رووداو دیجیتاڵ
قایمقامی سلێمانی رایدەگەیێنێت، بەپێی یاسای تاپۆکردنی زەوییە زێدەڕۆکان، ساڵێک دانراوە بۆ زێدەڕۆکار بۆئەوەی داواکاری پێشکێشی یەکە ئیدارییەکان بکات بۆ بەدواداچوون و دواتر تاپۆکردنی زەوییەکەی بە مەرجی ئەوەی پێچەوانەی ماستەرپلان و ئەو رێکارانە نەبێت کە لە سنووری شارەوانییەکان پیادە دەکرێت.
ئاوات محەممەد، قایمقامی سلێمانی بە رووداوی راگەیاند، "بەپێی ئەم یاسایە [یاسای تاپۆکردنی زەوییە زێدەڕۆکان]، ساڵێکی داناوە بۆ زێدەڕۆکار بۆئەوەی لە ماوەی ساڵێکدا داواکاری پێشکێشی یەکە ئیدارییەکان بکات و چەند لیژنەیەک پێکدەهێندرێن بۆئەوەی بەدواداچوون بۆ زێدەڕۆییەکە بکات، تاوەکو رێوشوێنی پێویستی بۆ ئەنجام بدرێت، بۆئەوەی ئەو شوێنەی زێدەڕۆیی تێدا کردووەتە سەر خانوو یاخود شوێنی نیشتەجێبوونەکان تاپۆ بکرێن، بەڵام بە مەرجێک پێچەوانەی ماستەرپلان و هەموو ئەو رێکارانە نەبێت کە لە سنووری شارەوانییەکان پیادە دەکرێت".
قایمقامی سلێمانی ئاماژەی بەوەش کرد، لەناو سلێمانی و سنووری ناحیەکان زێدەڕۆکار دەبێت لە 09-09-2021 تاوەکو 09-09-2022 داواکارییەکەی پێشکێشی یەکە ئیدارییەکان بکات.
لەبارەی خانووەکانی تووەسپی ئاوات محەممەد باسی لەوە کرد، ئەوە "بەپێی فەرمانی وەزاریی وەزیری شارەوانی، دەبێت فەرمانگەی شارەوانییان بۆ دابمەزرێت و تیمێکی هونەری سەردانی ئەو شوێنە دەکەن و رووپێوییەکی تەواوی دەکەن؛ واقیع حاڵەکە هەڵدەگیرێتەوە و دواتر نەخشەیەکی بۆ دەکرێت و بەپێی ئەو نەخشەیە مامەڵە لەگەڵ ئەو شوێنانە دەکرێت کە هەیە".
سەبارەت بەوانەی کە زێدەڕۆییان کردووە، ئەگەر زەوییەکە خزمەتگوزاری بێت و یاساکەش بیگرێتەوە، قایمقامی سلێمانی گوتی، "لەناو یاساکەدا هاتووە 200 مەتر لە جێگەیەکی دی قەرەبوو دەکرێتەوە، ئەمەش ئەو شوێنانە دەگرێتەوە کە تاوەکو 31-12-2020 زێدەڕۆییان کردووە، لەدوای ئەو مێژووە، ئەو یاسایە نایگرێتەوە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ