تاوەکو بۆ سوودی هەموو لایەنەکان بووایە نەک تەنیا سوودی بۆ یەک پێکهاتە بێت و پێکهاتەیەکی دیکە فەرامۆش بکرێت."
 
بەپێی ماستەرپلانی پێشنیازکراو، سێکانیان، گورگەچاڵ، شۆراو، بارووتخانە، سەنە گۆلی و حەی بەدر کە زۆرینە کوردین، دەچنە ناو سنووری شارەوانیی کەرکووک و ئەمەش هۆکاری ناڕەزایەتی بەرەی تورکمانییە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئەو کرێکارانە لە کارگەیەکدا خنکاون

لە ئیسفەهان 9 کرێکار بە گاز خنکان

بەڕێوەبەری گشتیی هۆبەی رووبەڕووبوونەوەی قەیرانی پارێزگای ئیسفەهان رایدەگەیێنێت، لە یەکێک لە کارگەکانی ئەو پارێزگایە 9 کرێکار بەهۆی دزەکردنی گازەوە گیانیان لەدەستداوە.